یەكێتی لەنێوان دوو بژاردە دایە

محه‌مه‌د ناوه‌ندی


28/06/2020

  "تەنگەژە گەورەكان ڕووداوی گەورە بەدوای خۆیاندا دێنن" ئەوە وتەی من نییە، به‌ڵكو بیردۆزێكی جێگیری سیاسەتە، هەموو جیهان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و تەنگەژەی سیاسی بووه‌تەوە بەهۆی ڤایرۆسی كۆڕۆناوە،  بەپێی جیاوازی توانای وڵاتان و حكومەتەكانیان لە شێوازی ڕووبەڕوو بوونەوەكەدا، هێشتا زووە بزانین چی ڕوودەدات؟ دوای تێپەڕبونی قەیرانەكەو چی دەگۆڕێت و چی بەدوای خۆیدا دێنێت؟ بەڵام هیچ یەكێك لە وڵاتان بارودۆخی سیاسی و داراییان وەك پێش كوڕۆنا نابێت و بەدڵنیاییه‌وه‌ پێوەندی تاكەكانیش گۆڕانی بەسەردا دێت.

حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق بەر لەكورۆنا خەریكی تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و خۆڕێكخستنەوەی حكومەت و باشتركردنی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان بوو، لەپڕ بەهۆی كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت نەوەك هەر نەتوانرا بەرەو باشتر بچێت بەڵكو چەندین هەنگاو پاشەكشەی كردوەو گەیشتووتە شوێنێك  حكومەت و شەراكەت لەلێواری كەوتن و هەڵوەشانەوەدان و پێوەندی نێوان هاوڵاتی و حكومەت گەیشتۆتە ڕادەیەك كەمترین متمانە لەنێوانیان نەماوە و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی بكوژی كوڕۆنا ناكەن لە كاتێكدا وڵاتە زلهێزەكانی تووشی قەیرانی قوڵكردوە، هاوڵاتیانی هه‌رێم كۆرۆنا "بەدرۆی حكومەت" و خۆشاردنەوە لە پێنەدانی مووچە هەژماری دەكەن، ئەوە ئەگەر بەشێكی پەیوەست بێت بەپێشینەی خراپی پێنەدانی مووچەو پاشەكەوتەوە بەلای منەوە بەشە زۆرەكەی لەئێستادا مامەڵەی جیاوازی سێ لایەنی بەشداربووی بەهێزی حكومەتە بەیەك دووری مامەڵە لەگەڵ بابەتەكەو شەقام و هاوڵاتی ناكەن و ئەجێندای حزبیان لەقۆناغێكی واهەستیار تێكەڵ بەتەنگەژەی دارایی و حوكمڕانی كردووە، هەڵبەتە من مافی ئەوەم نیە بۆ پارتی و گۆڕان پێشنیار پێشكەش بكەم، بەڵام دەمەوێت بە حیزبەكەم (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)  بڵێم تەنها لەنێوان دوو بژاردەدایەو بژاردەی سێیەمی نییە.

یان دەبێت خاوەندارێتی حكومەت بكات و بە هەموو توانای خۆیەوە پارێزگاری لە حكومەت و سیاسەتەكانی بكات و ببێتە شەریكێكی ڕاستەقینەو لەكوێ گرفت هەیە لەگەڵ پارتی و گۆڕان چارەسەری بكەن .. یان بەڕاشكاوی لەحكومەت بكشێتەوەو ئەو بەرپرسیارێتیە بۆ پارتی و گۆڕان جێبهێڵێت ..

ئەوە ئەسڵی بابەتەكەیەو لەوێدا بەدڵنیایی زۆر شت دەگۆڕێت، كشانەوە لەحكومەت سیاسەتی دوژمن كارانە نیەو بگرە لەوانەیە هۆكارێك بێت بۆ بەجدی تر كاركردنی ئه‌و دوولایەنەی تر بۆ چارەسەری كێشەكان، ئەو دونیا بینییە دەبێ تەم و مژەكانی بڕەونەوە ئەگەر پارتی و یەكێتی لەحكومەت پێكەوە نەبن شەڕ دەبێت ئەو سەردەمە لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و واقیعی ناوچەكەش بەسەرچووە، سیاسەتی مانەوە لەنێوان حوكمڕان و بەرهەڵستكاری دەسەڵات خراپترین جۆری سیاسەتەو ئەزموونی ڕابردووی بزوتنەوەی گۆڕان ( لەگەڵ ڕێزمدا بۆبرایانی گۆڕان ئامانج تێ گەیاندنە) سیاسەتێكی شكست خواردوەو حیزب گەشەی پێ ناكات، ئێستا ئێمە لەناو تەنگەژەیەكی گەورەداین و دەبێ گۆڕانی گەورەش ڕوبدات، بەدڵنیایی ئەگەر یەكێتی بەهەموو توانایەوە پشتیوانی لەحكومەت بكات، یان بكشێتەوە گرینگیەكی زۆری دەبێت و ئەگەری گۆڕانی گەورەی لەهەموو بارێكدا لێ چاوەڕوان دەكرێت .