بۆ وەزیری پەروەردە، سەرنج و پێشنیار

هیوا زێڕە


18/03/2023

- ئامانجی پەروەردەی ئێمە چییە؟
- خوێندکار لەم ڕۆژگارەدا پێویستە فێری چ زانستێک ببێت؟
- کاتی گۆڕینی پڕۆگرامی کۆمپیوتەر نەهاتووە؟
- سەردەمی خوێندنی بابەتی کۆمپیتەر لە بەشەکانی کۆمپیتەر و ناساندنی بەرنامەکانی مایکرۆسۆفت وۆرد و ئێگزڵ تەواو نەبێت؟
- وانەیەک هەیە کاری لەسەر بکەین بۆ ئەوەی داهاتووی نەوەکانی دواڕۆژی لەسەر بنیاتبنێین؟
- کاتی ئەوە نییە ڕۆشنبیری بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بچێتە ناو پڕۆگرانی خوێندنەوە؟

ئامانجی پەروەردە ئامادەکردنی تاکە بۆ ناو کۆمەڵگە و ژیان. تەکنەلۆژیا و میدیا لە ئێستەدا دنیایان تەنیوە، بە جۆرێک هیچ تاکێک نییە کە بەرکەوتەی نەبێت و بەکاریهێنەریان نەبێت. هەڵبەتە تاکەکانی ئێمە هۆشیاری بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا شیان نییە چ جای بگاتە کارکردن لەسەر تەکنەلۆژیا!

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن لە دوای سەرهەڵدانی کۆڕۆناوە گەشەسەندنێکی گەورە لە بواری تەکنەلۆژیادا ڕوویدا بە جۆرێک تەکنەلۆژیا ڕیزبەندی دووەمی گرتووە لە ئاستی بازرگانی جیهانیدا لە دوای نەوت. لە ئێستە وڵاتە زلهێزەکانی جیهان دەکۆشن لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئاستی تەکنەلۆژی لە وڵاتەکانیاندا و لە سیستمی خوێندنی قوتابخانەکاندا جێگیریان کردووە و پڕۆگرامی تایبەتی بۆ ئامادەکراوە.

دیارترین ئەو وڵاتانەی کە گرنگییەکی زۆر بە بابەتی تەکنەلۆژیا دەدەن لە مەنهەجە فێرکارییەکانی خوێندیاندا بریتین لە:  کۆریای باشور، ئیسڕائیل، سەنگافورە،ئەمریکا، ئەڵمانیا، یابان، مالیزیا، ڕوسیا، چین، سوید، بەریتانیا، نۆرویژ و هتد. بە جۆرێک دوای شەڕی ١٩٦٠ کۆریای باشور لە هەرە هەژارترین نەتەوەکان بوو، بەڵام ئێستە هەر کە باسی کۆریای باشور دەکرێت ڕاستەوخۆ خەیاڵت بۆ لای دوو شت دەچێت: موبایل و سەیارە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بینیمان دەستەیەکی باش لە گەنجانی هەرێمەکەمان کار لە بواری تەکنەلۆژیادا دەکەن، ئەمما دەستکەوتیشیان زۆر باش بووە، لە کاتێکدا لەوەیە باگراوەندێکی باشی مەعریفیان لە بوارەکەدا نەبوبێت، جگە لە ویست و ئارەزووی تاکەکەسیان کە خۆیان بونە هۆکاری فێرکردنی خۆیان. بوونی بەشی کۆمپیوتەر لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا زامنی ئەو کارامەییەیان ناکات، لە کاتێکدا دەشێت فێرخواز کە لە ئاستی بەرایدایە وەکو دیڤڵۆپەر کار لە پڕۆگرامەکاندا بکات و ئاشنایان ببن.

ئەو پڕۆگرامەیەی کە ئێستە لە قوتابخانەکان دەخوێندرێت بە حکومی و تایبەتەوە زەمینەساز نییە بۆ بەرەوپێشبردنی توانستە زانستی و مەعریفەیەکانی خوێندکار، هاوکات دەروەستی توانای زۆرێک لە خوێندکاران ناکات، لە دیدی منەوە ئەم پڕۆگرامە بۆ ١٢ ساڵ بە لە ئێستە شیاو بوو، بەڵام ئێستە کاتی ئەوە نەماوە خوێندکار فێری دیسکتۆپ و بەشەکانی بکرێت.

لەوە خراپتر سیستمی هەڵسەنگاندنە بۆ ئەم پڕۆگرامە کە بە تەواوی دژوەستاوی یەکترن، بە جۆرێک خوێندکار دەبێت پێناسەی بەشەکانی کۆمپیتەری لەبەر بێت و فرمانەکانیان بزانێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی فێربوونی خوێندکار لە کۆمپیوتەردا! بۆ هەڵسەنگاندنی کۆمپیوتەر تیۆری بێت؟
ئەمە وەکو ئەوە وایە من بە خوێندکارەکانم بڵێم فێری پایسکیل لێخوڕینتان دەکەم بەم جۆرە: پایسکیل لە تەنێکی ڕەقی شێوە ئاسۆیی پێکدێت، کە لە ڕێگەی دوو ویلی بازنەییەوە بە گۆشەی ٣٦٠ هاوسەنگ ڕادەوەستن کە یارمەتیدەرن لە وەگەڕخستنی ڕۆیشتنی پایسکیلەکەوە بە هاوکاری بزوێنەری پایسکیلەکەوە. ئەم پێناسەیەی من چەند هاوکاری خوێندکارێک دەکات بۆ فێربونی لێخوڕینی پایسکیل، هەڵسەنگاندنی
وانەی کۆمپیوتەریش هەر ئەوەندە!

بە هۆی ئاشنابونی فێرخواز بە تەکنەلۆژیای سەردەمەوە بە هۆکاری زۆری بەکارهێنانی ئینتەرنێتەوە بەشێکی زۆر لە فێرخوازان ئاشنای دنیای تەکنەلۆژیا بوون، ئەمما ئێستە پێویستییان بە مامۆستا و ڕێبەرێکە کە هاوکارییان بکات لە بەکارهێنان و فێربوونی پڕۆگرامە سەردەمییەکان.

  ئەگەر ویستمان هەیە نەوەکانی داهاتوومان هاوتای نەوەی گەلانی تر بکەین و لەسەر ڕێچکەیەکی مۆدێرن ئاڕاستەیان بکەین بە ئامانجی درووستکردنێکی تاکێکی کاریگەر و سودمەند بۆ کۆمەڵگە، پێویستە دەروەستەی گۆڕانکاری بەردەوام و بەرۆکگیری نوێ ببین. پێشنیار بۆ بەڕێزتان دەکەم کە گرینگی ئەوتۆ بدەن بە تەکنەلۆژیا و دنیای ڕۆبۆتینگ ئەویش لە ڕێگەی: گۆڕینی پڕۆگرام، ڕاهێنانی مامۆستایان، دابینکردنی کەرەستەی بەردەست بۆ خوێندکاران.