تۆم باراك لە ناوچەی سەوز: ئەگەری شەڕی داهاتوو

د. سەردار عەزیز


2 کاتژمێر پێش ئێستا

یەكشەممەی ڕابوردوو، پیاوێكی بە تەمەنی باڵابەرز، بە سەردانێكی كوتوپڕ گەیشتە بەغدا. تۆم باراك، كە نێردەی ترەمپە بۆ كاروباری سوریا و لوبنان و هەروەها باڵوێزی ئەمریكایە لە توركیا، سەرقاڵی عێراق نیە. بەڵام بۆچی لەو ڕۆژەدا، كە بەغدا لە كڵپە كڵپی دوای هەڵبژاردندایە، بە كوتوپڕی دێتە بەغداو  سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر دەبینێت و دەگەڕێتەوە؟

سەردانەكەی لە ناوچەی سەوز لە كۆشكی سەرۆك وەزیران، لە دانیشتنێكی نیمچە دیپلۆماسیدا، بەوەی دوو بە دوو بۆ ماوەی حەفتا خولەكە هەردوو كەسایەتییەكە گفتوگۆیان كرد.

ئەوەی پێش هەموو شتێك دەتوانین بیخەینە لاوە، ئەوەیە كە تۆم باراك بۆ پرسی عێراق و دیاریكردن و دانانی سەرۆك وەزیران و ئەو كارانە نەهاتبوو. دەنگۆی ئەوە هەیە كە دوو هەفتەی تر، مارك سەڤایا بۆ ئەو پرسە بێتە عێراق.

وەك لە پرسیارەكانی دیار كوردەی پەیامنێری كەناڵی ڕووداو لە ترەمپ بەڕونی دەردەكەوێت، ترەمپ بە هیچ شێوەیەك ئاگاداری بارودۆخی عێراق نیە.  بەڵام ئایا ئامانجی باراك چیە؟

وەك ئەوەی كە باراك بە خێرایی هاتوە و تەنها یەك كەسی دیوە و پاشان گەڕاوەتەوە، ئامانجی كاروباری عێراق نیە، بەڵكو بە هەموو دەركەوتەكانی وەها دیارە كە پەیامێكی گەیاندبێت. 

بەپێی دیپلۆماتێكی ئەوروپی لە واشنتۆن، تۆم باراك سودانی ئاگاداركردوەتەوە كە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا حەتمیە، ئەگەر میلیشیا عێراقییەكان دەستوەردان بكەن، ئەوا ئەمریكا ڕێگریی لە ئیسرائیل ناكات بەوەی هێرش بكاتە سەریان. 

ئەم پەیامە داواكاریی نیە بۆ مانەوەی میلیشیاكان بە بێلایەن، بەڵكو مەرجە. 

ئەم سەردان و پەیام و ئەگەری شەڕە، دەمانخاتە بەردەم كۆمەڵێك پرسی كراوە.

پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئایا ناوچەكە دەچێتە نێو گەڕێكی تر لە شەڕەوە؟

بۆ ئەنجامدانی ئەم شەڕە، هەوڵدەدرێت جەنگەكان بە سنورداریی بمێننەوە. ئەمە هەمیشە یەكێك بوە لە ترسەكانی شەڕ لە ڕابردوودا، بەوەی ئایا شەڕ بۆ سەر لایەك لە میلیشیاكان دەبێتە مایەی شەڕێكی بەرفراوان؟ سودانی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا شانازی بەوەوە دەكرد كە عێراقی لە شەڕ پاراستوە، بەڵام پاراستنەكە بە مەرجی خۆ بەدوورگرتنی میلیشیا عێراقییەكان بوو. بەڵام ئەمجارە شەڕەكان بۆ كۆتاییهێنانە بە حیزبوڵڵا، ئەمە بۆ نوخبەی سیاسی شیعەی عێراق سەختە كە دەستوەستان لە تەلەفزیونەكانەوە تەماشای یەكێك لە نزیكترین دۆستەكانیان بكەن لە ناودەچێت. چۆن و چی دڵنیایی دەدات بەوەی كە ئەمان بە ئامانج ناگیرێن؟ ئایا بە نیشتمانییكردنی میلیشیاكان، وەك چۆن ئەحمەد شەرع قاعیدە و داعشی گۆڕی بە هێزێكی نیشتمانی، مایەی ئەوەیە كە پاشان بێنە ناو سیستەمی سیاسی ناوچەكەوە؟

بەڵام ئەمانە وەرچەرخانی سەختن، چونكە جیهادی قاعیدە، جیاوازە لە هاوسۆزیی شیعە. 

لەم ڕوانگەیەوە ئایا حیزبوڵڵا ئامادەیە ببێت بە هێزێكی سیاسی لوبنانی؟ 

با بگەڕێینەوە سەر سەردانەكە. تۆم باراك خۆی هیچ شتێكی دەربارەی سەفەرەكەی بۆ عێراق بڵاونەكردەوە. ئەوەی كردی، بڵاوكردنەوەی پەیامەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو كە لە هەژماری تویتەری باڵوێزییەكەی شێری كرد. تۆم باراك دوو هەژماری تویتەری هەیە، یەكێكیان وەك شەخسی خۆی، ئەویتریان وەك پۆستەكەی. ئەمە دەلالەتی دەسەڵاتیی و هەروەها گرنگی یاسایی هەیە

سەرۆك وەزیرانی عێراق دوو پەیامی بڵاوكردوە دەربارەی سەفەرەكە، پەیامێكیان بە زمانی عەرەبی، ئەویتریان بە زمانی ئینگلیزی. هەردوو پەیامەكە لەیەكەوە نزیكن. بەڵام بە جیاوازییەكی كەمەوە. 

پەیامەكە بە هیچ شێوەیەك باس لە لوبنان ناكات. بەڵام باس لە ڕێگریی دەكات لە هەر تەنگژەیەكی زیاتر لە ناوچەكە، كە زیان بە سەقامگیری و ئابوری عێراق بگەیەنێت.

تویتەكەی سودانی لە ڕوانگەی عێراقەوە كراوە. وەك یەكێك لە دروشمەكانی بانگەشەی سودانی لە كاری هەڵبژاردن، عێراق پێش هەموان. بەڵام لە تویتەكەدا ناوی سوریا هاتووە. دەكرێت وەك ڕوپۆشێك بێت بۆ  پرسە سەرەكیەكە. چونكە باراك نێردەی سوریایە، بۆیە دەبێت باسی سوریا بكات. بەڵام پەیامە سەرەكیەكە كە باس نەكراوە، لوبنانە. 

لەمبارەوە پێشهاتێك جێگای ئاماژە پێدانە كە ئەگەری شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا زیاتر دەكات. 

كۆمپانیای ڕافائیلی ئیسرائیلی ئەوەی ڕاگەیاند كە چەكێكی بەرگریی نوێی دروستكردوە كە ڕێگریی دەكات لە هەموو ڕۆكێت و هێرشێك، بە توانایەكی زۆر زیاتر لە سیستەمەكانی پێشوی. ئەم سیستەمە لەیزەرییە كە ناوی IRON BEAM توانای ١٠٠ كیلۆ واتی هەیە. بە خێرایی ڕوناكی دەڕوات و لە دووری چەند سەد مەترێك یان چەند كیلۆمەترێك  ئامانجەكەی دەپێكێت و مەخزەنێكی زۆر گەورەی هەیە. 

وەها چاوەڕوان دەكرێت لە سەرەتای ئەم مانگەوە سوپای ئیسرائیلی ئەم چەكەی هەبێت.

ڕەنگە یەكێك لە ئامانجەكانی شەڕەكە تاقیكردنەوەی ئەم چەكە بێت.

لە كاتێكدا شەڕ وەك حەتمی دەبینرێت، میلیشیاكانی عێراق هەرچییەك بكەن، ناتوانن خۆیان لە پریشكی ئەو شەڕە و دەرئەنجامەكانی بپارێزن. وەك لە پرسی حەماسدا دەردەكەوێت، ڕەنگە ئاسان بێت بۆ ئیسرائیل حیزبوڵڵا لاواز بكات، بەڵام ئاسان نییە بتوانیت لە ناوی بەرێت. لە كاتێكدا كە حیزبوڵڵا خۆی لە دووڕیانی مان و نەماندا دەبینێتەوە.