ھەرێم دوای پەسەندكردنی بودجە

مەریوان عەبدوڵا


12/06/2023


 
لەوە گەڕێن بودجە پەسەندكراوەكەی عێراق بەشێكی زۆری داواكاری و خواستەكانی كوردی تێدا جێنەكراوەتەوە و دەبوو باشتربێت لەوەی كە ئێستا ھەیە، بەڵام ئەگەر بە چاویلكەی دەساڵی رابردووی كێشەو قەیرانی تاقەت پڕووكێنەكانی ھەرێم تەماشای بكەین ئەوكات تێدەگەین سەرباری كەلێن و كەموكورتییەكانی بودجەكە، كە بۆ سێ ساڵی داھاتووە ھیوایەكە بۆ بوژانەوەی ژیانی فەرمانبەران و بەگشتی ھاوڵاتیانی ھەرێمی كوردستان و گەڕانەوە بۆ ساڵانی پێش قەیرانی دارایی یان راستتر بڵێم گەڕانەوە بۆ ژیانی ساڵانی خۆش گوزەرانی ، ئەو كاتەی كە دابەشكردنی مووچە ھەواڵی گەرمی میدیاكانی ھەرێم نەبوو پێشینەی خانووبەرە و ھاوسەرگیرو پڕۆژەی گەورەو بچووك مافێكی بچوكی خەڵك بوو ، پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە شارو شارۆچكەكان بێ گرفت جێبەجێ دەكران و كارو كاسپی خەڵك بێ گرفت و بەگشتی زۆرینەی خەڵك لەخۆشیدا دەژیان . 

راستە بودجەی پەسەندكراوی عێراق كە بۆساڵانی(2023-2024-2025) ە بەڕادەیەكی زۆر خواستەكانی كوردی وەك پێویست تێدا جێ نەكراوەتەوە و نادادپەروەرییەكی زۆری تێدایە لە دابەشكردن و دابینكردنی بودجە بۆ ھەموو گەلی عێراق بەشێوەیەكی بەیەكسان ، ھەرچەندە بەشێك لە پەرلەمانتارانی كورد ھەوڵی زۆریاندا بۆ جێكردنەوەی مافەكانی كورد لە بودجەدا بەڵام وادیارە لەم دەستبادان و ژینگە شێواوەی عێراق و پێگەی لاوازی كورد لە بەغداد ھەر ئەوەندەیان پێ كرا رەنگە چنگە كڕێی ئەوان نەبوایە ئەوەش نەدەكرا ، لەوەگەڕێین ئەوە تازە بوو بە بەشێك لە رابروو ئەوەی ئێستا گرنگە پابەندبوونی ھەردوو حكومەتی  فیدڕاڵی و ھەرێمە بەجێبەجێكردنی ھەموو بڕگەكانی بودجەكە بۆ ئەوەی بەبێ سەر ئێشەو بێنەو بەردە لەمەودوا بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت و ھیچ لایەك سەرئێشە دروست نەكات . 

ئەگەر وەك ئەوەی پەسەندكراوە بەشە بودجەی ھەرێم بەبێ گرفت رەوانە بكرێت بەدڵنیایی گۆڕانكارییەكی گەورەو ریشەیی لە ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان و فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان دێتە ئاراوە و كۆتایی دێت بەو سەدان قەیران و گرفتانەی كە خەڵك ساڵانێكە بە دەستییەوە گیرۆدە بووە ، كێشە گەلێك كە جگە لە ژیانی بەرپرسان و دەست رۆیشتووەكان بەتەواوی ژیانی ژیانی خەڵكی بەگشتی ھەرەسان كردووە ، ھەرچۆنێك بێت ئەوەی رۆیشت تێپەڕی ئێستا كاتی ئەوەیە خەڵك كەمێك بەئارامی و دوور لەو ھەموو قەیران و كێشانە بژی و تۆسقاڵێك ھەست بە خۆشی و ئارامی بكات . 

خەڵكی ھەرێمی كوردستان نزیكەی دە ساڵە باجی سیاسەتی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت و دەستبادانی بەشێك لە بەرپرسانی  ھەرێم دەدات لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دوای ئەو ھەموو ساڵە بینیمان ھەرێم بە ناچاری گەڕایەوە بۆ سەر سفرەو بەڕەی بەغدادو بەھەموو داواكارییەكانی قایل بوو ، پاش ئەم ھەموو مێووژ تەڕبوونەش ئێستا كاتی ئەوەیە بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو تاقە پەنجەرەیەدا دەكەین كە بەغداد بەڕووی ھەرێمدا خستوویەتیە سەر پشت ، گرنگە پەند لەھەڵەكانی رابردوو وەربگرین و جارێكی دیكە سەكێشی و ریسك بە ژیان و گوزەرانی میلەتەكەمانەوە نەكەین و لێ گەڕین بۆ لەمەودوا كەمێك بەبێ كێشەو قەیران بژین