دوو زۆنی دژ بەیەك لە هەرێم، نەخشەی داگیركەرانی كوردستانە

بڵێسە جەبار فەرمان


08/01/2023

ركابەرێتی  و پێشبڕكێ (مونافەسە) یەكێكە لە خەسڵەتی مرۆڤەكان، مرۆڤەكان بەگشتی حەز دەكەن لەوانەی تر باشتربن و دەركەوتووتربن.

بەسروشت حەزی باشتربوون و كێبڕكێ لە پیاودا زیاتر بەرجەستەیە تا لە ژندا. لە دێرزەمانەوە پیاوەكان هەوڵیان داوە بە زۆرانبازی و ئەسپسواری و تیرهاویشتن و چەندەها شێوازی تری جیاواز بەسەر ئەوانەی تردا سەركەون و براوەبن.

لە زۆرێك لە بوارەكاندا پێشبڕكێ سوودی زۆری هەیە و هاندانێكە بۆ زیاتر خۆماندووكردن و پێشكەوتنی تاكەكان.

ئەم جۆرە لە پێشبڕكێ لە قوتابخانە سەرەتاییەكاندا زۆر دەكرێت و بەوشێوەیە هانی خوێندكارەكان دەدرێت بۆ بەرەوپێشچوون.

پێشبڕكێ یەكێكە لەو بابەتانەی لە قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەریش دا هاتووە و بە خەسڵەتێكی باش ناودەهێنرێت و لەهەمانكاتیشدا لە خراپ بەكارهێنانی هۆشیاری دەدرێت.

منافەسە بێجگە لە نێوان تاكی مرۆڤەكاندا، لە نێوان خێڵ و دەڤەر و شارەكان و وڵاتەكانیش دا هەیە. ساڵانێكی زۆر پێشبركێیەكی توند لە نێوان ئەمریكا و یەكێتی سۆڤیەتدا هەبوو لە چوونە سەرمانگ و دروستكردنی مانگی دەستكرد، دروستكردنی چەكی بایەلۆجی و بوون بە بەهێزترین وڵاتی جیهان لە بەڕێوەبردنی  سیاسەت و ئابووری لە جیهاندا. ئەم كێبڕكێیە ئەوەندە توند بوو كە بە جەنگی سارد و جەنگی جیهانی سێیەم ناودەبرا.

پێشبركێیەكی زۆر لە نێوان وڵاتانی ئەوروپیدا هەبوو لە داگیركردن و ژێردەستكردنی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا. دواتر پێشبركێی پێشكەوتنی پیشەسازی و بەهێزكردنی ئابووری كەوتە نێوان وڵاتان. هەروەها منافەسەیەكی توند هەیە لە نێوان وڵاتانی جیهاندا لە رووی دروستكردنی چەكی پێشكەوتوو و بەهێزكردنی وڵاتەكانیان لە رووی سەربازییەوە و بەكارهێنانی وڵاتانی تر وەك گۆڕەپانی جەنگی خۆیان.

پێبڕكێكان گۆڕانكاری دێننە كایەوە، پێشبركێ و منافەسە، هندستان و پاكستانی كردە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و حیساب بۆ كراو لەلایەن وڵاتانی دونیاوە. واتا پێشبڕكێ لە نێوان مرۆڤەكان و خێڵ و وڵاتەكاندا هەمیشە هەبووە. ئەو پێشبركێیە دەكرێت باش و بەسوود بێت، هاندان بێت بۆ بەرەوپێشبردنی مرۆڤایەتی و دەشكرێت خراپ و تێكدەربێت و ببێتە هۆی دروستكردنی ترازان و ئاژاوە.

لە هەركام لەو روانەوە تەماشای بكەین واتا پێشبركێی باش یان خراپ، بۆتە هۆی بەهێزكردنی وڵاتەكان.

ئەگەر تەماشایەكی هەرێمی كوردستان بكەین، ئەوا دەبینین كە منافەسەیەكی توند لە نێوان شارەكاندا هەیە. هەر شارەو خۆی بە باشتر و كراوەتر و پێشكەوتووتر دەزانێت لە شارەكەی تر، بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە هیچیان هیچ ناكەن بۆ باشتربوون لەوەی تر، بەڵكو تەنها بە دوای بابەتێكدا دەگەڕێن بۆ ناشیرینكردنی یەكتری و بەوەش خۆ بە باشتر زانین، خۆ بە باش زانین لەسەر حسابی ناشیرینكردنی ئەوی تر، یاخود جوانیی خۆی لە ناشیرینی ئەوی تردا ببینێت.

ئەم لۆجیكە روونی دەكاتەوە هیچ داهێنانێكیان نییە كە ببێتە هۆی بردنەوە و پێشكەوتنیان لە  شارەكەی تر. ئەوەی هەیانە ناشیرینكردنی یەكترییە، بێئاگا لەوەی بەو شێوەیە كۆمەڵگەی كوردی و هەرێمەكە ناشیرین دەكەن. خۆیانیش لەناو ئەو چوارچێوەیەدا ناشیرین دەردەكەون.

پێشبركێی باشە و خراپە لە نێوانیان دا نییە. ئەگەر لە زۆنێك رووداوێك رووبدا، ئەوا بەرپرسان و میدیاكارانی زۆنەكەی تر تا دەتوانن نان و پیازی پێوە دەخۆن و كوردی وەتەنی دەیكەن بە فیلمی هندی.

ئەگەر لە زۆنێك رۆژنامەنووس بڕفێنرێت، ئەوا لەلایەن بووقی زۆنەكەی ترەوە دەكرێت بەهەڵا و بە مانشێت و چەندەها لایەنگری زۆنی ئەلیف وتاری لەسەر دەنووسن و لێدوانی لەسەر دەدەن و لە هەمانكاتدا سەرانە سەندن و كێشە بۆ سەرمایەداران لە زۆنەكەی خۆیان پەردەپۆش دەكەن.

لە شارێك لافاو هەڵدەستێ و شارەكەی تر پێی شاگەشكە دەبێ، یا بە پێچەوانەوە گەر ماڵێك بەهۆی گازەوە بتەقێتەوە.

ئەوەی لەم هەرێمە روو دەدات لە هیچ شوێنێك بەدی ناكرێت و مایەی خەم و سەرسوڕمانە. دوژمنەكانمان سیاسەتی پەرتكە و زاڵبەی لە نێوان كورددا بەكارهێناوە، ئەم سیاسەتە بەعس زۆر پەیڕەویدەكرد، كورد دیارە ئاگای لە خۆی نییە كە پیلانی داگیركەران پیادە دەكات، هەموومان دەزانین دوو زۆن لەیەك هەرێم نەخشەی داگیركەرانی كوردستانە.

ئیشكردن بەو نەفەسە هەر دەچێتە خزمەتی بێگانە. جیاوازیكردن لە نێوان دوو پارێزگا هەم دواكەوتووییە هەم خۆ ناشیرینكردنە لەچاو دەوروبەر و دۆست و دوژمن.

بەداخەوە خۆمان بە دەستی خۆمان خەونی دوژمنانمان لە ترازانی نێوانمان دێنینە دی.

چۆن وا بكرێت بە هەقیقی پێشبڕكێ دروستبكرێت لەسەر پایەی پێشكەوتن نەك یەكتر شكاندن. حكومڕانی باش گرەنتی ئەوە دەكات سیاسەتی خوار و خێچ پەیڕەو نەكرێت و سیاسەتی شەڕی باشترین و شەڕی نموونە پێشكەش بكرێت. منافەسەش گەر دروستببێت بچێتە خزمەتی پڕۆسەی گەشەكردنی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی لە كوردستان.

ململانێ بەرەو باشتر
ئەگەر بایەخ بە وەرزش بدرێت و پشتیوانی سەربەخۆی یانە وەرزشییەكان بدرێت پێشبڕكێ بە وەرزش دروست بێ حەماس و ژیاندۆستی زۆرتر دروست دەبێت.

یان لە بواری هونەر و موزیك و شانۆ پاڵپشتی هەبێت و فێستیڤاڵ ساڵانە یان ساڵی دوو جار دروست بكرێت كاریگەری پۆزەتیڤ لەسەر پەیوەندی و پێشكەوتن دروست ئەبێت.

بەڵام خەڵك مەشغوڵكردن بە شتی لابەلا و شارچێتی ناشارستانی، وەك بەشێك لە خزمەتكردن بە سیاسەتی نەیارەكانی كوردستان حساب دەكرێت. خۆ راستتر بڵێم ئەوە شەڕی بەوەكالەتە بۆ دوژمنانی كەلتور و زمان و ناسنامەی كوردستان.

دوژمنەكانی كورد لە كورد خۆی زیاتر سایكۆلۆژیای گشتی خەڵكەكەی دیراسەت دەكەن و دەزانن چۆنیان بوێت دەتوانن درز دروست بكەن، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا كە سۆشیال میدیا و كەناڵەكانی راگەیاندنی خێرا كاریگەریی خێرا لەسەر زاكیرەی گشتیی خەڵك دروستدەكەن.

قسەیەك لێرە و قسەیەك لەوێ، هەرای گەورەی لێ دروستدەبێت و شیكاری سیاسی و ئایینیش خۆیانی پێوە مەشغوڵ دەكەن. ئەم سەرقاڵكردنە بە كاری لابەلا توانای مرۆڤەكان بە شتی نا پێویست سەرف دەكرێت، ئینجا درز و كەلێن لە نێوان شار و مرۆڤەكانی یەك كۆمەڵگە زۆرتر دروستدەبێ.