به‌تاڵكردنه‌وه‌ی جادووی شۆڕش.. تێڕوانینێك له‌ ڕۆمانی "ده‌ریاس و لاشه‌كان" ی " به‌ختیار عه‌لی"

کەلتوور

21/08/2020     ژمارەی بینراو 1778

به‌تاڵكردنه‌وه‌ی جادووی شۆڕش.. تێڕوانینێك له‌ ڕۆمانی "ده‌ریاس و لاشه‌كان" ی " به‌ختیار عه‌لی"

 

ڕاچڵه‌كین-سۆران ناسیح

با لەو دوو پرسیارەوە دەست پێ بکەین؛ شۆڕش چی گۆڕیوە لە خۆرهەڵات؟ یان چەمکی شۆڕش چ مانایەکی هەبووە بۆ سۆبێکتی"مرۆڤی" خۆرهەڵاتی؟ بۆ ئەوەی مانایەک، یان وەڵامێک دەستبخەین. دەبێت  بەشێوەیەکی ڕیترۆئەکتیڤ"ئاوڕدانەوەی پاشەوپاش" لە مێژووی خۆرهەڵات بڕوانین تا  مانایەک دەستەبەر بکەین، دەبینین شۆڕش هەمیشە لە خۆرهەڵات کۆمەڵێک بەڵێنی گەورەی هەڵگرتووە. هەر لە ئازادی و، یەکسانی و، دادگەری و ، دەستەبەرکردنی ماف و ژیانێکی باشتر لەوەی هەیە و ...... هتد. بەڵام هەر لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕش ئیدی ئەو بەڵێنە وەک خۆرە، ئەوەی هەشبووە لەدەست دەچێت و دەرئەنجامەکەی جگە لە جێگۆڕکێکردنی شوڕشگێری ئازادیخواز بۆ سەرکوتکار، ستەمکار ، بازرگانی گەورە چیدیکە نەبووە. لەبەرابەردا مانا و ناوەڕۆکی شۆڕش بۆ سۆبێکتی خۆرهەڵاتی، شتێک نەبووە بۆ گۆڕان لە هزر و بیرکردنەوە و، ڕزگاری و ئازادی خوددا. بەڵکو  شۆڕش جگە لە پارێزگاری و دەستگرتن بە مۆڕاڵە دینی و بابەتە ئەخلاقیەکان و، هێشتنەوەی کلتوورەکەی، مانایەکی تری نەبووە(هەر کەسێک  لێرە بگریت و لێی بپرسیت ئەخلاقی بەرزت دەوێ یان ئازادی؟ پێتدەڵێت ئەخلاقی بەرز، لەهەر کەسێک بپرسیت، ئایا ئامادەیت بمریت تا خوشکەکەت ئازاد بێت؟ پێت دەڵێت نا، بەڵام لە هەرکەسێک بپرسیت ئامادەی بمریت تا ئەخلاق و ناموسی خوشکەکەت، ژنەکەت، میللەتەکەت پارێزراو بێت، دەبینی هەموو تەیار و بە هەڵپەن بۆ مردن، ئەخلاقی بەرز شتێک نیە کەس بە دروستی بزانێت چییە، بەڵام عەوامی خەڵک وێنەیەکی تەماوییان دەربارەی هەیە. ل 131 ) ئەو وێنە تەماویی و لێڵە لە دین و ئەفسانەکانەوە دێت، بەجۆرێک لە فۆرمی تازەدا بەردەوام خۆیی باردەهێنێتەوە بە واتایەکی تر. ڕوحی مرۆڤی خۆرهەڵاتی بە مانا لاکانییەکە درێژەدانیەتی لە ناو ڕەمزی خەیاڵیدا، واتە؛ ئەو وێنە دێرینانەی لە دینەکان و، ئەفسانەکانەوە دەپەڕنەوە بۆ کایەو زەمەنەکانی دوایی خۆیان و کاریگەریی قوڵ لە سەر دەروونی مرۆڤ جێدەهێڵن. لێرەوە دەکرێت ئەو دەرئەنجامە وەربگرین کە هەر ئەوەی ئێمە تا ئەم ساتە  لەم بونبەستە مێژووییەدا درێژە بە خۆمان دەدەین و ناتوانین بەشێک بین لەو پڕۆژە ڕۆشنگەرییە، بە مانا عەقڵانییەکەی لە ڕووی هزر و بیرکردنەوە و داهێنان و زانستدا. لێرەوە شۆڕش بۆ ئێمە، ئەو ئامانج و وەسیلەیە نەبووە  كه‌  هێزێکی دیالێکتیکی بێت نەجاتمان بێت لەو ئاوە وەستاوە بۆگەنەی تێداین. بەجۆرێک شکستمان هێناوە ئیدی دەکرێ بڵێین مێژووی ئێمە، مێژووی نەکردەییە. بۆشاییەکە و، وەک خۆیی ماوەتەوە. بۆشاییەک هەر جارەو سیاسیەک، جڤاکێک، ڕێگه‌ لە ڕوودانی دەگرێت. واتە؛ ڕێگه‌ لە ڕوودانی کردە دەگرێت. 

بۆیە لە مێژووی خۆرهەڵاتدا تێپەڕین بە ناو کردەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی  ڕووینەداوە، شتەکان بە جۆرێک بینا کراون، تەنها لە ڕێی  گۆڕینیان لە ڕیشەوە چاره‌سه‌ر ده‌بێت‌( دەریاس، هەموو وڵاتەکەی بەجۆرێک دەهاتە بەرچاو، وەک جێگایەک کە ناتوانرێت شتێکی گرنگی تیا بگۆڕدرێت. شتەکان وا دانرابوون و دروستکرابوون یان دەبوو بڕوخێنرێت یان دەستیان لێ نەدرێت. ل 23) کەواتە چۆن دەتوانین لەم بونبەستە دەرچین؟ لێرەدا دەگەڕێینەوە بۆ ئەو ڕەهه‌ندەی کردە لای "ژیژەک" واتە ئەو نەفیکردنەوەی دەرفەتی دووبارە خوڵقاندنەوە دروست دەکات. سەرلەنوێ  کایە کۆمەڵایەتی و، ئابووری و، سیاسیەکە بونیاد دەنێتەوە. دووبارە خوڵقاندنی نەفس و، خودێکی  تازە. "کردە" لە دیدی "ژیژەک"ەوە بریتییە؛ لە جۆرە لە دایکبوونەوەیه‌کی سۆبێکت. پێویستی بە نەفیکردنی تەواویی ڕەمزی باڵادەستە و دواتر نەفیکردنی ئەو ڕۆڵە ڕەمزییەی کە سۆبێکت قبوڵی کردووە. بەشێوه‌یه‌ك، وەک ئەوەی "ژیژەک" دەڵێت (کردە جیاوازە لە دەستێوەردانی چالاکانە، چونکە بکەر و هەڵگرەکەی خۆی لە ڕیشەوە دەگۆڕێت، "کردە" ئەو شتە نیە کە من بە سادەیی (ئەنجامی دەدەم) دوای کردە؛ ئیدی بە مانای تەواوی وشەکە "من هەر ئەوە نیم کە بووم" بەم مانایە ئێمە دەتوانین بڵێین؛ کە سۆبێکت "کردە" قبوڵ دەکات یان پیایدا تێپەڕ دەبێت نەک ئەوەی ئەنجامی بدات سۆبێکت لەو "کردە"دا  تیادەچێت و دووبارە لە دایک دەبێتەوە (یان نابێتەوە) واتە "کردە" پێویستی بە جۆرێک لە تیاچوونی کاتی و ئافانسیسی* سۆبێکتە 1) بەشێکی زۆری دەریاس و لاشەکان، ڕووبەڕوو کردنەوەی ئەو پرسیارەیە ئایا کردە ڕویداوە؟ ئایا سۆبێکتی خۆرهەڵاتی شۆڕش لە پێناو ڕزگاریی خۆیاندا دەکەن؟ یان بۆ ڕزگاربوون لەو وەهم و ئەفسانانەی لە دینەوە دەگواسترێتەوە بۆ کایە سیاسی و، کۆمەڵایەتییەکە و، هەمیشە چالاکن؟ بە جۆرێک ئەو دۆخە ڕەمزییە باڵادەستە نەفی بکەنەوە سەرلەنوێ بونیادی بنێنەوە.



پرسیار وەک خۆکوژی

لە سەرەتای گەڕانەوەی دەریاس و، کارکردنی لە ئەرشیفخانەکەدا ترس و، دڵەڕاوکێ لای کارمەندەکان دروست دەکات، هەر ئەوەی پێشتر کەسێکی پسپۆڕ لەوێ کاری نەکردبوو، کەسێک بینینی بۆ شتەکان جیاواز تر بێت، هەتا "ئەلیاس"ی برای دڵی بەو پانتاییە زەبردارە خۆش نییە کە لە دەریاسدایە. لێرەوە دەریاس لە فەنتازیایی ئەوانی تردا وەک مەترسیەک دەبیندرێت، چۆنیەتییەک یان شتێکی تێدایە بۆ ئەوانی تر ئازارە. وەک زیادەیەک لێی دەڕوانن، زیادەیەک کە ژیانیان تێکبدات تەنها ئەوان نا، بەڵکو کۆی کۆمەڵگا ئەو ترسەی هەیە بەرامبەر بە شتێک بۆ ئەوان نامۆ بێت(ترسی گەورەی خەڵکی شارەکە هەمیشە ئەوە بووە، شتێکی نوێ بێت کە لەسەری ڕانەهاتوون هەموو شتێکیان دەکرد دەردی وا سەر هەڵنەدات و خۆیان لە بەرامبەر شتی وادا نەبینەوە هەر شتێک تازە بایە زەندەقیان لێی دەچوو لا 22)ئەو دەردەی مەترسی بۆ کۆمەڵگا هەیە، پرسیار و بیرکردنەوەکانی "دەریاس"ە، بە تایبەت بۆ کۆمەڵگایەک پرسیاری لە هەناوی خۆیدا هەڵنەگرتبێت، کۆمەڵگایەک تێیدا پرسیار ئەو هەرێمە یاساخ کراوە بێت، کردنی دەبێتە خۆکوژی. پرسیار لە کۆمەڵگایەکی وادا زەمین لەرزەیە بۆ کۆی سۆبێکتەکانی. چونكه‌ پرسیار ئەو مەترسییە گەورەیه‌ی لە خۆیدا هەڵگرتووە کە شوناس و، بونیادی کۆی کۆمەڵگا بگۆڕێت. ئەو شتەی لە "دەریاس"دایە پڕکێشیەتی بۆ کردنی پرسیارە گەورەکان، ئەو مەترسییەی لە ئەودا  دەبینرێت پرسیارەکانیەتی، پرسیار؛ لە کۆمەڵگایەکدا بۆ کۆی سۆبێکتەکانی، وەک زیادەیەک دەبینرێت. زیادەیەک مەترسی گواستنەوەی هەیه‌، زیادەیەک ئەوانی تر گرفتار دەکات و ڕیتمی ژیانیان دەگۆڕێت. لەگەڵیدا تەنیا کۆمەڵگە نیە"دەریاس" وەک زیادەیەک دەبینێ و لە جەستەی خۆیدا دەری دەکات، بەڵکو خودی "دەریاس"یش سەرسام و بێوەڵامە بەرامبەر ئەو شتانەی لە پانتاییە ڕەمزییەکە ڕوودەدات. ئەو کاتەی "ئەلیاس"ی برای پێی دەڵێت "خەڵک خۆیان بۆ شۆڕش ئامادە دەکەن دەریاس توشی سەرسامی دەبێت و دەپرسێت (شۆڕش، شۆڕش بۆ؟)" وەک ئەوەی سەر بەو پانتاییە ڕەمزییە نەبێ، وەک ئەوەی بەشێک نەبێ لەو شتانەی ڕودەدات"دەریاس" پرسیارکەرێکی هەمیشەییە هەموو کات پرسیار دەکات، ئەو کاتەی ڕووبەڕوی ئەو پرسیارە دەبێتەوە "ژەنەڕال بیلال کێیە؟" ئەو دەیزانی بیرکردنەوەی ئەو سۆبێکتە دەستەجەمعیە سەر ڕێژە لە نەزانی و جەهل. هەر ئەوەی ژەنەڕاڵ وەک پێغەمبەرێک، مەسیح یان زەردەشت، دەیبینن، ژەنەڕاڵ لە بیری خەڵکیدا بە مانا لاکانییەکە خەیاڵی، خەیاڵییە. واتە؛ ئەو وێنە جادوویی و ئەفسانەیەی هەموو لە دەووری کۆدەبنەوە، ئەو وێنەیەیی کە ئارەزووکان بەدەوریدا دەسوڕێنەوە (خەڵک خۆشیان دەوێت، ئێمە لە شارەکە وەک مردوو واین، مەگەر ژەنەڕاڵ بتوانیت شتێک هێز و ئیرادەمان بۆ بگێڕێتەوە ل 33) ژەنەڕال لە یادەورییاندا دەژی، ئەو فەنتازیاییە کە خۆیان دروستیان کردووە.


لە نێوان دوو مردندا

دەکرێت ئێمە نەک جارێک، بەڵکو دووجار بمرین. یان بە واتایەکی دیكه‌ دوو مەرگ ئەزموون بکەین، وه‌ك چۆن "لاكان" بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌نتیگۆنا ده‌ڵێت " ئه‌نتیگۆنا له‌ نێوان دوو مه‌رگدا‌" واته‌ حوكم دانی به‌ هه‌ردوو مه‌رگه‌كه‌ ڕاسته‌قینه‌ و هه‌قیقه‌تن. به‌هه‌مان شێوه‌ ئێمه‌ ده‌كرێت  مەرگێکمان بایۆلۆژی بێت و، جەستەمان لە ناو بچێت یان لە کاربکەوێت. ئەم مردنە گەڕانەوەیە بۆ ڕیاڵ یان مردنە لە ڕیاڵدا. لەبەرامبەر ئەم مردنەدا؛ دووچاری مەرگێکی تر دەبینەوە، ئەم مردنەیان مەرگێک نیە جەستەمان لە ناو بچێت بەڵکو مەرگێکە لەناو ڕەمزییدا ئەزموونی دەکەین و دەردەکرێین لە پانتاییە ڕەمزییەکەدا مەرگێکە کە کۆی کۆمەڵگا لە خۆیدا دەرمان دەکات. چیتر وجودمان نابێت بۆ ئەویتر، پێگەکەمان وەک سۆبێکت چیتر ئەو پێگەیه‌یی پێشتر نابێت و، وێران دەبێت. یان لەدەست دەچێت لەئەنجامی هەندێ ڕەفتار و کرداردا لەدەست دەچێت، لە چاوی کۆمەڵگا وەک مردوو لێمان دەڕوانرێت، ئەم مەرگە ڕەمزییەی دووچاری دەبینەوە دەکەوێتە پێش مردنە واقیعەکە. لایەنێکی قوڵی تێکستەکە کارکردنە لەسەر دوو مەرگ بە مانا لاکانییەکە مەرگێک هەڵگری جوانیەکی باڵا و، لە بەرامبەریدا تارمایی و، خێو و، دەعبای ناشرین. ئەو کاتەی ژەنەڕاڵ دەکوژرێت واتە لە ڕیاڵدا دەمرێت. بەڵام وەک تارمایی دەردەکەوێتەوە، وەک چاودێریکەرێک بەسەر شۆڕشەوەیە. خودی دەرکەوتنەوەکەی بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکە ڕەمزییە  تەواوی نەکردووە، ئەو مردنە چیرۆکی "هاملێت"ی "شکسپیر"مان بیردەخاتەوە ئەو کاتەی باوکی "هاملێت" بەدەستی مامی "کلۆدیەس"دەکوژرێت دایکی هاملێت "گێرتروود" شووی پێدەکاتەوە دواتر باوکی وەک تارماییەکی ترسناک دەردەکەوێتەوە، وەک ڕوحێکی نیگەران تا قەرزەکەی نەداتەوە یان تا ئەرکە ڕەمزییەکە، کە کوشتنی مامیەتی جێبەجێنەکرێ ناحەسێتەوە و، ئۆقرە ناگرێت. ژەنەڕاڵ بەهه‌مان شێوەی پاشا "هاملێت" وەک تارمایی لەناو کوچە و، کۆڵانەکانی شار دەردەکەوێتەوە داوای کردنی ئەرکە ڕەمزییەکە دەکات کە لەم سەندراوەتەوە. ئه‌و ئه‌ركه‌ ڕه‌مزییه‌ی كه‌ ئه‌م داوای ده‌كات كردنی شۆڕشه‌، سه‌باره‌ت به‌ "ده‌ریاس" مردنه‌ ڕه‌مزییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ پێش مردنه‌ بایۆلۆژییه‌كه‌ی یان واقیعیه‌كه‌ی كه‌ كۆی كۆمه‌ڵگا له‌ خۆیدا ده‌ریده‌كات  ژیانێكی مه‌رگاوی ئه‌زموون ده‌كات به‌ واتایه‌ك "ده‌ریاس" ده‌بێت ئه‌زموونی هه‌ردوو مه‌رگه‌كه‌ بكات ئه‌مه‌ش جوانیه‌كی باڵا ده‌به‌خشێته‌ "ده‌ریاس" هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی هیچ شتێكی له‌وان نه‌ده‌چوو و هه‌ستكردنی به‌و ناڕێكییه‌ی له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا وجودی هه‌بوو شته‌كان بۆ ئه‌و ته‌فسیرنه‌كراو بوون لێره‌وه‌ ئه‌و بیركردنه‌وه‌ و پرسیارانه‌ی "ده‌ریاس" قبوڵنه‌كراوبوو ئیدی پانتاییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ له‌ خۆیدا ده‌ریده‌كات و، خودی بێبه‌ریكردنه‌كه‌ی  له‌ ئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌ و پرسیاره‌كانیدا ئیدی ده‌بێته‌ هاوه‌ڵی مردوو شته‌ ئه‌رشیفكراوه‌كان.
 
‎لێكچواندنی كارەكتەری ناو ڕۆمان بە كارەكتەری ناو واقیع 

‎دیدگاو تێڕوانینێكی باو  هەیە. پێیوایە خودی تێكستەكە  خزمه‌تكردنه‌ به‌ كارەكتەری "ژەنەڕاڵ بیلال" واته‌؛ خزمەتكردنە بەسیاسییەكی ناو واقیعی دونیای كوردی. ئەم تێڕوانینە دیدێكی تەواو كورت بین و، نەبینینی قوڵایی ناو تێكستەكەیە. ئەگەر بەپێی ئەم دیدە تێكسته‌كه‌ لۆكاڵ بكەینەوە، ئه‌وا لێدان و كاركردنە لەسەر ژەنەڕاڵ بیلال و لێدانه‌ له بزووتنەوەكەی نەك خزمەتكردنی. ڕه‌نگه‌ قورس بێت بتوانین كاراكته‌رێكی ناو ئه‌ده‌ب وه‌ك خه‌ڵكانی ناو واقیع وه‌ربگرین، خودی كاراكته‌ر كۆكراوه‌ی داله‌كانه‌ نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ده‌وری ناوێكی تایبه‌ت كاری له‌سه‌ر كراوه‌ وێنا بكه‌ین. گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ "لاكان" تێڕوانینی زمان، وه‌ك دابڕانێكی بنه‌ڕه‌تی له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ سه‌رچاوه‌ و ئاوڕگه‌یه‌كی ناو جیهان ده‌بینێت. ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ له‌ خۆیدا گرنگیدانه‌ به‌ تێكست كه‌ فێڵه‌كانی خۆی ده‌گه‌ڕێت و ته‌نیا په‌یوه‌ندی به‌ تێكسته‌كانی تره‌وه‌ هه‌یه‌. 







سه‌رچاوه‌ و په‌راوێز.

ڕۆمانی "ده‌ریاس و لاشه‌كان" نووسینی "به‌ختیار عه‌لی" چاپخانه‌ی كارۆ 2019 
1 فه‌لسه‌فه‌ی "سلاڤۆی ژیژه‌ك"  تۆنی مایه‌رز وه‌رگێڕانی "وه‌لید عومه‌ر"  چاپخانه‌ی سه‌رده‌م 2014 
*ئافانسیسی؛ دۆخی به‌تاڵبوونه‌وه‌ی سوبێكت له‌ ته‌واوی شوناسه‌كان 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن