ئەنجامی كۆبوونەوەكانی هەرێم و بەغدا

سەرتیپ وەیسی


12/05/2020

بەشێوەیەكی مەبدەئی شاندی هەرێم لەگەڵ بەغدا رێككەوتوون لەسەر رادەستكردنی (250) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە ‌و نیوەی داهاتی ناوخۆ و گومرگەكان بە بەغدا، لە بەرامبەردا حكومەتی هەرێم داوای كردووە مانگانە (600) ملیار دیناریان بۆ بنێردرێت، بەڵام بەغدا رەزامەندیداوە تەنها ( 454) ملیار دینار بنێرێت.

لەسەر ناوەرۆِكی ئەو رێككەوتنە، موستەفا كازمی وەكو سەرۆك وەزیرانی نوێ (600) ملیار دیناری پێ زۆر بووە، بەڵام ئاماژەی بەوەكردووە مادام لەیەكەوە نزیكن، هەرچۆنێك بێت دەتوانن رێكبكەون لەسەر بڕێكی كەمتر لەو پارەیەی هەرێم داوای دەكات.

ئەگەر هەرێم و بەغدا رێكبكەون، لە ‌مانگی حوزەیران ( مانگی شەش) دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن و رێككەوتنەكەش مانگانەیە، بەو پێیەی بودجەی عێراق بۆ ئەمساڵ مانگانە دەبێت.

لەسەر ناردنی پارەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم، حكومەتی نوێی عێراق بەشێوەیەكی زارەكی رەزامەندیان داوە و شاندەكەی هەرێمیش گەشبینە بەوەی ئەو پارەیە بۆ ئەو مانگە لە چەند رۆژی داهاتوو دەنێردرێت.

لە هەموو حاڵەتەكان ئەو پارەیەی بۆ ئەو شەش مانگەی كۆتایی ئەمساڵ دەنێردرێت لەلایەن بەغداوە، بەشی موچەی فەرمانبەران ناكات، چونكە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێویستی بە ( 890) ملیار دینارە،‌ بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند ئەگەرێكی لەپێشە، لەوانە :

1. دابەشكردنی موچە لەماوەی (45 بۆ 60) رۆژ، ئەویش لە رێگەی پارەكەی بەغدا و ئەو داهاتە ناوخۆییانەی دەستی دەكەوێت.

2. جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، كە بەهۆیەوە بەشێك پارە بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە و ئەوكات حكومەت ئاسانتر دەتوانێت لەماوەی مانگێكدا موچە دابەش بكات.

ئەو رێككەوتنە مەبدەئییەی كراوە، بەشێكی كەمە لەو‌ پرسانەی كە پێویستە لە نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەربكرێن، بە تایبەت لە ڕووی شێوازی گرێبەستەكانی هەرێم و پارەی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێم و كرێی گواستنەوەی نەوت ‌و ئەو قەرزانەی لەسەر هەرێمە.

پێناچێت كێشەی پارەی جوتیاران و پێشمەرگە و زیندانیانی سیاسی بەم زووانە چارەسەر بكرێت، ئەو رێككەوتنە مەبدەئییە ئەگەر بچێتە بواری جێبەجێكردن، بۆ كاتێكی كەم و دیاریكراوە.