نھێنی ئەم عیشقە چیە؟

دڵشاد عه‌بدولڕه‌حمان


16/07/2020


حەیدەر عەبادی وعادل عەبدولمەھدی بۆماوەیەکی زۆر بەشێک لە بودجەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمیان بەبێ بەرانبەر دابین دەکرد ،کەچی ئەوە حەیدەر عەبادی ھەر باس مەکە وەکو دوژمن سەیردەکراو لەڕاستیشدا ئەوەی ئەو کردی بەرانبەر ھەرێم وناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم کارێکی دوژمنکارانەی گەورەبوو ،ڕەنگە بۆ زەمەنێکی ئێجگار دوور لەئێستاوە نەتوانین ئاسەوارەکانی بسڕینەوە.سەبارەت بەعادل عەبدولمەھدی لەسەرەتاوە وەک پێشمەرگەی کۆنی کوردستان و کوڕی شاخەکان دەناسێنرا،بەڵام بەقودرەتی قادر لەم دواییانەدا نوێنەرانی کورد کەوتنە تەقە لێی و ڕۆڵێکی خراپیان دی لە گۆڕینی بۆ کازمی .کازمی ھات و بەر لە وەرگرتنی متمانەی پەرلەمانی عێراق نوێنەرانی کورد لەبەغداو ھەرسێ سەرۆکایەتیەکەی ھەرێم وزۆربەی حزبەکانیش لەھەرێم کردیانە شایلۆغان. بروسکەی پیرۆزبایی وپشتگیری بێ مەرجیان کردە دیاری.نەک ھەر ئەوەندە کێبڕکێی کورد لەوەدابوو کەکێ زۆرتر دۆستی کازمیەو کامیان زیاتر یادەوەریان لەگەڵی ھەیەو ئایا جەنابیان لەھەولێر زیاتر ژیاوە یان لەسلێمانی .ئەوە باسی ھێلکەوڕۆنەکەی گەرمیان ھەر مەپرسە.کازمی ھات و پاداشتی کوردی بەوەدایەوە کە پارتی ویەکێتی کێ یان ویست کازمی بۆیکردن بەوەزیرو بودجەی بەشێک لەموچەی فەرمانبەرانیش کە پێشتر لەزەمەنی عەبادی وعەبدولمەھدی دادەھات ،ئێوەخۆش .ئەوەی عەبادی وعەبدولمەھدی دەیاننارد کازمی بڕی و لەوەش دەچێ ھەر ئاوا بەردەوام بێ.باشە پرسیارێک سەرھەڵدەدا لەپای چی نوێنەرانی کورد لەبەغداوھەولێر لەگوڵ کاڵتر بە کازمی ناڵێن بۆ بەزمانێکی خاوەن ماف داوای مافی موچەخۆرانی ھەرێم ناکەن ؟گەندەڵی ودزی وڕاوڕووت سەرجەم عێراقی گرتۆتەوە بە ھەرێمیشەوە بەڵام ئەوانە ھیچیان پاساونین بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەران.ئەگەر حکومەتی فیدراڵی بودجەنەنێرێ ،سنور نەپارێزێ ،ئێ باشە پاساوی مانەوەمان لەم عێراقە چیە؟وەک بەڕێز عارف قوربانی لەوتارێکدا دەڵێ ،پێنج ملیۆن کورد بکرێنە بارمتەی پلەوپۆستی حەفتاکورد لەبەغدا!بەڕاستی بێدەنگی سەرۆکایەتی ھەرێم وپەرلەمان وحکومەتی کوردستان بەرانبەر کازمی شەرم ھێنە . ئەم دۆخە ئەوە دەخوازێ کە پەیامی ئەوە بدرێتە بەغدا کەکورد لەپرۆسەی سیاسی عێراق دەکشێتەوە ئەگەر بەغدا لەو لووت بەرزیەی بەرانبەر ھەولێر بەردەوام بێ .پێویستە وەفدی ھەرێم نەجێتەوە بەغدا ھەتا گرەنتی ئیمزاکردنی ڕێکەوتنەکە لەبەغداوە بەھەولێر نەدرێ .بەپێچەوانەشەوە کشانەوەی کورد لەتەواوی پرۆسەی سیاسی لەعێراق تاکە بژاردەیە کەلانی کەمی شکۆ بۆ ھەرێم وخەڵکەکەی دەپارێزێ.ئەگەر ئەوەش ناکرێ بائەو کوردانەی عەرابی بوونی کازمی بوون بەسەرۆک وەزیران ،پێمان بڵێن ،نھێنی ئەم عیشقەی نێوان کاربەدەستانی کوردو کازمی چیە؟