"بڕیاری خوێندنی ئۆنلاین زیاتر بۆ ڕێگریكردنە لە بایكۆت و خۆپیشاندانی مامۆستایان"

کوردستان

04/09/2020     ژمارەی بینراو 591

راچڵەكین-

رێكخراوێكی تایبەت بەكاروباری قوتابیان لەبارەی بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوەی وەرزی یەكەمی خوێدنی ساڵی نوێ بە ئۆنلاین بێت بۆ خوێندكاران، رایدەگەیەنێـت، بڕیارەكە زیاتر بۆ رێكریكردنە لەبایكۆت و خۆپیشاندانی مامۆستایان.

مەكتەبی سكرتاریەتی رێكخراوی قوتابیانی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ هەیینی 4-9-2020 بڵاوكراوەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە:" بەداخەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بڕیارێكی دوور لە چاوەڕوانی و دیراسەكردن بڕیاریدا كە وەرزی یەكەمی خوێندنی ساڵی 2020 – 2021ی هەموو ناوەندەكانی خوێندنی سەر بە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا جگە لە قۆناغی 12ی ئامادەیی بە ئۆنلاین بەڕێبكرێت."

ئەوەش روونكراوەتەوە:" باشترین بەڵگە بۆ شكستی خوێندنی ئۆنلاین ئەوەیە كە بڕیاردرا وەرزی دووەمی خوێندنی ساڵی 2019 – 2020 بە ئۆنلاین بەردەوام بێت، بەڵام بەهۆی شكستی پرۆژەكەوە ناچار هەردوو وەزارەت لە زۆرینەی بەش و قۆناغەكان نمرەی خولی یەكەمی خوێندنیان كرد بە بنەمای تەواوكردنی خوێندن، بەهۆی ئەوەی كەمترین مامۆستا و قووتابی پێشوازیان لێ كرد،، هەروەها ئەو بابەتانەی كە بە شێوازی ئۆنلاین خوێندرابوون بۆ تاقیكردنەوەكان داغڵ نەبوون."

دەقی راگەیەندراوەكە/

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەداخەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بڕیارێكی دوور لە چاوەڕوانی و دیراسەكردن بڕیاریدا كە وەرزی یەكەمی خوێندنی ساڵی 2020 – 2021ی هەموو ناوەندەكانی خوێندنی سەر بە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا جگە لە قۆناغی 12ی ئامادەیی بە ئۆنلاین بەڕێبكرێت.
ئەم بڕیارە لە كاتێكدایە كە تا هەنوكە هیچ ئامادەكارییەكی ئەوتۆ بۆ خوێندنی ئۆنلاین نەكراوە و بەربەست و گرفت و لەمپەری گەورە لەبەردەم پڕۆسەكەدا هەیە.
باشترین بەڵگە بۆ شكستی خوێندنی ئۆنلاین ئەوەیە كە بڕیاردرا وەرزی دووەمی خوێندنی ساڵی 2019 – 2020 بە ئۆنلاین بەردەوام بێت، بەڵام بەهۆی شكستی پرۆژەكەوە ناچار هەردوو وەزارەت لە زۆرینەی بەش و قۆناغەكان نمرەی خولی یەكەمی خوێندنیان كرد بە بنەمای تەواوكردنی خوێندن، بەهۆی ئەوەی كەمترین مامۆستا و قووتابی پێشوازیان لێ كرد،، هەروەها ئەو بابەتانەی كە بە شێوازی ئۆنلاین خوێندرابوون بۆ تاقیكردنەوەكان داغڵ نەبوون.
بڕیاری بە ئۆنلاینكردنی خوێندن هاوكاتە لەگەڵ بارودۆخی خراپی مادی و دەروونی قوتابیان و كەسوكاریان، كە باشتر وابوو حكومەت بە ئەركی سەرشانی خۆی هەستێت و بیر لە چارەسەركردنی كێشەی موچەخۆران بەگشتی و مامۆستایان بە تایبەتی بكاتەوە.
هەروەها تا ئێستا هەرێمی كوردستان خاوەنی هێڵێكی ئەنتەرنێتی بەهێز نییە كە لە سەرجەم شار و گوند و ناوچەكان بەردەست بێت و قوتابی بتوانێت لەگەڵ وانەكان بەردەوام بێت.
مایەی سەرسوڕمانە كە پڕۆسەی خوێندنی ئۆنلاین لە وڵاتانی پێشكەوتووش بۆ قۆناغی بنەڕەتی سوودی لێ وەرناگیرێت، كەچی لە هەرێمی كوردستان بەم ئاستە نزمە زانستی و پێشكەوتنەوە كە لە سایەی حكومڕانی 28 ساڵەی كوردیدا بەرهەم هاتووە بڕیاردراوە خوێندن بۆ قۆناغی بنەڕەتی بەكاربهێندرێت، كە ئەگەر سووربن لەسەر ئەم بڕیارە ئەوا لە ئایندەدا جێكەوتی خراپ لەسەر ئاستی زانستی بەجێدەهێڵێت.
بەداخەوە بڕیاری خوێندنی ئۆنلاین وەك مامۆستایان باسی دەكەن زیاتر بۆ ڕێگری كردنە لە بایكۆت و خۆپیشاندان و هەڵوێستی مامۆستایان، بەوپێیەی ساڵی 2020 لە مانگی نۆدایە و حكومەت تا ئێستا مووچەی مانگی سێی دابەشكردووە ئەویش دوو مووچەی بە لێبڕینی لەسەدا 21ەوە بووە، هەر بۆیە پێشبینی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی مامۆستایان دەكرا و بە خوێندنی ئۆنلاین ڕێگری لەو هەڵوێستانە دەكرێت چونكە هیچ ئاسۆیەكی گەش بۆ  چارەسەركردنی پرسی مووچە نابیندرێت.
لە كۆتایدا داواكارین كە بەرپرسانی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە پێداچوونەوەی جدی بەم بەبڕیارەدا بكەن و ڕێگری بكەن لە نزمتركردنەوەی ئاستی زانستی و فشار لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بكەن كە لە جێی بڕیاری خوێندنی ئۆنلاین گرفتی مامۆستایان چارەسەربكات و شایستە داراییەكانیان بە تەواوی و بە ڕێزەوە دابین بكات.
هاوكات بانگەواز لە ڕێكخراو و دەستە و گروپە پەیوەندیدارەكان دەكەین بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی هاوبەش و بەرفراوان و دەربڕینی هەڵوێستی هاوبەش.
ڕێكخراوی قوتابیانی كوردستان/ مەكتەبی سكرتاریەت

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن