جیهان شەرمەزارە بەرامبەر ئەنفال و كیمیاباران


27/01/2023


جیھان لەبەرامبەر جینۆسایدی جولەكە
شەرمەزاریش لەبەرامبەر ئەنفال و كیمیاباران

رۆژی جیھانی یادكردنەوەی قوربانیانی جینۆسایدی ھۆلوكۆستە، نەتەوە یەكگرتوەكان لە رۆژی ١/٢٧ ھەموو ساڵێكی دەست نیشان كردوە بە رۆژی قوربانیانی جینۆسایدی ھۆلوكۆست.

نازیەكان و ھاوپەیمانەكانی شەش ملیۆن مرۆڤیان كۆمەڵكوژ كرد.

ساڵی ٢٠٠٥ لە دانیشتنی ژمارە ٤٢ دا نەتەوە یەكگرتوەكان بڕیاریدا ئەم رۆژە دابنرێ. لەناو بڕیارەكەدا جەخت لە بەگژاچوونەوەی تاوانی نێودەوڵەتی و جینۆساید دەكاتەوە لەگەڵ ھەموو جۆرە تاوانێك كە ئاسایشی مرۆڤایەتی بخاتە مەترسیەوە.

لەناو بڕیارەكەدا باس لەو شۆكە گەورەیە دەكات كە جیھان و مرۆڤایەتی لە ئەنجامی كۆمەڵكوژی جولەكەكان تووشی ھات. كاریگەریەكانی ئەو رووداوانە ھێشتا لەسەر ژیان و مرۆڤایەتی بەردەوامە. ئەم بڕیارە ھەنگاوێكی باشە. 

كۆمەڵی نێودەوڵەتی ئێستاش و لەداھاتووش كار لەسەر سڕینەوەی ئاسەواری ئەو تاوانی ھۆلوكۆست دەكەن، پشتیوانی فیلم و ھونەرو شانۆ دەكەن تایبەت بەو پرسە. رێز لە قوربانیەكان و كەلوپەلیان دەگرن بە سەدان موزەخانەو مۆنۆمێنتیان بۆ دروست كردون. بەشێكت زۆری ئەو كارانە بە بودجەی نەتەوە یەكگرتوەكان دەكرێت و كارێكی باشە. بەڵام نابێ گەلی كوردستان و رای گشتی جیھانی ئەو راستیە فەرامۆش بكەن كە بەبەرچاوی نەتەوە یەكگرتوەكان و زلھێزەكانی دونیاوە، دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ لەجینۆسایدی ھۆلوكۆست، جینۆسایدی ئەنفال و كیمیابارانی ھەڵەبجە روویاندا. ئەو رێكخراوە جیھانیە تەنانەت بەیاننامەیەكی نیگەرانیشیان دەرنەكرد. جگە  لەوەش ئەم رۆژە لە ساڵی ٢٠٠٥ دیاریكراوە. بەڵام لە دوای نۆ ساڵ لەم بڕیارە، تاوانی شەنگال و جینۆسایدی ئیزیدیەكان روویاندا. واتە كۆمەڵی نێودەوڵەتی ھێشتا نەیانتوانیوە كورد بپارێزێت لە مەترسی جینۆسایدو لەناوچوون.

كورد گەرەكە دەرس لە رابردوو وەرگرێ، ئاوڕ لەبرینەكانی خۆی بداتەوە. ئەگەر دونیا شەرم لە دۆزی خوێناوی گەلەكەمان ناكەنەوەو بەرژەوەندی بەرچاوی گرتوون، با حوكمڕانی كوردستان بەرژەوەندی كەسی و لابەلاو خۆویستی بەرچاویان تەنگ نەكات و ئاوڕێك لە دۆزی جینۆسایدی كوردستان بدەنەوە وەك ستراتیژ لێی بڕوانن. 

كورد تاوەكو جینۆسایدی خۆی نەكاتە ئەركی لەپێشینەو ھەموو رۆژێ قوربانیەكان و رووداوە تاڵەكان و ئازاری كچانی ئیزیدی و مناڵەكانی گەرمیان ئەوانەی ھێشتا لەژێر لمی بیابانەكانن نەكاتە پێشینەی كارو ئەرك و پلانی نیشتمانسازیی و حوكمڕانی. ھەر باری قورستر بەسەر گەلە ستەم دیدەكەماندا دێت. ئەو ستەمەی لە ئەنجامی خۆخۆریی و خۆویستی خۆییەوە ئەنجام ئەدرێ ئازاربەخشترە لە ستەمی نەتەوە یەكگرتوەكان و كۆمەڵی نێودەوڵەتی لە گەلە چەندین جار جینۆساید كراوەكەمان.

لەم رۆژەدا جیھان شەرمەزارە بەرامبەر بەگەلی كوردو قوربانیەكانی.
بێجێی نابێ بڵێم گەندەڵكارو ھەلپەرستەكانی ناوخۆ شەرمەزاریان كەمتر نیە لە شەرمەزاری جیھانی.

سالار مەحمود