ئەنفالی بادینان و چۆنێتی رووكردنە توركیا

سالار مەحمود


25/08/2023

تەیرو باڵندەی ناوچەكە هەموو مردار بوونەوە. لەسەر كانییەكەش پێنج كەس لە خێزانێك بەهۆی كیمیاییەوە مردبوون.

ئەمە وتەی یەكێك لە شایەتحاڵەكانی  قۆناغی هەشتەمی ئەنفال بوو، ئەنفالی دەڤەری بادینان.

دانیشتنەكانی دادگایی ئەنفال لە رۆژی ٢٠٠٦/١١/٨  لەبەغدا دەستی پێكردەوە. دوای ئەوەی سەدام بەر لە سێ رۆژ لەهەمان هۆڵ و لەدۆسیەی دوجەیلدا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركرا، لەم دانیشتنە سەدام حسێن ئامادەبوو. یەكەم دانیشتنی دوای هەبوونی سزایەكی ئیعدام لەسەری.

دادوەر وەك دانیشتنەكانی تر بانگی سكاڵاكارو شایەتحاڵی یەكەمی كرد، ناوبراو دانیشتووی گوندی برجنێی سەر بە ناحیەی زاویتەی پارێزگای دهۆك بوو بەناوی ئەیوب عەبدوڵا.

باسی ئەوەی كرد رۆژی ١٩٨٨/٨/٢٥ هەشت فڕۆكەی جەنگی هاتوونەتە سەر گوندەكەمان و دەستیانكردووە بە بۆمباران. لەو كاتەدا هەستمان كرد دەنگی بۆمبەكان نزم یا كەم بوون. پاشان دوكەڵێكی سپی زەردباو بەرزبووەوە. بۆنێكی خۆشی وەك میوەی لێ دەهات. دواتر من تەنگەنەفس بووم، خەڵكی گوندەكەمان هەموو ئاگاداركردەوە كە ئەوە چەكی كیمیاییەو پێشتر لە رێگەی رادیۆوە خەبەرمان بیستبوو كە ناوچەكانی گەرمیان و قەرەداغ و سلێمانی كیمیاباران كراون، هەڵەبجەش بەتەواوی كیمیاباران كراوە.

داوامان كرد هەر كەسەو پەڕۆی تەڕ بخاتە سەر دەم و لوتی بۆ ئەوەی كیمیاویەكە كاریگەری  نەكاتە سەریان. لەو كاتەدا چاومان سور سور بووەوە ئاوی پیا ئەهاتە خوارەوە.

تەیرو باڵندەی ناوچەكە هەموو مردار بوونەوە. بۆ ماوەی ٣٥ دەقیقە فڕۆكەكان بەو جۆرە بۆردومانیان كردین. دواتر روومان كردە بەرزاییەكان، ئینجا دوكەڵەكە نزم بووەوە.

بەشێك لەخەڵكەكە بەرەو كانی گوندەكە رایانكرد، ئێمەش بەشێك لە بریندارەكانمان بەرەو لای كانییەكە برد بۆ دەست و دەم و چاو شتن. كاتێ چووینە سەر كانییەكە پێنج كەس لە خێزانێك لەسەر كانییەكە مردبوون. بەناوەكان ( حەسەن ساڵح، كوردی حەسەن، حەكیم حەسەن، دژوار حامید، نالیە محەمەد عەلی). ئەو تەرمانەمان داپۆشی. روومانكردە سنورەكانی توركیا لەو كاتەدا منیش بریندار بووم. ئەو كاتەی بە رێگاوە بووین بەرەو سنور چەند گوندمان بینی چۆڵكرابوون. یەكێك لەو گوندانە گوندی كیكە بوو. ٢٥ تەرممان بینی تێیدا. هەروەها گوندەكانی تریش بەهۆی بۆمبارانی كیمیایی خەڵكی تیا مردبوو. تەرمێكم لە رێگا ناسیەوە ناوی ئیسماعیل بوو خەڵكی زاخۆ بوو. پاشان لەسەر سنوری توركیا دوو رۆژ ماینەوە. دواتر گەڕامەوە گوندەكەی خۆمان. بینیم گوندەكەمان كاول و وێران كراوەو هیچی تیا نەماوە. كاتێ بە رێگاوە بووین كچەكەم عایشە ئەیوب مرد. هەژار محەمەد كە خزممە ئەویش مرد. غەزاڵ محەمەد كە كچی ئامۆزام بوو ئەویش كیمیاوی كوشتی.هەروەها حاجی ئەمینی مامم ئەویش بەكیمیاوی مرد.

شكایەتكار لیستێكی پێشكەشی دادگا كرد كە ناوی چەندین كەسی تێدا بوو كەلە گوندەكەیان بەهۆی چەكی كیمیاویەوە گیانیان لەدەستدابوو. داواكاری گشتی لێی پرسی گوندەكانی دەوروبەرتان هەموو كورد بوون، وتی بەڵێ كوردو موسڵمان بوون.

لێیان پرسی تۆ پێشمەرگە بوویت؟ وتی بەڵێ، بەڵام خەڵكی گوندەكە مەدەنی و هاوڵاتی بوون. وڵامی ئەوەشی دایەوە كە ناوچەكە ئێرانی لێ نەبووە. سابر دوری پێی وت ئەی بارەگای ئێرانی لەناوچەكە هەبوو، وتی بارەگای هیچ وڵاتێكی لێ نەبووە. وتی ئەو كاتە شەڕی ئێران عیراقیش كۆتایی هاتبوو.

شەڕی ئێران عیراق بەفەرمی لە ١٩٨٨/٨/٨ كۆتایی هات.

" بەشێك لە كتێبی دۆسیەی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەكان كە لە ئایندەدا بڵاودەبێتەوە"