ھەمواركردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵی دژی نەتەوەكەمان بوو

بڵێسە جەبار فەرمان


27/01/2023

لەم بابەتەم بۆچوونی خۆمە وەكو ئەندام پەرلەمانێكی پێشوی عیراق دوور لە پلەی و ئینتیمای حزبی.

ھیوادارم وەكو خۆی خوێندنەوەی بۆ بكرێت و لە بەرژەوەندی یا لە دژی ھیچ لایەنێك بەكار نەھێنرێت.

زۆر لەسەر بابەتی یاسایی بوون و نەبوونی داگای فیدراڵی وتراو نوسرا.

لێرەدا نامەوێ بچمە ناو وردەكاری روداوەكان.

لە دەستوری عێراق دا سەبارەت بە شێواز و رێژەی دەنگدان چەند دەستەواژەیەك ھاتوون لەوانەش دەستەواژەی زۆرینەو زۆرینەی رەھاو سێ بەشی رێژەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران.

ھەموو ئەو ماددەو بڕگانەی كە رەھەندی نشتیمانییان ھەیە، دەبێت كۆدەنگی لەسەربێت و بە زۆرینەی ٣/٤ دەنگیان بۆ بدرێت.

یاسای دادگای فیدراڵی یەكێكە لەو یاسایانەی رەھەندی نشتیمانی ھەیە.

دەنگدان لەسەر ئەم یاسایە پێویستی بە ٢٤٥ ئەندامی پەرلەمانە.

ئەم یاسایە لەخولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران كێشەی زۆری لەسەربوو بەتایبەتی ٣ ماددەی یاساكەو كۆدەنگی و ئەو ژمارەیە لە ئەندامانی پەرلەمان كۆنەدەبوونەوە، ھەربۆیە ئەم یاسایە بە درێژایی ٣ خولی پێشووتری پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ نەكرا.

بەھۆی كۆچی دوایی چەند ئەندامێكی دادگای فیدرالی و خانەنشین بوونی ھەندێكی تریان، رێژەی ئەندامانی ئەم دادگایە كەم بوو بۆوە بەوھۆیەوە لەكاركەوتبوو.

ھەروەھا كێشەكانی شێوازی ھەڵبژاردن و ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان و بوونی حكومەت بە حكومەتێكی كاربەڕێكەر وای دەخواست ئەم یاسایە لە خولی چوارەمی پەرلەمان دەر بكرێت.

ھەندێك لە كوتلەكان وەك دۆزینەوەی رێگا چارەسەرێكی شەرعی ھەستان بە كاركردن بۆ ھەمواركردنەوەی ئەو یاساكۆنەی كە  لە حكومەتەی ئنتیقالی برێمەر دەرچووە بوو.

بەپێی ماددەی ٥٩ بۆ ھەمواركردنەوەی یاسا پێویست بە ٣/٤ی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ناكات و دەكرێت بە زۆرینەی رەھای ئامادەبوانی دانیشتنی پەرلەمان تێبپەرێنرێت.

ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی لە ١٨/٣/٢٠٢١ یاسای دادگای فیدرالی بە ئامادەبوونی ٢٠٤ ئەندام پەرلەمان و بە دەنگی زۆرینەی ئەم ڕێژەیە تێبپەرێت.

بەشێكی زۆرمان لەگەڵ ئەوەبووین ئەم ھەمواركردنەوەیە دەبێت بە زۆرینەی ٣/٤ بێت. پێمان وابوو لە ئەگەری تێپەڕاندنی ئەم ھەمواركردنەوەیە بە زۆرینەی رەھا دەرگا بۆ ھەموواركردنەوەی ھەموو یاسا گرنگ و چارەنوسسازەكانی تردەكاتەوە كە بە ھەمان شێوە تێبپەرێنرێن.

ھەمواركردنەوەی یاسای دادگای فیدرال ھیچ لە بەرژەوەندی میـللەتەكەمان نەبوو وە بگرە لە شێوازی نوسینووەی مادەكانی زۆر دژ بە پێگەی ھەرێمە.

لە ھەمواركردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵی پارتی دیموكراتی كوردستان و گۆڕان و یەكگرتوو بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد و بەشێكی زۆری ئەندامانی یەكێتی بە پێچەوانەی بڕیاری فراكسیۆن بەژداری دانیشتنەكە نەبوون و بایكۆتیان كرد، چونكە لەو بڕوایە بووین لە دژی ھەرێم و پێگەی ھەرێمەو یاسایەكی چارەنوسسازە و چارەنوسی نەوەكانی داھاتووی پێوە وابەستەیە.