شۆڕش حاجی ئۆمه‌ر
05/06/2020
یادی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
سه‌رهه‌ڵدان و هاتنه بونی هه‌ر دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی پێویستی به كۆمه‌ڵێك هه‌لومه‌رجی تایبه‌ت و دیار یكراو هه‌یه، به شیوه‌یه‌ك كه ئه‌و هه‌لو مه‌رج و فاكته‌ره تایبه‌تمه‌ند و دیاریكراوانه له توانایاندا هه‌بێت زه‌مینه‌یه‌كی له بار و كه‌شێكی گونجاو بۆ هاتنه دی ئه‌و دیارده‌یه بڕه‌خسێنن.
هه‌مو ئه‌و بزاڤ و شۆڕشانه‌ی له جیهاندا به‌رپا كراون و نوێنه‌رایه‌تی خواست و ئیراده‌ی میلله‌تێك یاخود چینێكی چه‌وساوه و بنده‌ستیان كردبێ، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه هه‌روا له خۆڕا و به شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی په‌یدا نه‌بون. به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری بابه‌تی و خودی (مه‌وزوعی و زاتی) ڕۆڵی گرنگیان له فه‌راهه‌م كردنی زه‌مینه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و بزوتنه‌وانه‌دا بینیوه. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش به‌ڵكو پێویسته هه‌مو ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه خودی و بابه‌تیانه به شێوه‌یه‌كی دینامیكی یه‌كانگیری یه‌كتر بن ئینجا له توانادا هه‌یه بوار بۆ له دایك بونێكی سروشتی بێته ئاراوه. به مانایه‌كی تر هیچ یه‌ك له‌و بویه‌رانه‌ی باسم كردن ناتوانن به ته‌نها و به بێ به‌شداری ئه‌وانی دیكه زه‌مینه‌یه‌كی له بار بۆ وه‌ها شۆڕش و بزوتنه‌یه‌ك بهێننه دی. هه‌مو تیوریه زانستیه شۆڕشگێڕیه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر بونی سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌ل و مه‌رجانه ده‌كه‌نه‌وه و پێیان وایه هه‌مویان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه ئینجا ده‌كارن دۆخێكی شۆڕشگێڕانه ساز بكه‌ن.
لینینی ڕێبه‌ری شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری مه‌زن له یه‌كێك له نوسراوه‌كانیدا به‌م شێوه‌یه باسی هه‌لو مه‌رجه بابه‌تیه‌كان ده‌كا:-
یه‌كه‌م:- چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان چیتر نه‌توانن به شێوه‌ی كۆن حوكم بكه‌ن و چینه ژێر ده‌سته‌كانیش له توانایاندا نه‌بێ چیتر به‌و شێوه‌یه درێژه به ژیان بده‌ن.
دوه‌م:- هه‌ژاری و برسێتی و نه‌بونی بگاته لوتكه.
سێیه‌م:- هه‌ڵكشانی ئاستی چالاكی جه‌ماوه‌ری و میللی.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به فاكته‌ره خودیه‌كان ئاوا ئاماژه ده‌كا:-
یه‌كه‌م:- بونی حیزبێكی شۆڕشگێری به توانا بۆ ڕێكخستن و ڕاپه‌ڕاندن و ڕێبه‌رایه‌تی كردنی خه‌ڵك.
دوه‌م:- ئاماده‌یی خه‌ڵك بۆ گیانفیدایی و ڕاپه‌ڕین و هه‌ڵگیرساندنی ئاگری شۆڕش.
ئه‌گه‌ر ئه‌و فاكته‌ره بابه‌تی و خودیانه‌ی لینین باسی لێوه كردون، بكه‌ینه پێوه‌ر و هه‌ل و مه‌رجی سه‌رهه‌ڵدانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له 1-6-1975 و دواتریش به‌رپا كردنی شۆڕشی چه‌كداری له ناوه‌ڕاستی سالی 1976ی پێ بپێوین، ئه‌وا ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه كه هه‌ڵگیرسانی چه‌خماخه‌ی شۆڕشی نوێ، جگه له یه‌كێكیان، ناچێته ژێر ڕكێفی هیچ یه‌ك له‌وهه‌لو مه‌رجه زاتی و مه‌وزوعیانه‌وه !.. با بزانین چۆن؟
له ڕوی بابه‌تیه‌وه عێراق وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌نی یه‌ده‌گێكی زۆری نه‌وت و ئابوریه‌كی به‌هیز و جیگیر بو. له لایه‌ك به‌رخوردار بو له قووڵاییه عه‌ره‌بیه‌كه‌ی و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندیه‌كه‌ی و هه‌ڵكه‌وته جیو ستراتیژیه گرنگه‌كه‌یه‌وه له لایه‌ن زۆربه‌ی هه‌ره زۆری وڵاتانی دنیا پشتیوانی لێده‌كرا. ئاستی بژێوی خه‌ڵك ڕو له هه‌ڵكشان و هه‌لی كاركردن فره و هیچ كه‌سێك بێ ده‌رامه‌ت نه‌بو.
سه‌باره‌ت به كورد، له ڕوی بژێوییه‌وه كار و كه‌سابه‌ت و هه‌لی ئیش كردن زۆر و هیچ جیاوازیه‌كیان له‌گه‌ڵ تێكڕای خه‌ڵكی عێراق نه‌بو. سه‌فه‌ر و گه‌ڕان و سوڕان ئازاد و بێ كێشه بو. له ڕوی سیاسی و فه‌رهه‌نگیشه‌وه، بونی هه‌ندێ دام و ده‌زگای وه‌ك ئه‌نجومه‌نی ته‌شریعی و ته‌نفیزی( با كارتۆنی و هیچ خێریشی بۆ كورد نه‌بوبێ) به‌ڵام دیسانیش سه‌لمێنه‌ری تایبه‌تمه‌ندێتی كوردستان بو. كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه‌ی كلتوری و هونه‌ری وه‌ك ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و گۆڤار و ڕۆژنامه هه‌بو. چاپ كردنی كتێب و بڵاو كراوه له زۆربه‌ی بواره فه‌رهه‌نگیه‌كان ئازاد و نواندنی چالاكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و ئاهه‌نگ گێڕانی كورده‌واری له بۆنه و یاده نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا كه‌متر پێشگیری لێده‌كرا. بار و دۆخی ئه‌وسای باشوری كوردستانی بنده‌ستی به‌عس به به‌راورد به بارودۆخی كورد له پارچه‌كانی دیكه، بێ وێنه بو.
له ڕووی زاتیشه‌وه به‌م شێوه‌یه بو:-
تازه شۆڕشی ئه‌یلول هه‌ره‌سی هێنا بو، زیاتر له 100 هه‌زار پێشمه‌رگه بڵاوه‌ی پێكرا بو. زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان تا ده‌گاته ئاستی سكرتێری ئه‌وسای پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌سلیمی ڕژێم ببونه‌وه. ئه‌و كاره‌ساته باندۆرێكی نێگه‌تیڤی یه‌كجار قووڵی كردبوه سه‌ر ده‌رونی گه‌لی كورد و له ڕوی سایكۆلۆژیه‌وه وا تێكشكا بو، وا كه‌وتبوه ژێر كاریگه‌ری ئه‌و سه‌دمه‌یه‌ی كه له ئه‌نجامی بڕیاری كۆتایی هێنان به شۆڕش و په‌رته لێكردنی پێشمه‌رگه‌وه هاتبوه كایه‌وه، گه‌یشتبوه ئه‌و بڕوایه‌ی كه ببڕای ببڕ جارێكی تر كورد ناتوانێ ده‌ست بداته چه‌ك و قسه له خه‌بات و به‌ره‌نگاری بكاته‌وه!..
داڕوخانی شۆڕشی ئه‌یلول وه‌ك شكستێكی نه‌ته‌وایه‌تی مه‌زن، میلله‌ته‌كه‌مانی وا سه‌رگه‌ردان و بێچاره كردبو كه هیچ تروسكاییه‌كی ئومێدیان شك نه‌ده‌برد. به هه‌ر لایه‌كدا بیریان ده‌كرده‌وه جگه له بێ هیوایی شتێكی تریان به دینه‌ده‌كرد، بۆیه له‌وان ڕۆژاندا باس كردنی سه‌ر له نوێ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕش نه‌ك هه‌ر پێشوازیه‌كی ئه‌وتۆی له لایه‌ن میلله‌ته‌وه لێنه‌ده‌كرا به‌ڵكو وه‌ك سه‌ركێشیه‌كی خراپ ئه‌نجام و هه‌ڵزنان به قوله‌ی قافی مه‌حاڵ چاوی لێده‌كرا !.
خه‌ڵك له‌و بۆچونه‌یاندا ناهه‌ق نه‌بون چونكه شۆڕشێك كه خاوه‌نی زیاتر له 100 هه‌زار پێشمه‌رگه و ئیمكانیات و داراییه‌كی زۆر و چه‌ك و جبه‌خانه‌یه‌كی بێ ژمار و ناوچه‌یه‌كی ئازاد كراوی فراوان و پشتیوانیه‌كی گه‌لێری كه‌م وێنه، ئینجا بوه ئاردی ناو دڕك و دار و به‌ردی به‌سه‌ر یه‌كه‌وه نه‌ما، له كوێ بڕوا ده‌كرێ كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێكی به ژماره و ئه‌زمون كه‌م و به بێ بونی ئیمكانیاتی ماددی و سه‌ربازی پێویست، نه‌چه‌مێن و جارێكی تر ئاڵای شۆڕش و به‌ره‌نگاری بشه‌كێننه‌وه؟!!.
ئه‌و كاره له مه‌حاڵ مه‌حاڵتر بو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌و ڕاستیه به‌ڵگه‌دارانه، سه‌ره‌ڕای ناهه‌مواری بار و دۆخی به‌ره‌نگار بونه‌وه ده‌بینین یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاری ده‌سپێكردنه‌وه‌ی شۆڕشی نوێی دا. ئه‌و بڕیاره وێڕای بێ وێنه‌یی بونی له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه و جیهانیش، هه‌ره‌سی به هه‌مو ئه‌و تیوریه شۆڕشگێڕانه‌یه‌ش هێنا كه له‌و باره‌یه‌وه هه‌بون. سه‌لماندی كه ته‌نها بونی ئیراده و شێلگیری فیداكارانه‌و عینادی شۆڕشگێڕانه‌ی ده‌سته‌بژیرێكی خه‌باتكار، به بێ ئاماده‌یی و له باری فاكته‌ره زاتی و مه‌وزوعیه‌كانی تر ده‌توانن ئاگری به‌رخۆدان و شۆڕش هه‌ڵگیرسێنن!!
لیره‌دا بۆ پشتیوانی كردنی ئه‌و بۆچونه‌ی سه‌ره‌وه‌م جێی خۆیه‌تی به‌راوردی بارودۆخی باشوری كوردستان و پارچه‌كانی دیكه بكه‌م. له ڕۆژهه‌ڵاتدا له دوای كۆتایی هاتنی كۆماری كوردستان و خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دان و له پاشاندا له سێداره دانی پێشه‌وا قازی له ناوه‌ڕاسته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردودا و تا ڕووخانی حكومه‌تی حه‌مه ڕه‌زا شا له ساڵی 1979، سه‌ره‌ڕای سیاسه‌تی داپلۆسین و دژی گه‌لی حكومه‌تی په‌هله‌وی، سه‌ره‌ڕای نه‌بونی هیچ مافێكی سیاسی و كه‌لتوری، كه‌چی جگه له چه‌ند جوله‌یه‌كی چكۆڵه، شتێكی شایانی باس نابینرێ !. واتا كش و ماتی سیاسی له ڕۆژهه‌ڵاتدا زیاتر له 30 ساڵی پێچ‌و. ڕوخانی حكومه‌تی شاهانشاهی له لایه‌ن گه‌لانی ئێرانه‌وه ده‌رفه‌تی سه‌ر له نوێ بوژانه‌وه‌ی هیوای كوردی ره‌خساند ئه‌گه‌ر نا مه‌گه‌ر هه‌ر خوا بزانێ ئه‌و دۆخی بێ هیواییه تا كوێی ده‌خایاند؟!
له باكوری كوردستانیش دوای شكستی ڕاپه‌ڕینه‌كانی كورد له ساڵانی بیست و سیه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا تا سه‌روبه‌ندی سه‌رهه‌ڵدانی خه‌باتی چه‌كداری له لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه له ناوه‌ڕاستی هه‌شتایه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردو، سه‌ره‌ڕای پیاده كردنی سیاسه‌تی شۆڤینستی و ڕه‌گه‌ز په‌رستانه‌ی كه‌م وێنه له لایه‌ن تۆرانیه كه‌مالیسته‌كانه‌وه، كه‌چی نه‌ك هه‌ر باسێك له به‌رخوه‌دان نه‌بو، به‌ڵكو میلله‌ته‌كه‌مان له‌و به‌شه‌ی بنده‌ستی تورك له خه‌ویكی قوڵی بێ ئاگایی و له ڕووی سایكۆلۆژیه‌وه ئاماده‌ییه‌كی زۆری بۆ توانه‌وه له بۆته‌ی توركایه‌تیدا تێدا به دیده‌كرا !. به جۆرێك تا ئه‌م دواییه‌ش خه‌ڵكێكی زۆر نه‌ك هه‌ر زمانی زگماكی خۆیان نه‌ده‌زانی، به‌ڵكو خه‌به‌رێكی ئه‌وتۆشیان له باره‌ی كورد بون و كوردایه‌تیه‌وه نه‌بو!. واتا له باكوریش زیاتر له نیو سه‌ده‌ی خایاند تا جارێكی تر كورد له‌و به‌شه‌دا له خه‌وی بێ به‌شی و ته‌په‌سه‌ریدا ڕاچه‌نین!. له ڕۆژاڤاشدا هیچ جم و جۆڵێكی كوردایه‌تی تایبه‌ت به خۆی بونی نه‌بوه تا ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی سوریا له دژی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د و ئه‌وه‌ی كه به به‌هاری عه‌ره‌بی ناسراوه.
له‌و به‌راورده ئه‌وه‌مان بۆ ڕون ده‌بێته‌وه كه له‌گه‌ڵ له باری و ئاماده‌یی دۆخی شۆڕشگێڕانه له به‌شه‌كانی تری كوردستاندا كه‌چی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر نوزه‌یه‌ك له‌به‌ر كورده‌وه نایێت، به‌ڵام له باشوردا سه‌ره‌ڕای سه‌ختی و ناهه‌مواریه‌كانی هه‌ل و مه‌رجی خه‌بات، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به ڕابه‌رایه‌تی جه‌نابی مام جه‌لال لێناگه‌ڕێن پشكۆی شۆڕش له ژێر خۆڵه‌مێشی نائومێدیدا خه‌فه بكرێ و سه‌ر له نوێ ده‌یگه‌شێننه‌وه !!!
سڵاو له یادی سه‌رهه‌لدانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی نوێ.
درود بۆ گیانی پاكی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگای سه‌رفرازی گه‌ل.
سه‌ركه‌وێ ئیراده‌ی ته‌بایی و برایه‌تی له پێناوی وه‌دیهێنانی ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان.