هەژماری بانكی لە ئەسڵی پڕۆژەیاسای بودجەی حكومەت چۆن بوو؟

ئامانج ڕەحیم


21/06/2023



لە پڕۆژە یاسای بودجە كە لە حكومەتەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران كرا و زادەی رێككەوتنی هاوبەشی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا بوو، تەنیا یەك هەژماری بانكی هەبوو، ئەویش بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پارەی فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستانی تێدا ئیداع دەكرا و بەشەبودجەی هەرێمی كوردستانیش، بە رێگەی (مقاصە) پاكتاوی داهاتی نەوت و بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان دەكرا. هەر زووش بانكی ناوەندیی عێراق بە نووسراویان ژمارە 3004 لە 27-4-2023 رازی بوون كە تەنیا یەك هەژماری بانكی هەبێت و بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بێت.
 
ئەنجوومەنی نوێنەران چۆن ماددەی 13ـی گۆڕی و چی لەو هەژمارە بانكیەی هەرێمی كوردستان كرد؟
 
ئەنجوومەنی نوێنەران سەرلەبەری پڕۆژەكەی حكومەتی گۆڕی و بەگوێرەی مادەی 13 لە یاسای بودجەی عێراق كە ئێستا لە سەرۆكایەتیی كۆمارە، دوو هەژماری بانكی دەكرێنەوە لە جیاتی یەك دانە و بەمشێوەیەی خوارەوە دەنگی لەسەر درا:
 
هەژماری بانكیی یەكەم لە مادەی 13ـی پەسندكراو، حسابی داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانە چ بە هەناردەكردنی بێت یان ساخكردنەوەی لە بازاڕی نێوخۆیی، ئەگەر هەناردەنەكرا.
 
ئەم هەژمارەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە بانكی نێوخۆیی عێراقی لە بانكی ناوەندیی عێراق دەكرێتەوە بۆ ئیداعكردنی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان و نابێت هیچ بڕە پارەیەكی لێ گلبدرێتەوە یان مقاصەی لەسەر ئەنجام بدرێت، تەنانەت نابێت پارەی هەقدەستی كۆمپانیا نەوتییەكان و خەرجیی گواستنەوەشی لێ بدرێت، لە بەرامبەردا سەرجەم هەژمارەكانی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەخرێن لەناویشیاندا هەژماری (Citibank) كە تاوەكو 25-03-2023 داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەو بانكە نێودەوڵەتییە گلدەدرایەوە.
 
ئەو هەژمارە بانكییەی مادەی 13ی یاسای بودجە بەناوی وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت و تەنیا وەزارەتی دارایی عێراقیش دەسەڵاتی لەسەر ئەو هەژمارە بانكییە دەبێت، هەرێمی كوردستان هیچ دەسەڵاتێكی لەسەر ئەو هەژمارە بانكییە نییە و داهاتی نەوتی دانراوی نێویشی دەبێتە داهاتی كۆتایی بۆ گەنجینەی گشتیی عێراق و هیچ بڕە پارەیەكیشی لێ داناشكێندرێت.
 
داهاتی فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل رۆژانەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ساڵێكدا چەندە؟
 
داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی كوردستان (بەبێ داشكاندنی خەرجییەكان) ئەگەر بەرمیلی بە 70$ بفرۆشرێ ئەوا مانگانە داهاتەكەی مەزەندە دەكرێت بە بڕی (840 ملیۆن دۆلار) كە بە دیناریش دەكاتە (یەك تریلیۆن و 92 ملیار دینار)، بۆ ساڵێكیش داهاتەكە دەكاتە (10 ملیار و 80 ملیۆن دۆلار) و بە دیناریش دەكاتە (13 تریلیۆن و 104 ملیار دینار) لە ساڵێكدا. بەدیوێكی دیكەدا هەرێمی كوردستان بە نەوتەكەی بەشداری لە زیادكردنی داهاتی گەنجینەی گشتیی عێراق دەكات بە زیاتر لە 13 ترلیۆن دینار لە ساڵی 2023.
 
كێ بەرپرسە لە خەرجی حەقدەستی كۆمپانیا نەوتییەكان و كرێی گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتەكە:
 
ئەگەر مادەی 13 رێگە نەدات هیچ خەرجییەك لەسەر داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بكرێت؟ ئایا پارەی هەقدەستی كۆمپانیا نەوتییەكان و هەناردەكردن و گواستنەوە لە كوێ دەدرێت و كێ بەرپرسیارە لە پێدانیان؟
 
لە مادەی 13دا هاتووە كە وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق بەرپرسە لە خەرجكردنی هەقدەستی كۆمپانیا نەوتییەكان و تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و گواستنەوەی ئەو 400 هەزار بەرمیل نەوتە رۆژانەیەی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش لەنێو خشتەی خەرجیی سیادیی بودجەی عێراق بڕی (سێ تریلیۆن و 800 ملیار دینار)ی بۆ تەرخان كردووە و لەم بڕە پارەیەش بڕی (یەك تریلیۆن و 400 ملیار دینار)ی كرێی گواستنەوەیە و خراوەتە سەر بەشەكەی هەرێمی كوردستان، بەم جۆرەش لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دادەشكێت و بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان لە(16 تریلیۆن و 600 ملیار دینار)ەوە دادەبەزێت بۆ (15 تریلیۆن و 200 ملیار دینار).
 
لەسەر چ بنەمایەك پارەی تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردە و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت؟
 
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە تەنانەت ئەم پارەیەش كە تەرخانكراوە لەناو خەرجیی سیادی كۆتوبەندیی بۆ دانراوە كە دەبێت لەسەر بنەمای نرخی تێچووی بەرمیلێك نەوتی عێراق خەرج بكرێت نەك بە گوێرەی گرێبەستەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا نەوتیەكان، كە دیسان ئەم دەستەواژەیە هیچ نرخێك بۆ ئەو (سێ تریلیۆن و 800 ملیار دینار)ە ناهێڵێتەوە، چونكە جیاوازیی گەورە هەیە لە میكانیزمی ئەژماركردنی نرخی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەنێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان و جۆری گرێبەستە نەوتییەكان.
 
ئەوەی تەنیا خاڵی ئەرێنییە و لە بەرژەوەندیی گەنجینەی عێراقە ئەوەیە كە سۆمۆ 400 هەزار بەرمیل نەوتەكەی هەرێمی كوردستان بە هەمان رێكار و نرخی سۆمۆ بۆ نەوتی كەركووك دەفرۆشێت، كە بۆ هەر بەرمیلێك نەوت نزیكەی 8-10 دۆلار زیاترە لە نرخی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەپێش 25-03-2023 كە ئەمەش هیچ لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان ناگۆڕێ، چونكە پابەندیی هەرێم بە ژمارەی بەرمیلی نەوتە كە بە 400 هەزار بەرمیل رۆژانە دیاریكراوە نەك نرخەكەی.
 
كورتهێنان لە تەرخانكراویی خەرجی هەقدەستی كۆمپانیاكان و كرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان
 
كێشە گەورەكە لێرەدا ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022 بە فیعلی شەش ترلیۆن و 695 ملیار دیناری خەرجكردووە بۆ خەرجییەكانی نەوت، بەڵام لە بودجەی عێراق سێ ترلیۆن و 876 ملیار دیناری تەرخانكردووە، بەم شێوەیەش كورتهێنانێك بە بڕی (دوو تریلیۆن و 800 ملیار دینار) بۆ دابینكردنی خەرجیی تێچووی 400 هەزار بەرمیل نەوتەكە دروستدەبێت كە هیچ تەرخانكراوێكی بۆ نەكراوە لەناو بودجەی عێراق و هەرێمی كوردستانیش ناتوانێت پڕی بكاتەوە، چونكە داهاتی نەوتەكە لە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستاندا نامێنێت و دەچێتە ژێر كۆنترۆڵی وەزارەتی دارایی عێراق و لە مادەی 13دا هاتووە كە نابێت هیچ پارەیەك (استقگاع) بكرێت لە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان. لە ئەگەری نەدۆزینەوەی سەرچاوە بۆ پڕكردنەوەی ئەم كورتهێنانە، ئەوا كۆمپانیا نەوتییەكان ناتوانن بەردەوام بن لە بەرهەمهێنانی نەوت و بەمجۆرەش هەرێمی كوردستان ناتوانێت پابەندیی خۆی جێبەجێ بكات و لە كۆتاییدا بە بەهانەی جێبەجێنەكردنی ئیلتزامی نەوتی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بەغداش پارە نانێرێت.
 
قەرزی مانگەكانی پێشووی هەقدەستی كۆمپانیاكانی نەوت و پارەی پێشەكی نەوتی فرۆشراوی پێشوەختە
 
بێگومان هەرێمی كوردستان قەرزی مانگەكانی ساڵانی پێشووی نەوتیشی لەسەرە، هی تێچوو و هەقدەستی كۆمپانیاكان و پارەی پێشەكیی فرۆشی پێشوەختەی نەوت و گواستنەوە، ئەمەشیان بە دوور و نزیك لەنێو یاسای بودجەی عێراق نە باسكراوە و نە تەرخانكراویشی هەیە و دیاریش نییە كێ بەرپرسیارە لە پێدانەوەی ئەم قەرز و پابەندییە داراییە كەڵەكەبووانەی نەوت.
 
هەژماری بانكی بۆ دانانی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای بودجە
 
هەرچی هەژماری بانكیی دووەمە كە لە مادەی 13دا هاتووە، ئەمەیان تایبەتە بە دانانی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای بودجە كە ئەم هەژمارەیان بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بانكێكی باوەڕپێكراوی نێوخۆیی سەر بە بانكی ناوەندیی عێراق دەكرێتەوە و دەسەڵاتی خەرجكردن لەم هەژمارە بانكییە بۆ بەڕێز سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان یان ئەوەی كە ئەو تەخویلی دەكات كە لەم حسابەوە پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە حكومەتی هەرێمی كوردستان تەمویل بكات، بەڵام ئیداعی پارە لەم هەژمارە وابەستەیە بە حسابی یەكەم كە حسابی داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتەكەیە كە ئەگەر هەژماری بانكیی یەكەم كە بەناوی وەزارەتی دارایی عێراقە، پارەی تێنەچێت و ئیلتیزامی 400 هەزار بەرمیلەكە جێبەجێ نەكرێت، ئەوا هیچ پارەیەك نایەتە هەژماری دووەم.
 
بەمشێوەیە لە پاڵ كۆنترۆڵكردنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆ، داهاتی فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل نەوتەكەش دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، هەرێمی كوردستان هیچ دەسەڵاتێكی لەسەر پارەی فرۆشتنی نەوتی خۆی نابێت لەو حسابە بانكییەی كە بەناوی وەزارەتی دارایی عێراق دەكرێتەوە.
 
مادەی 13ی یاسای بودجە جێگرەوەی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی و بڕیاری دادگەی فیدراڵییە
 
حوكمەكانی مادەی 13 لە یاسای بودجە دەبێتە جێگرەوەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە 15ی شوباتی 2023 و لێرە بەدواوە مادەی 13 حوكمی پەیوەندیی نەوتیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات تاوەكو رێكەوتن لەسەر یاسای نەوت و گازی فیدراڵی كە بەپێی بەرنامەی وزاریی كابینەكەی بەڕێز سوودانی دەبوو شەش مانگ لە رۆژی پێكهێنانی حكومەتەكەوە، واتە لە 27-04-2023 پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی پێشكێش بە ئەنجوومەنی نوێنەران بكرایە، بەڵام ئەوە دوو مانگ لەسەر ئەو وادەیەش تێپەڕی و هیچ هەنگاوێكی جیدی لەسەر ئەو بابەتە نەنراوە، بە شارەزایی و رای متواچعی خۆشم گەیشتن بە رێككەوتنی هاوبەش لەسەر پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی ئەگەر ئەستەم نەبێت، زۆر زەحمەتە، چونكە جیاوازیی جەوهەری هەیە لە لێكدانەوە و تەفسیر و راڤەكردنی مادە دەستوورییەكانی پەیوەندیدار بە نەوت، بەتایبەتیش مادەی (111) و (112)ـی دەستوور كە بەغدا وا لێكیان دەداتەوە بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت و گاز لە سەرتاسەری عێراق، بە هەرێمی كوردستانیشەوە، لە دەسەڵاتی رەهای وەزارەتی نەوتی عێراقە و ئەم عەقڵیەت و بیركردنەوەیەش بە ئاشكرا رەنگی داوەتەوە لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی كە پشتیوانی لەم بۆچوونە دەكات و هەرچی هەرێمی كوردستانیشە پێیوایە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز دەسەڵاتێكی رەهای فیدراڵی نییە و مادەی 13ی بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2023 تاوەكو 2025 دیسانەوە پشتیوانیی بۆچوونی حكومەتی فیدراڵی دەكات بە رەهاییبوونی دەسەڵاتی فیدراڵی بۆ بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لە سەرتاسەری عێراق.
 
بژارەكان
 
بژارەكان بۆ چارەسەركردنی ئاڵنگارییەكانی مادەی 13 لە بودجەی عێراق یان پەنابردنە بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی لە لایەن وەزیری دارایی عێراق كە لە راگەیێندراوێكدا خۆی ئاماژەی دا بەوەی كە بە نیازن تانە لە یاساكە بگرن لە دادگەی فیدراڵی، یان رێككەوتنی هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و نەوتە لەسەر میكانیزمی دەستنیشانكردنی تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمایەكی گونجاو كە زامنی بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بكات و لە پێش هەموو ئەمانەش بابەتی یەكڕیزیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ زامنكردنی بودجە و مووچەی خەڵك كە ئەمەیان بژارە نییە، بەڵكو حەتمیە و دەتوانن وا بكەن كە ئەو 906 ملیار دینارەی مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە دانراوە لەنێو بودجەی عێراق بە دووربگرن لەم كێشمەكێشمەی نەوت، لە ئەگەری ساخنەبوونەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان چ لە بازاڕی جیهانی یان بازاڕی ناوخۆ، شایستەی مووچەخۆران نەبێتە قوربانی، ئیدی مادام كۆمپانیای سۆمۆ كۆنترۆڵی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات و داهاتەكەشی لەژێر كۆنترۆڵی وەزارەتی دارایی عێراقە، ئیدی هیچ بەهانەیەك نییە كە بەغدا شایستەی مووچەخۆران رەوانەی هەرێمی كوردستان نەكات و دەبێت لەسەر بنەمای (مبدا المساواە امام القانون) كە لە مادەی 14ـی دەستوور هاتووە بە یەكسانی یاسا بەسەر هەموو هاووڵاتییان جێبەجێ بكرێت و رێكاری جیاكاری بەرامبەر هەرێمی كوردستان نەگیرێتەبەر.