كۆماری كوردستان لەكوێی رۆژمێرماندایە

سالار مەحمود


22/01/2023

حوكمڕانی كۆماری مهاباد گەرچی بەپێوانی كات كەم بەركار بوو، وەلێ وەك وەرچەرخانێكی سیاسی مەودای كاردانەوەی دورو درێژە، تا بە ئەمڕۆ دەگات. وەك گەرەكە لەسەر ئەو ئەزموونە شەن و كەو نەكراوە بۆ پەند وەرگرتن لەفاكتەرە دەرەكیەكان بۆ لەناوبردنی توانای ناوخۆیی. 

فەوتانی كۆمار پەیوەندی بە پیلانی نێودەوڵەتی ھەبوو بەپلەی یەكەم. لەو ساوە بۆ ئێستا دەرس لەو مێژووە وەرنەگیراوە. چەند وزەی ناوخۆیی گرنگە دواجار بۆ چارونووسی كورد بڕیار لەسەر مێزی دەرەوە دەدرێت. ئەمە بەو مانایە نا بوونی خود گرنگ نیە وەك ئاكتەرێكی كارا. بەڵام بۆ ھەلومەرجی كوردستان تایبەتمەندییەكەی ھەمیشە فاكتەری دەرەكی رۆڵی زۆرتر گێڕاوە.

بەھەر حاڵ رۆژی راگەیاندنی كۆماری كوردستان رۆژێكی دیرۆكیە. ئەزموونی تەنیا بەشێكی كوردستان نیە. وەك رۆژێكی نیشتمانی ئەبێت بخرێتە رۆژمێری فەرمیەوە.

پەرلەمانی كوردستان كارێكی باش دەكات بە رۆژێكی نیشتمانی بیناسێنێ.

جاڕدان بۆ بەفەرمی كردنی ئەم رۆژە نیشتمانیە. لە رەوتی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی كورددا خۆشدانێكی تر دروست دەكات و، لە بونیادنانی پایەكانی نیشتمانسازیدا دەتوانین سود لە دیوە جیاوازەكانی كۆماری كوردستان وەربگرین.

لە ٢٢ ی كانونی دووەمی ساڵی ١٩٤٦ قازی كۆماری كوردستانی راگەیاند. لەم رۆژەدا كەسایەتی قازی وەك سەركردەیەك كە گەردنی خۆی بۆ نەجاتی گەلەكەی كردە پەتەوە بەبیر دەھێنمەوە.

ھەم لە قازی و ھەم لە دەوران و رۆژی جاڕدانی كۆماردا دەست لەسەر تەوێڵی سەر دادەنێین و ئاوڕ لە قوڵایی مێژوو دەدەینەوە كە ئەم ھەموو ترسە لە بوونی قەوارەی دەوڵەتی و سەربەخۆیی نیشتمانی كورد بۆ؟.

ترس لەدیرۆك، یەكێتی نەتەوەیی و نیشتمانیی، لە كەلتورو مرۆڤی كورد بۆ؟.

لەبەرامبەردا بەرز راگرتنی ئەو نۆ مانگەی حوكمڕانی كۆمار وەك بەشێكی گرنگ لەتێكۆشانی یەكێتی نەتەوەیی و تێكۆشانی پێكەوەیی با ببێتە دەستمایەمان لە ۆرۆسەی وڵامدانەوەی داگیركەران و غەدری مێژوو لە خەڵك و خاكی كوردستان.