کرێکارەکان .. بەردی بناغەی کۆمەڵگا و فەرامۆشکراوترین چینی کۆمەڵگا

د. هه‌ڤین كه‌مال


01/05/2020

ڕاچڵه‌كین- د. هه‌ڤین كه‌مال

ئەوەی ڕوونە بەردی بناغە و کۆڵەکەی ھەر کۆمەڵگایەکی مرۆڤایەتی چینە کرێکار و ئیشکەرەکەیەتی، ئەو چینەی کە بەرھەمی ھەیە و بنیاتنەر و دروستکەرە، ئەگەر ئەوان نەبن پیشەسازی نابێت کە پێوەری پێشکەوتنی کۆمەڵگا مرۆیی و نەتەوەییەکانە . 

کارکردن بنەمای بنیاتنانی کۆمەڵگەکانە ڕاستەوخۆ یارمەتی پێشکەوتنی کۆمەڵگا دەدات، ئەگەر کارکردن نەبێت و بەرھەمھێنان نەبێت لەکۆمەڵگادا، ئەوا کۆمەڵگایەکی بەرخۆر و تەمەڵ و ئیستیھلاکی دروست دەبێت کەھیچ سوودێکی نیە و ھەمیشە چاوەڕێی دەستی ئەویترە بۆ یارمەتیدانی . 

لە ڕاستیدا دەستەواژەی "کرێکار " زۆربەی چینەکانی کۆمەڵگا دەگرێتەوە، ھەر تاکێکی کۆمەڵگا ھێزێکی عەقڵی و جەستەیی سەرفبکات بۆ دەستکەوتنی قووتی ڕۆژانەی ئەوە جۆرێکە لە کرێکاری کەلەوانەیە بەپێ پسپۆڕییەکەی ناوەکەی جیاواز بێت . بۆ نمونە؛ پزیشک کرێکارە، مامۆستا کرێکارە، جوتیار کرێکارە، ئەندازیار کرێکارە، دارتاش کرێکارە، ئاسنگەر کرێکارە، کارگوزار کرێکارە ....ھتد. و ھەر کەسێک ھەڵدەسێت بەئەنجامدانی کارێک لەبواری خوێندن و کشتوکاڵ و پیشەسازییە جیاوازەکان و ئەندازیاری و پزیشکی و بوارە جیاوازەکانی تری مرۆڤایەتی بە جۆرێک کرێکارەو کارەکانی ئەنجامدەدات بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا .

ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژوو ، دەبینین چینی کرێکار ھەرچەندە گرنگترین چینن لە کۆمەڵگادا، بەڵام ھەمیشە زوڵملێکراو فەرامۆشکراوترین چینیش بوون . ھەر ئەمەش بوو وایکرد لەیەکی ئایاری ساڵی ١٨٨٦ دا لەشیکاگۆ دوای ئەویش لە تورنتۆ، کرێکارەکان خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست کە (٣٥٠- ٤٠٠) ھەزار کرێکار تیایدا بەشدار بوون بۆ داواکردنی مافەکانی خۆیان و پێدانی مووچە شایستەکانیان. لەژێر درووشمی "ھەشت کاتژمێر کار کردن، ھەشت کاتژمێر بۆ نووستن، ھەشت کاتژمێر بۆ پشوو و ڕابواردن " .

کە دەسەڵات و زۆربەی خاوەن کارەکان ئەمەیان بە دڵ نەبوو ، پۆلیس و ئاسایش تەقەیان لە خۆپیشاندەرەکان کردو ھەندێکیان لێ کوشتن و ھەندێک دەستگیر کران و سزای لە سێدارەدان درا بە سەر چوار لە سەرکردەی خۆپیشاندەرەکان.

لەدوای ئەم کارەساتانە و دروستبوونی پشێوییەکی زۆر سەرۆکی ئەمریکی لەو کاتەدا کە غروفر کلیفلاند بوو ناچار بوو لەگەڵ حیزبی کرێکاران دا ڕێکەوتنێک ئەنجامبدات ولەدوای شەش ڕۆژ بڕیاری تەرخانکردنی ڕۆژێکی دا بۆ کرێکاران بەناوی " ڕۆژی کرێکاران" کە لە ئەمریکادا بە "labor day " ناسراوەو لەم ڕۆژەدا ماندویەتی کرێکاران بەرز بنرخێنرێت و ڕێزی لێبگیرێت و ھەروەھا پشویەکیش بێت لەسەرانسەری ووڵاتدا . ئەم کارەساتەو کوژرانی کرێکاران بە "ڕەشەکوژی ھایمارکێت " بەناوبانگە و یاد دەکرێتەوە لە ئەمریکادا کە سیمبۆڵی قوربانیدانی کرێکارانە لەو ڕۆژەدا . 

لەساڵی ١٩٠٤ دا لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی سۆشیالیستی لە ئەمستردام. ھەموو کۆمەڵەو سەندیکا کرێکاریەکان بەتایبەتی سەندیکا سۆشیالست و کۆمۆنیزمەکان داوایی وەرگرتنی پشوو و کار نەکردنیان کرد بۆ کرێکارانی جیھان لەم ڕۆژەدا و ھەوڵ درا بکرێت بە پشوو لەزۆربەی ووڵاتانی ئەوروپا و جیھان .

لەساڵی ١٩٥٨ دا کۆنگرسی ئەمریکی وەکو وەفادارییەک بۆ یادەوەری ڕۆژی "ڕەشەکوژی ھایمارکێت" لەگەڵیدا سەرۆکی ئەمریکی ایزنھاور بڕیاری ئەوەیان دا کەڕۆژی ١ی ئایار بکەن بە پشووی ڕەسمی لە وولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا .

لە ئێستادا کرێکارەکانی کۆمەڵگایی ئێمە، ئەوانەی بنیاتنەری بەردی بناغەی ووڵاتەکەمانن، ئەوانەی عارەقی ناوچەوانی ئەوانە دەبێت بە مەرەکەب بۆ نووسینەوەی مێژووەکەمان، دەستە زبرەکانی ئەوانە بست بە بستی ئەم نیشتمانە سەوز دەکات و ژیان ڕەنگاڵەتردەکات . لەم ڕۆژەدا ناچارن بڕۆنە دەرەوە بۆ کارکردن و زەحمەتکێشان بۆ دەستکەوتنی قووتی ڕۆژانەیان و بژێوی ژیانیان و پشوو وەرنەگرن بەپێچەوانەی ھەموو چینەکانی تری کۆمەڵگا . بەداخەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا چینی کرێکار چینێکی پەراوێز خراوە لە کۆمەڵگادا، چینێکە لەبەرئەوەی حکومەت و دەسەڵات ھیچ بایەخێک نادات بەفێربوون و سەلامەتی و باری ئابووری، ھەر بۆیە تادێت لەھەموو بوارەکاندا دواتر دەکەوێت و تادێت دوورخراوە دەبێت لە کۆمەڵگا . 

ئەوەی شایەنی باسە کرێکارەکان مافی خۆیانە خولی ڕاھێنان و فێربوونیان بۆ بکرێتەوەو لەگەڵیشیدا ئەو ڕێگایانەیان فێر بکرێت کەچۆن سەلامەتی و تەندروستی خۆیان و ھاوڕێکانیان بپارێزن لەکاتی ئەنجامدانی کار و ئەرکەکانیان، ھەروەھا بەھەمان شێوە باری ئابورییان بەھەند وەربگیرێت و دەستکەوتی ماددی شایستەی خۆیان بدرێتێ، لەکاتی ڕوودانی ڕووداوی نەخوازراو و تێکچوونی باری تەندروستیان دەسەڵات و خاوەن کار لێپرسراو بێت بەرامبەریان و بەخانەنشینی گونجاو خانەنشینیان بکات و بیانژێنێ . بەڵام بەداخەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بچوکترین مافیان نیەو بەھەموو شێوەیەک مافەکانیان پێشێل دەکرێت و ئیستغلال دەکرێن و دەچەوسێنرێنەوە لەلایەن خاوەن کار و کارگەکان و سەرمایەدارەکان . 

بەداخەوە لەم ووڵاتەدا بەسەدان کرێکار و فەرمانبەر لەدوای لەدەستدانی پەل و بەشێک لەجەستەیان لەکاتی ئەنجامدانی کارەکانیان ، حکومەت و دەسەڵات خۆیان و خێزانەکانیان پشتگویێ دەخات و بەخانەنشینیەکی کەم خانەنشینیان دەکات کە بەشی بژیوی ژیانیان ناکات . ئەمەجگە لەوانەی لەکەرتی تایبەت کاردەکەن و لەکاتی ڕووداوی نەخوازراودا کەس خۆیی بەبەرپرس دانانێت بەرامبەریان و بەبێ خانەنشینی لەماڵەوە بۆ چارەنووسێکی تاریک بەجێدەھێڵرێن، ھەر بۆیە زۆربەی جار ئەو خێزانانەی سەرۆکی خێزانەکانیان لەچینی کرێکارە تاکەکانی کەشی ناتوانن بە ئاسانی پێشبکەون لەبواری خوێندن و ئابووریشدا ، چونکە چانسیان بۆ باشترکردنی ژیانیان زۆر کەمە . 

لەئێستادا ئەوەی لەسەرئێمەیە وەکو چینەکانی تری کۆمەڵگا بەرامبەر کرێکاران ئەوەیە ، کەنابێت ئێمەش وەکو دەسەڵات کەمتەرخەمبین بەرامبەریان ، دەبێت ھەریەک لەشوێنی خۆیی و بەپێی پیشەکەی دەستی یارمەتی درێژکات بۆ ئەم چینە . بۆ نموونە : ئەگەر تۆ پزیشکیت دەتوانیت بێ بەرامبەر یاخود بە بڕێکی ڕەمزی لەپارە کرێکار چارەسەربکەیت، یاخود ئەگەر فرۆشیاریت دەتوانیت نرخی کاڵاکانت بۆ کرێکاران دابەزێنیت . ئەگەر سەرمایەدار و خاوەن کاریت دەتوانیت مامەڵەو باشترکەیت و بیمەی تەندروستی بۆ کرێکارەکانت دابین بکەیت ولەکاتی ڕووداوی نەخوازراودا خانەشینیان بۆ دابین بکەیت چەند لەتواناتدا ھەبێت، ئەم ڕێگایانەو چەندەھا ڕێگایی تریش . بەم شێوەیە ئەگەر ھەریەک لەشوێنی خۆیەوە دەستی یارمەتی درێژکات بۆ ئەم چینە مافخوراوە، ئەوە ئەگەری پێشکەوتنی ئەم چینەش زیاد دەکات و ھەم بەرھەمھێنان و بنیاتنانی کۆمەڵگاش پێشکەوتنێکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت . لەئێستادا ھەموومان نائومێدین بەرامبەر دەسەڵات و لامان ڕوونە ئەو دەسەڵاتەی نەتوانێت مووچەی موچەخۆرانی خۆێ دابینبکات ، زۆر ئەستەمە بتوانێت مافی کرێکارێکی بێ مووچە دابین بکات . ھەربۆیە پێویستە ھەریەکەمان لەلای خۆیەوە چەند دەتوانێت یارمەتی ھەژاران و نەدارانی ئەم چینە بنەڕەتییەی کۆمەڵگا بدات کە چینی کرێکارانە .