كوردو زیندان و سەدای ئازادی

سالار مەحمود


14/07/2020

مێژووی كورد پڕە لە چیرۆكە جیاجیاكانی زیندان، 
مرۆڤی ی كورد لەسەر خاكی خۆی، لەناو شاری خۆی زیندانی كراوە. براوەتە مەنفا زیندانی كراوە. دوورخراوەتە بۆ جەزیرەو سەحراكان و قەڵا دورە دەستەكان لەوێ زیندانی كراوە.

ئەگەر ناودارترین زیندانەكانی  مێژوو ناوبێنین وەك زیندانی تەدمور، لاسانتی، ئاوشڤێتز، كارەدیرۆ. ئەوا زیندانی دیاربەكرو نوگرەسەلمان و ئەبوغرێب و زیندانی موسڵ. لە ترسناكترین و هاوشێوەی زیندانە تاریكەكانی جیهانن. چیرۆكەكانی كوردو كوردستان بە هونەرو دەنگ و شیعرو نەخشاندن و ئازار و ئاوازی ئازادی تۆماركراون.

كورد دونیایەك دەستنوس و تابلۆو یاداشت و سەربردەی تاڵی زیندانی هەیە.
زیندان لەو وڵاتانەی  كوردستانی بەسەردا دابەشكراوە شوێن و وێستگەی دابڕین و لێ سەندنەوەی ئازادی و دابڕان لە دونیای دەرەوەی مرۆڤی كورد بووە. بەئامانجی تێكشكاندن و فەوتاندن و داماڵین لەكەسایەتی و مرۆڤ بوون. 

لەوەتەی مرۆڤ هەیە، تێكۆشان بەدوای ئازادیدا هەبووەو هاوتەریب زیندان هەبووە. مرۆڤی كورد هێشتا لەناو بێدەرەتانی ئەو چارەنووسەدایە. بەهەموو شێوەكانیەوە، زیندانی بەكۆمەڵ و زیندانی تاك. كورد جگە لەچەشتن و تاقیكردنەوەی هەموو  جۆرەكانی زیندانیكردن. بێ جێی نابێ بڵێم لەوەتەی كورد هەیە زیندان هەیە و گەلەكۆمەی لێ سەندنەوەی ئازادی لەكورد هەیە!. هەر بۆیە لە ئەدەبیاتی كوردیدا زیندان پانتاییەكی بەرینی گرتوە. لەمێژووی رزگاری نیشتمانیدا زیندان سەنگەرێكی ترە، لە چیرۆكەكانی تاواندا زیندان تاركترین مۆڵگەی رووناكی كوژو ئازادی خنكێنە.

لە جیهاندا نوسین و رۆمان و چیرۆكەكانی زیندان زۆرن، هەڵبژاردەی نامەكانی زیندانی گرامشی، زیندانیەكی بێ ناوی ماندێلا. بیرەوەریەكانی  ژنێكی زیندانی  نەوال سەعداوی. لای شاعیران و نوسەرانی كوردیش دەق و باس و خواستی زیندان زۆرن. 

گۆرانی شاعیر لەبارەی زیندانەوە دەڵێ( 
ئەی دەنگی دوور
بەئاستەمێك ئەگەیتە ژوور
ئاخۆ سپیت یا رەش یا سور
وەرە پێشتر
وەك چۆن ئاو ئەڕژێتە ناو ئاگر
لە ڕێی گوێوە بڕژێرە، گیان
زیندانم پڕ كە لە كۆڵدان.

شەهید مەلا عەلی لە بەشی سێدارەی زیندانی موسڵەوە بەكوردیەكی رەوان چارەنووس و بەرگرینامەو حاڵی زیندان دەهۆنێتەوە"

مەرگی ئاوا ناگۆڕمەوە بە سەد ژین
ژینێك سەرم بۆ دوژمن بێ بە پەرژین
سەربەرزییە كە پێڵاوم ئەبینن
بەسەر سەری دوژمنەوە لە بەرزین..
...........
برا دوورو خزم دوورو كەسم دوور ..
بەنابەڵەند تەمەن ئەمبا بەرەو ژوور 
بەڵام ڕونە بەرەو سێدارە جونە ..
خەنەی خوێنم لە پێگرێ ئاڵای سوور.

دیلان و كاكەی فەلاح و شێركۆ بێكەس دەق و وێنەی شیعری دانسقەیان لەبارەی زیندان و مەنفاوە هەیە.

ئەم بەركوڵەی بەگشتی ئاماژەم پێكردن بۆ چوونە ناو باس و خواسی سەلاحەین دەمیرتاشە لە زیندان.

زیندانیكردنی ئەو لاوە هەڵكەتوەی كورد لە توركیا، ئاماژەیە بۆ زیندانیكردنی نەتەوەیەك بەهەموو ژانەرەكانیەوە. ئەوی سیاسەتوان و چیرۆكنوس و دەنگبێژو موزیكژەن و تابلۆكێش.

مرۆڤی ئازادیخواز دەتوانێ زیندان بكاتە گۆشەی داهێنان وەك چۆن بەو پرۆسەیەدا دەمیرتاش دەڕواو كۆمەڵە چیرۆكێكی لە دوو توێی ( سەحەر) و ( دەوران) دا نوسیەوەو چەن تابلۆیەكی نەخشاندوەو وا رۆمانی (لەیلا)ش تەواو دەكات. دەمیرتاش كوردی زازا، لە زیندانەوە خۆی فێری نوسین بە كرمانجی كردوە.

ئەو لەسەر پەیامی ئاشتی و هاوبەشی گەلان لەژیان بەردەوامە. داكۆكی لە مافی گەلەكەی دەكات.

دەمیرتاش بەمانا (نوێنەری گەل) پەرلەمانتارو خاوەن ناسنامەی گەلێكی ئازادیخوازە. بەڵام دونیای سەرمایەداری چاوی كوێرەو گوێی كەڕە لە فوغانی كوردو جاڕنامەی مافی مرۆڤ درێژترین درۆی نوسراوی سەر ئەم زەمینەیە.

بۆ هیچ تاكێكی كوردێك لە هەر پێگەو جێ و سەر زەمینێكیشدا بێ دەتوانێ و بەهانەیەك نییە بۆ دواخستنی خەباتی نیشتمانی. ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانیی كورد دواخستن هەڵناگرێت. ئەگەر نەتەوە پەروەریی بۆ نەتەوەكانی دونیا رەوابێ ئەوا بۆ كوردی مافزەوتكراو  ستەملێكراو ئەركە، وەك فەرزی ئاینی و وەك هەواو ئاوو نان بۆ مرۆڤ.

دەمیرتاش ئیلهام بەخشە،  مرۆڤی كورد دەبێ سەرباری نادادی خۆیی و بێباكی زۆرێك بەناو سەركردەی بنكردە.

لە تاریكترین ساتەوەختەكاندا لە دەست و پێی قوڵفدراوەوە  حەتمیەتی مێژوو لە بیر نەكات كە راستی هەر سەركەشانە جێی خۆی دەگرێ و ستەمیش لەئەستوربونی خۆیدا دەپچڕێ.