كردارمان پێویستە

نەزهەت حالی


19 کاتژمێر پێش ئێستا

هەموومان دەزانین كە هەرێمی كوردستان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانە، بەڵام بەبێ  پاڵپشتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئەمریكا و فەڕانسە و بریتانیا ئەو هەرێمەی كە هەمانە هەرگیز بەو شێوەیە نەدەبوو.

بوونی هەرێمی كوردستان تەنانەت لای دوو دەوڵەتی گرنگی ناوچەكە، ئێران و توركیاش جێگای پەسەند و قبوڵكراو بووە و هەڵسوكەوتی سیاسی و دیپلۆماسییان لەگەڵ هەرێم هەبووە.

لە ئێستادا دۆخی هەرێمی كوردستان دۆخێكی زۆر خراپە، مەترسییە گەورەكە تەنیا هێرشە دڕۆنی و موشەكیە ناڕەواكانی ئێران و بەرەی مقاومە نین،ئەم هێرشانە گەرچی مەترسیدارن، بەڵام كاتیین و پەیوەستن بەو دۆخەی كە لە ناوچەكە دەگوزەرێت، بەڵكو مەترسییە هەرە مەزنەكە ناكۆكی ناوخۆیی و پەكخستنی دامەزراوە شەڕعییەكانە، بەرەدەوامیدان بەم دۆخە دەبێتە هۆی لاوازی زیاتری هەرێمی كوردستان و تەنانەت لەبار بردنی ئومێدی گەلەكەمان بۆ هەرێمێكی یەكگرتووی ئەمن و  یاسا سەروەری بەهێز و ئاوەدان.

چارەسەری ئەم ناكۆكییە بە هەنگاوی كرداری بڕیار بەدەستان و بە ئەنجامدانی سازش بۆ یەكتری دەكرێت. سازش لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و بۆ دەرباز بوون لە مەترسی و قەیرانی ئێستا، نەك تەنیا نەزانین و شكست و شەرمەزاریی نیە، بەڵكو لوتكەی لێزانین و مەردایەتی و كاردانی و سیاسەتەزانییە.

 پەیامە باش و ئەرێنی سەركردە سیاسییەكان بۆ كۆتایی هینان بە ناكۆكییەكان كاری باش و جێگای دەستخۆشین، بەڵام كافی نین، پێویستی بە هەنگاوی كردارییە.