ڕووداوی سروشتی و كارەساتی لێدوان بەناوی خواوە

ئەبوبەكر كاروانی


07/02/2023

بەداخەوە زۆرجار و لای ھەندێ كەس، ڕوودانی كارەساتی سروشتی و لەوانەش بوومەلەرزە، بە غەزەبلێگرتنی خوا لێكدەدرێتەوە؟! كە بە بڕوای ئێمە ئەم جۆرە بیركردنەوە دەچێتە چوارچێوەی لێدوان بەناوی خوای گەورەوە، تەنانەت بەدەر لە تۆمەتباركردنی نیازی ھیچ كەس، شتی ناەوا دانە پاڵی!

لەو سۆنگەوە كەس مافی لێدوانی بەناوی خواوە نییە. كەرەسەی پەیوەندیكردنی بە خواشەوە لەبەردەست نییە، تا جورئەتی ئەوە بەخۆی بدات بەناوی ئەوەوە لێدوان بدات. لەكاتێكدا ئێمە لەچاخی دوای ھاتنی دوایەمین پێغەمبەری خوادا (د.خ) دەژین.

تێگەیشتنی ھیچ كەسێك بۆ دەقی خوایی و لێكدانەوەی بۆ ڕووداوێكی دیاریكراو لەو چوارچێوەدا، ھەرچەند زانا بێت، بەحوكمی مەحكومبوونی بە كات و شوێن و سنورداری عەقڵ و پێشگریمانەكانی تێگەیشتن، یەكسان نییە بە بڕیار و مەبەستی پەروەردگار. ئەمەی پێشەوە لە ڕوانگەی ئیسلامییەوە ھاوشێوەی بەڵگە نەویستە. وێنایەكی لەم جۆرەش بۆ خوا ئەخلاقی و فیتری نییە. ڕەنگدانەوەی ناسینی خودا نییە لە ڕوانگەی ناوە پیرۆزەكانییەوە.

لەڕاستیشدا دەبووا دەمێك بێت، لەوە بووبینەوە، كە خوای گەورە لەڕێی كۆمەڵێ ڕێسای چەسپاوەوە سروشت و گەردوون و ژیان بەڕێوەدەبات، لەوانەش ئەو ئەستێرەی خۆمانی تێدا دەژین. ڕێساگەلێك كە قابیلی لێكتێگەیشتن و دۆزینەوەوو ناسینی جۆری كاركردنیانن، زانستی نوێش ھەرئەوەی كردووە، چونكە ئەم جۆرە وێناكردنەی خواو بەستنەوەی بەو ڕووداوە سروشتیانەی دەستی مرۆڤیان تێدا نییە، ئاماژەیە بە لاوازییەكی كوشندەی ھوشیاری سوننەنی لەناو بەشێ لە ناوەندە دینییەكەدا. ئەوەش ڕەنگدانەوەی خراپی لێدەكەوێتەوە لەوانەش:

 ١- خراپەدان پاڵ خوای میھرەبان و شێواندنی شێوەی خۆنیشاندان و دەسەڵات و گەورەیی خۆی خستنەڕوو بۆ بەندەكانی.

٢- كەمكردنەوەی ھەستی ھاوسۆزی لەگەڵ كارەساتبارەكان، بەحوكمی ئەوەی، ئەو جۆرە لێكدانەوە لە قوربانی و لێقەوماوەوە، دەیانكات بە تاوانبار و سزادراوی  تورەیی خوای گەورە!! 

٣-  تێنەگەیشتنە لەو ڕاستیەی كە خودا لەم دنیایەدا  سزای ھیچ كەس لەسەر باوەڕنەھێنان و گوناھكردن نادات لێپرسینەوەی لەو شتانە بۆ ڕۆژی دووایی ھەڵگرتووە.  
ھەربۆیە ئەگەر لەڕواڵەتدا سزایەكی لەو جۆرە ھەبێت و ھەستیپێبكرێت، بەھۆی سەرپێچیكردنی مرۆڤەكانەوەیە لە ڕێساو سووننەتەكانی خوای گەورە لە بووندا. بۆ نموونە بەھۆی چاوچنۆكی و بە نائەخلاقی بەكارھێنانی سەرچاوە سروشتیەكان لەلایەن مرۆڤەوە، كێشە بۆ بەرگە ھەوا دروست بێت، پلەی گەرمی بەرزببێتەوەو ژینگەی سروشتی بەرەو وێرانی بچێت و ھەل و مەرجەكانی ژیانكردنی مرۆڤ بەرەو نەمان بچێت، یاخود توغیان و خۆ بەخوا بینینی مرۆڤ بگاتە ئاستێ بە چەكی كۆكوژو ھاوشێوەكانی بڕیاری خۆكوژی بدات.

بۆیە ھیوادارم ئەم ھوشیاریە دینییە شێواوە درێژەی نەبێت چونكە یەكێ لە وەزیفە ھەرە گەورەكانی دین، بەزیندووھێشتنەوەی ویژدان و ھاوسۆزی لەگەڵ خەڵكی لێقەوماو و بەھاناوەچوونیان و تەقاندنەوەی سەرچاوەی ھەست بە برایەتی دینی و نەتەوەیی و ئینسانییە. ھەوڵدانە بۆ كەمكردنەوەی غەم و پەژارەی ئازار چەشتووەكان و دڵدانەوەیان و ئومێدەواركردنیان بە سۆز و میھرەبانی و كۆمەكی پەروەردگار. بۆیە كاتی ئەوە ھاتووە لە پێغەمبەرەوە زیاتر فێربین كاتێك دەفەرموێت (شایەتی دەدەم كە بەندەكانی خودا ھەموویان بران) چونكە لە بنەرەتدا ھاوباوان و كوڕ و كچی یەك بنەماڵەی مرۆڤایەتی ھاوبەشن، لەسەر بناغەی ئەو فەرموودەش كە دەفەرمووێت دراوسێی موسوڵمان و خزم، سێ مافی بەسەرتەوەھەیە: مافی موسوڵمان بوون و خزمبوون و دراوسێیەتی. خۆ ئەگەر ناموسوڵمان و ناخزم بێت مافی دراوسێیەتی لە شوێنی خۆی دەمێنێت.

 زۆرینەی قوربانیانی بوومەلەرزەكەی ئەم جارەش لە توركیاو سوریاو كوردستانی باكوور و ڕۆژئاوا، مافی كوردبوون و موسوڵمانبوون و مرۆڤبوون و دراوسێیەتیشیان بەسەرمانەوە ھەیە.ئەوانەی كوردیش نین سێ مافەكەی تر و ناموسوڵمانەكانیش لە ئینسانییەتدا براو لەڕووی جوگرافیشەوە دراوسێمانن و ئەو دوو مافەیان پارێزراوە.