ئالان حەمە سەعید ـ ئەندامی ئەنجومەنی وەزیران 
				 29/05/2020
             
					
					
                 
                   
         
         
          
				 
                   
       
          
					
           تێبینی : هەموو میدیاکان مافی بڵاوکردنەوەی ئەم وتارەیان  هەیە. 
ساڵی یەکەمی  حوکمڕانی لە کوردستان لە چوارچێوەی شەرعیەتی شۆرشگێڕیی  ، و نزیکەی ۲٨ ساڵ حوکمڕانی لەڕێگای شەرعیەتی یاسایی و دامەزراوە هەڵبژێردراو و متمانەپێدراوەکانی کوردستان ، دەستکەوت و کەمو کوڕیشی تێدابووە . دەستکەوتەکانی جێگای شانازین ، لەسەرو هەمووشیانەوە چەسپاندن و پاراستنی  قەوارەی فیدراڵی کوردستان ، کە زۆرکات لەبەردەم هەڕەشەی زۆر مەترسیدار بووە . بەڵام ئەو  ۲۹ ساڵەش بێ کەموکوڕی نەبووە ، دۆخی ناوخۆیی و دەرەکی هۆکاربوون . 
کابینەی نۆیەم میلادێکی نوێ نەبوو لە حوکمڕانی کوردستان ، بەڵام میلادێکی نوێ بوو لەوەی چیدیکە کێشەکان نابێت دوابخرێن بەڵکو دەبێت چارەسەر بکرێن ئەمەش پێدراوە نوێیەکان پێمان دەڵێت ، گرنگی و سەرکەوتویی کەسی حوکمڕان  لەوەدایە خۆی نەبوێرێت لەهەڵە و کەم وکوڕیەکان و گەندەڵیی و بەهەدەردان  ، وە لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە بژاردەیەک بخاتە روو بۆ چارەسەریان.
لەهەر کەسێک بپرسیت خواستت چییە لە حوکمڕانی؟  راستەوخۆ وەڵامەکانی بەم چەمکانە دەردەبڕێت : دەسەڵاتێکی دادپەروەر ـ دەسەڵاتێکی شەفاف ـ دەسەڵاتێکی دژە گەندەڵ ـ هەموو ئەو چەمکانە هی هەموومانە ، بەڵام مامەڵەمان لەگەڵی جیاوازە : هاوڵاتیان بە راستگۆیی باس لەو چەمکانە دەکەن و خواستیانە . بەشێک لە سیاسیەکان دروشمیانە  ، وە لە بنەرەتیش دا خۆیان بەزەرمەندی یەکەم دەزانن کاتێک حوکمڕانی شەفاف بێت و دادپەروەر بێت و دژی گەندەڵی و بەهەدەردان بێت . لێرەوە ئیشکالیەتەکە سەر هەڵدەدات ئەو ژمارەیە لە سیاسیەکان کە تووشی گرفت دەبن بە دەسەڵاتێکی شەفاف و دادپەروەرد خۆیان دەکەن بە فریاد ڕەسی هاوڵاتیان کە لە بنەرەتدا ئەوە هاوڵاتیە راستگۆیە و حوکمڕانیەکی دەوێت دادپەروەربێت .
وتارەکەی سەرۆک وەزیران :
لەرێککەوتی١٠ ی٧ ی ٢٠١٩ کاتێک لەپەرلەمانی کوردستان  ئەم کابینەیە متمانەی وەرگرت بەرێز سەرۆک وەزیران لە دیباجەی کارنامەی کابینەکە ئاماژەی دا بە: 
{ ئەم بەرنامەیە لەسەر بنەمای رێککەوتنە سیاسییەکان و پوختەی بەرنامەی گشت لایەنە بەشداربووەکانی ناو کابینەی نۆیەم رێکخراوە و بۆچوون و پلانی تێکرای بەشداربووانی ئەم کابینەیە لە خۆ دەگرێت.جێبەجێ کردنی ئەم بەرنامەیەش بەرپرسیاریەتیەکی هاوبەشی سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانی ناو ئەم کابینەیە دەبێت}(١) 
پاشان راستەوخۆ تەوەری یەکەمی کارنامەکە چاکسازیی بوو.مەبەستمە ئاماژە بەوە بدەم ئەو کارنامایە و ئەنجامدانی چاکسازیی شەرعیەتی  سیاسی لە رێککەوتنی لایەنە سیاسیە بەشداربووەکانی کابینە وەرگرت و مەشروعیەتی یاسایشی لە پێدانی متمانەی پەرلەمانی کوردستان وەرگرت.  
کاتێک بەرێز مەسرور بارزانی نوێترین ووتاری پێشکەش کرد  خاڵی گرنگی باسکرد ، کاردانەوەکان زۆر بوون ، ئەمەش دۆخێکی چاوەروانکراوە  چونکە لە مێژووی حوکمرانی کوردستاندا  لە لوتکەی دەسەڵات دەگمەن  باس لەو بابەتانە کراوە.
لە ۲۹ ساڵی رابردوو گرفت و کەموکوڕیمان هەبووە بەڵام پێویستە چارەسەری بکەین   چونکە بەرپرسیارێتمان لەسەر شانە ، ئەمە بەمانای نادیدەکردنی ئەزمونی حوکمڕانی نایەت بەئەندازەی ئەوەی هەوڵە بۆ چاکسازیی لەبواری وەزیفەی گشتی ، بواری رێکخستنی داهات ، رێکخستنەوەی بنەماکانی حوکمڕانی لەبەرامبەر پێدراوە نوێیەکان، بەدیهێنانی شەفافیەت، ئاشکراکردنی داهات  . ئەم راشکاویەی سەرۆک وەزیران رەنگە خوێندنەوەی واقعی بۆنەکرابێت ، ئەزمونی ۲٨ ساڵی دامەزراوەکانی ئێمە لە حوکمڕانی گرفت کەسەکان نەبووە بەڵکو  ژینگەیەکی سیاسی ناتەندروست بووە ، پارتە سیاسیەکانی کوردستان لە دەسەڵات بوبێتن یان لە ئۆپۆزسیۆن هەمیشە فشاریان لە حکومەت کردووە و حکومەتیان خستۆتە جوغزێکی تەسکەوە بۆ ئەوەی داواکاریەکانیان جێبەجێ بکات، ئەمە بەرهەمی کارلێککردنی هاوکێشە سیاسیەکا ن بووە لە کوردستان، بەڵام ئەم زەمان و مەکانە  وادەخوازێت چارەسەربکرێن .
بابەتێکی دیکە گرنگە ئاماژەی پێبدرێت ئەو کاردانەوە یە بوو کە لەسەر وتنی راستیەک هەندێک  زۆرترین قسەیان هەبوو لە بارەیەوە وەک ئەوەی خەڵکی کوردستان پێویستیان بەو چوارچێوە تیۆرییە ئابوورییە بێت  ، دەهاتن چەمکەکانی قەرز و ئیلتزام و ... هتد یان بۆ خەڵک لێکدەدایەوە .بەرێز مەسرور بارزانی کە وتی ۲۷ ملیارد دۆلار قەرزارین  بەوپەری بوێرییەوە باسی کرد ، ئەوە یەکەمین باسکردنیشی نەبوو  لە ووتارەکەیدا لەپارلەمانی کوردستان لە ١٠ ی ٧ی ٢٠١٩ بەم دەقە ئاماژەیدا : { بەرێزان حکومەتێکمان وەرگرتوە کە چەندین ملیارد دۆلار قەرزدارە ، ئەم قەرزانە کەڵەکەبووی رەوشی نالەباری دارایی دۆخێکی نەخوازراوە دەبێت هاوڵاتیانی ئازیزمان و هەموو دڵسۆزان لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بزانن کە بەشی زۆری ئەم قەرزانە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراقی فیدرال ئەویش بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەیەک کەمووچەو مافی هاوڵاتیانی هەرێم بووە} (٢). 
تۆ لە دراوسێیەکت پارە وەربگریت ، یان بچی پارەی نەختیینەی بانکە ناحکومیەکان رابکێشیت  یان پارەی کۆمپانیای نەوتت لەسەر ماڵ بێت و نەتدابێت یان بەڵێندەر پرۆژەی بۆ دروستکردبێت  و پارەی خۆیی وەرنەگرتبێت  یان موچەی فەرمانبەرانت پاشەکەوت کردبێت ،بەتەواوی  هەموو ئەمانە دەزانین هۆکارەکەی نەناردنی بودجەی کوردستان بوە لە لایەن حکومەتی فیدرالەوە ،  ئیدی ئەم فەلسەفە بەخشینەوەی بۆچیە ؟ کەواتە تۆ قەرز بێت یان ئیلتزام یان هەر ناوێکی دیکەت حەز لێیە  لێیبنێ کەی ئەوە گرفتە؟ . کەواتە تۆ پارەیەکت لەسەرە وەک حکومەت ، کەی ؟ چۆن ؟ بەچی ؟ ئەوانە وردەکاریین ، بەڵام وێنەکە روونە کە تۆ پارەیەکت بەسەرەوە ماڵە، حکومەتیش بەشەفافی هەموو ئەو داتایانە بۆ پەرلەمان و رای گشتیش دەخاتە روو.. 
ئەمە میلادێکی نوێ نییە لە حوکمڕانی ، بەڵکو ئەو ستاییلەیە لەحوکمڕانی کە وتنی هەموو راستی و واقعەکانە بە هاوڵاتیان ، رەنگە هەندێک جاریش بوترێت کە خەڵکی ئێمە لەگەڵ ئەم شێوازە ، ئەوپەڕی سەراحەت ، رانەهاتوون بەڵام ئەمە دەرگا کردنەوە بوو بۆ ئایندەش کە نابێت لەمەودوا هیچ لە خەڵک شاراوەبێت. 
کۆی گشتی ئەم راستگۆییە لەگەڵ خەڵک و بەگوێدادانی بانگی چاکسازیی بێ گرفت و کاردانەوە نابێت . هەندێک دەیانەوێ بڵێن ئەم حکومەتە قەرزار نیە و بە ئەنقەست موچەی خەڵک نادات ، ئەگەر وایە کوا ئەو پارەیە لە کوێ یە؟ بفەرموون بەکردەوە دەستی بخەنە سەر با هەمومان حکومەت ناچار بکەین بیدات . هەندێکی دیکە دەزانن و گەیشتونەتە یەقین کە کوردستان بەو جۆرە بەڕێوەناچێت و ئەو سەرۆک وەزیرانە ئەگەر هەرچی کردبێت هەر چاکسازیی دەکات چونکە دەبێت و لەسەریەتی بژێوی خەڵکەکەی  دابین بکات ، ئینجا لەمە حزبەکەی زەرەر دەکات یان حزبی دیکە ، دەبێت هەر ئەنجامی بدات چونکە کۆی گشتی خەڵک ژیانێکی باشتری دەبێت و کوردستانیش دەپارێزێت ، ئەمەش بێ کاردانەوە نابێت بەڵام  ئیدی ناتوانرێت دۆخی باو بەردەوام بێت ، وەک ئاگاداریشم بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ،سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک چۆن لەسەرەتای کابینەی نۆیەمەوە پاڵپشتیکاری هەنگاوەکانی حکومەت بووە ،بۆ ئەنجامدانی چاکسازیش بەرگریکار و پشتیوانی حکومەتە .کوردستانیش رێگای دیکەی لەبەردەم نیە جگە لە چاکسازیی گشتی لە کۆی سێکتەرەکانی حکومی و بەدیهێنانی دادپەروەری .
هەموو ئەو بنەمایانەی نووسین بوو، لەسەری رێککەوتبووین ، ئێستا پێدراوە نوێیەکان دەڵێن کاتی بەکردەییکردنیەتی .بۆیە سەرۆک وەزیران وتی من لەبەرەی خەڵک دەمێنمەوە ، ئەم ڕستەیە رەنگە هاوڵاتیان بەسادەیی وەری بگرن بەڵام ئەوانەی بەرژوەندیان دەکەوێتە مەترسییەوە زۆر بە قوڵی تێی دەگەن. بۆیە بەرپرسیارێتی هەموومانە کە هاوبەشین ئێمەش لەبەرەی خەڵک بمێنینەوە.
سەرچاوەکان:
۱ـ هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان  :https://gov.krd/government/agenda/
٢- دەقی وتاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان . پەرلەمانی کوردستان . ١٠ ی ٧ ی ٢٠٢٠
وتارەکە بەنوسراو : 
وتارەکە بە ڤیدیۆ:
لەچەناڵی یوتیوبی پەرلەمانی کوردستان لە پاش ١:١٣:٥٩ چرکەوە دەتوانن بینەربن: