گرنگ و نوێ: کوردستانی گەورە و بومەلەرزە

لوقمان حەوێز


08/02/2023

هەروەکو لە نەخشەکەدا بە وردی دیارە کە هی دەزگای ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریکیە USGS و بەستەرەکەشم لە کۆمێنت داناوە، هەردوو پلێتی تەکتۆنی عەرەبی و ئۆڕاسیا ڕێک لەناو خاکی کوردستانی گەورە بەیەکتر دەگەن و بەسەر یەکتردا هەڵدەخلیسکێن هەر لە سەروی کەنداوی عەرەبی و نێوان سنوری هەردوو کوردستانی باشور لەگەڵ کوردستانی ڕۆژهەڵات و باکور تاوەکو کەنارەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا لەسەر دەریای ناوەڕاست، تکایە مەڵێن کورد نەگبەتە چونکە ئەم جوڵەیە و بەیەکگەیشتنە هی ئەمڕۆ نیە و ملیۆنەها ساڵە بەڕێوەیە پێش‌ ئەوەی مرۆڤ لەسەر هەسارەکەمان سەرهەڵبدات هەبووە و دەستی پێکردوە، لەم بەیەکگەیشتنە پلێتی عەرەبی دەجوڵێت و بەرەو باکوری ڕۆژهەڵات دێت و پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر پلێتی ئۆڕاسیا...
ئەم جوڵەیە کە زۆر زۆر لەسەرخۆیە دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی لەسەر پلێته تەکتۆنەکانی قوڵایی زەوی کە بەسەر یەکتردا دەجوڵێن، بەزۆریش بەدەیەها ساڵ ئەو گرژیە کۆدەبێتەوە و لەناکاو لەسەر ڕوبەرێکی ئەو هێڵی بەیەکگەیشتنە لە قوڵایی 10 بۆ 30 کیلۆمەتر گرژیەکە خاڵی دەبێتەوە و پلیتەکان بەسەر یەکتردا دەخزن، لەو ناوچەیەش لەو کاتەدا لەسەر زەوی بومەلەرزە دروست دەبێت و ئەو شوێنی خاڵیبوونەوەی گرژیە کە چەندەها کیلۆمەتر لە قوڵایی ژێر زەویە دەبێتە چەقی بومەلەرزەکە...
بۆیە ناوچە نزیکەکانی سەر ئەو هێڵی بەیەکگەیشتی ئەو دوو پلێتە بەناوچەی زیلزالی یان بومەلەرزەیی دادەنرێن، واتە ئەگەری ڕوودانی بومەلەرزە تیایاندا زۆر زۆر بەرزترە لە هەموو شوێنەکانی تر، دەشێت ئەو بومەلەرزانە زۆربەیان بچوک بن وبەردەوام ڕووبدەن کە تەنیا بەئامێری پێوانە سایزمیکیەکان لەسەر زەوی پێوانە دەکرێن، بەڵام بەهۆی پێکهاتەی ئاڵۆزی ئەو پلێتانە لەو قوڵاییە زۆرە لە هەندێک شوێنی ئەو بەیەکگەیشتنە گرژیەکان گەلێک زۆر دەبن و دەیەها ساڵ یان سەدەها ساڵ جارێک خاو دەبنەوە و بومەلەرزەی زۆر گەورە و وێرانکەر دروست دەکەن وەک ئەوەی دوێنێ و پێرێ ڕوویدا...
چی بکرێت باشە..؟
دیارە ئێمەی مرۆڤ هێشتا نەگەیشتووین بەئاستێک بتوانین هێزە سروشتیە گەورەکان کۆنتڕۆڵ بکەین یان بە کاریگەری دەستکاریان بکەین وەکو بومەلەرزە وزریانە گەورەکان وخۆڵ بارینەکان بۆ نمونە، بۆیە بۆ بەرەنگاری بوونەوەی بومەلەرزە و خۆپاراستن لێی هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کۆدی بیناسازی واتە چۆنیەتی دروستکردنی خانووەکان و باڵەخانەکان لەو ناوچانە بەجۆرێک بێت تا ڕادەیەکی زۆر بتوانێت بەرگەی هێز و جوڵەی بومەلەرزە مامناوەندیەکان و گەورەکانیش بگرێت، ئەم کارە زۆر بەسەرکەوتوویی ئەنجام دراوە لە هەندێک ووڵات و ناوچەی جیهان کە کەوتوونەتە سەر ئەو هێڵی بەیەکگەیشتنی تەکتۆنانە وەکو ووڵاتی ژاپۆن و ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمەریکا، بێ گومان هەنگاوی دووەم بوونی تیمی فریاگوزاری تایبەتە بەکەل وپەل وئامێری پێویست بۆ یارمەتیدان لە فریاگوزاری و ڕزگارکردن، جگە لەم دوو خاڵەش بێ گومان بوونی سەنتەری زیلزالی لەو ناوچانە زۆر پێویستن بۆ بەردەوام چاودێریکردنی چالاکیە سایزمیکیەکانی قوڵایی زەوی و جوڵەی ئەو پلێتە تەکتۆنیانە...

 

 لوقمان حەوێز - ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسانی تێکساس