زەیدی لە واشنتۆن

سەردار عەزیز


3 کاتژمێر پێش ئێستا

راچڵەكین-

رۆژانی داهاتوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەردانی واشنتۆن دەكات. هەر لە ئێستاوە ، میدیا كەوتەوەتە كار بۆ سەردانەكە.

دەنگۆی ئەوە هەیە كە سەردانێكی گرنگ دەبێت، ڕێكەوتنێكی نوێی ستراتیژی واژۆ دەكرێت. زیاتر جەخت لە ڕەهەندی بازرگانی و ئابوری دەكرێتەوە. 

لە ئێستای عیراقدا دوو پرس لە ئارادایە، گەندەڵیی و میلیشیا. هەندێك لە ڕاڤەكاران وەها دەبینن كە ئەمریكا پشتیوانی دژایەتی گەندەڵی و لاوازكردنی میلیشیاكان بێت. بەشێكی زۆری لەوەی دەگوترێت پڕوپاگەندەیە، بە ئاگایی و بێئاگایی. 

ئایا عیراق دەتوانێت بچێتە بەرەی دژ بە ئێران، یان لە هەوڵی ڕازیكردنی هەردوو كوێخاكەیدایە.  لە كاتێكدا ئێستا ئێران لاوازە، هەوڵدەدرێت كە ئەو ڕژێمانەی كە سەر بە ئێران بوون ئاراستەیان بگۆڕدرێت. بەڵام بۆ عیراق ئەمە بە ئاسانی ناكرێت. ئایا ئەو هێزانەی كە زەیدییان دانا، كە هەمویان سەربە ئێرانن، پشتیوانی دەكەن بۆ ئەوەی لەناویان بەرێت؟ لۆجیك لەم گەمەیەدا نیە. 

دیارە عیراق هەوڵدەدات كە خۆی لە گەڵ دۆخەكەدا بگونجێنێت ئەگەر بە هەندێك زیانیشەوە بوبێت. شاردنەوەی نییەتی ڕاستەقینە بەشێكی سەرەكی باوەڕی شیعەیە كە بە تەقییە ناسراوە.

پرسی گەندەڵی: ئەوانەی كە دەڵێن ئیدارەی ترەمپ پشتیوانی دژایەتی گەندەڵی دەبێت، نازانن لە ئیدارەی ترەمپ چ باسە. دۆناڵد ترەمپ بێوێنەیە لە مێژوی ئەمریكادا، كە زۆرترین پارەی لە پۆستی سەرۆك كۆماریی ئەمریكا دەستكەوتوە. ئیدارەی ترەمپ بە ئاشكراو و بە فەرمیی و بە هەموو توانایەكی پشتیوانی گەندەڵییە. زۆر جێگای سەرسوڕمان دەبێت ترەمپ تەنها بە وشەیەكیش باسی گەندەڵی بكات. 

چاوەڕان دەكرێت  ترەمپ وەها زەیدی بناسێنێت كە كەسێكی دۆستی ئەمریكایە. ئەو پشتیوانی دەكات. هەروەها باس لە نفوزی ئێران بكات لە عێراق،  هەروەها دەرفەت و بەرژەوەندی بازرگانی و پارە پەیداكردن لە عیراق. 

كێشە زۆرەكانی عیراق لە ڕوی خزمەتگوزاریی و دیموكراسیی و ژینگە و زۆر بواتی ترەوە شایانی باس نابن. عیراق كە لە دوو دەیەی ڕابوردودا دانیشتوانی دوو قات بوە، ئاو و هەوا و خۆراكی تەندروستی نیە. بەڵام ئەمانە پرسی ڕۆژ نین. 

لە ڕوی هەرێمایەتییەوە، چاوەروان دەكرێت هەوڵی نزیكبونەوەی زیاتری عیراق و سوریا بدرێت. سوریا سودمەندبێت لە نەوتی عیراق. بۆڕی بانیاس نۆژەن بكرێتەوە. (كەركوك لە كوردستان دوور دەخاتەوە) هەروەها ئەگەر زۆرە كە سەرۆك وەزیارنی لوبنان و عێراق و سوریا لە هەمانكاتدا یان لە هەمان رۆژانی نزیكدا لە واشنتون بن بە هیوای ئەوەی كە ئاراستەی قوڵایی ستراتیژی عێراق لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژئاوا بگۆردرێت. 

زەیدی وەك شەرع دەبێت سەر بۆ هەموو شتێك بلەقێنێت. بە دەرەجەیەك، كاتێك كە ترەمپ گوتی جۆلانی داوە بە ئیسرائیل، شەرع نقەی لێوە نەهات.

سیاسەتەكە ئەوەیە كە كەس نایەوێت وەك زیلینیسكی لێبێت بۆیە زەردەخەنە و ئەشهەدوبیلا پرسی ستراتیژی دەبێت.