زمانی كوردی لە گوتاری دەوڵەتی عیراق

سالار مەحمود


10/05/2020

بەپێی دەستوری عیراق زمانی كوردی زمانی فەرمی دەوڵەتە، پێكەوە لەگەڵ زمانی عەرەبی، لەمادەی چواری دەستور چەسپاوە.

حكومەتی عەلاوی و مالكی و عەبادی و عبدالمهدیش گرنگی بە زمانی كوردی لە راگەیاندن و گوتاری فەرمی حكومەت نەدرا. كازمی بەجیاواز لەوان لەتویتەر بەزمانی كوردی راگەیەنراو دەرئەكات. هێشتا ئەمە بەس نیە. پێویستە لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیع و لە ناوەندەكانی دەرەوەو نوێنەرایەتیكردنی دیبلۆماسی و رەسمی، زمانی كوردی بەكار بهێنرێت.

نابێ شەرم لە زمانی خۆمان بكەین. شەرم ئەوەیە زمانی كوردی بەكار نەهێنرێت، ئیتر بەسە خۆ بەكەم زانین. زمانی كوردی دەوڵەمەندترە لە زمانەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە عیراق رەسمیە رێزنەگرتن لێی پێشێلكاریی دەستورە. 

لەماوەی رابردوودا چەند پەرلەمانتارێك لە پەرلەمانی عیراق بە كوردی موداخەلەیان كردو لەلایەن هەندێ لە شۆڤێنییەكان كاردانەوە دروست بوو،  تووشی شڵەژان و دەنگەدەنگ بوون. ئەم رەفتارە دژی بنەماكانی شەراكەت و دەستور بوو، بۆیە پێویستە بەفەرمی لە ئاخاوتن و گفتوگۆكاندا بەكار بهێنرێت و، بەردەوام بدرێ بە گوێی هەموو لایەكداو بچێتە پرۆتۆكۆڵی دانیشتنەكانەوەو تۆمار بكرێت.

لەهەمان مادە چواری دەستور بڕگەكانی تردا ئاماژە بە چاپی نەختینەو پول و پاسپۆرت و رۆژنامەی فەرمی دەكات، كازمی بە زمانی كوردی جیاوازی لەگەڵ ئەوانی پێش خۆی دروستكردووە. سەرەتایەكی باشە هیوادارم لە پشتیوانی مافە دەستورییەكانی كوردستانی عیراق دەستپێشخەر بێت.

ئەگەر ئەمە بكات مێژوویەكی جوان بۆ خۆی تۆمار دەكات وەك چۆن ئەوانی پێشتری نەیانتوانی لەلای كورد ئەو مێژووە تۆمار بكەن.

كەواتە لەم پرۆسەدا تەرجەمەكردنی بەرنامە حكومییەكەیەتی كە تیایدا هاتووە بەپێی دەستور كار دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی ئیتحادی. زیندووكردنەوەی رێككەوتنی ساڵی ۲٠۱۹ ی نێوان هەردوولا گونجاوترین میكانیزمەو هەردوولاش خۆیان ئامادە بكەن بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان لەو چوارچێوەیەدا.

كازمی دەرفەتێكی نوێیە، بۆ بەردەوامی مووچەی فەمانبەران و وەرگرتنی شایستەییەكان و هەنگاونان بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تر.