ئیگزیما چیە و دەتوانرێت ڕێگەی لێ بگیرێت؟

تەندروستی

16/09/2020     ژمارەی بینراو 1503

ئیگزیما چیە و دەتوانرێت ڕێگەی لێ بگیرێت؟

ڕاچڵه‌كین-

ئیگزیما بریتیە لە نەخۆشیەکی درێژخایەنی پێست کە پێکدێت لە ووشک بوونەوە و سووربونەوەو خورانێکی زۆری پێست کە بە پێی تەمەن شوێنی نەخۆشیەکە لە پێستی نەخۆشەکە لەوانەیە بگۆرێت، بەڵام لە منداڵی بچوک بەهیچ شێوەیەک لە ناوچەی دایبی دەرناکەوێت، دكتۆر پشده‌ر پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان له‌م بابه‌ته‌دا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌ شیگزیما چییه‌ و ده‌توانرێت ڕێگه‌ی‌ لێ بگیرێت یان نا؟ 

ئیگزیما زۆرتر لەو منداڵانەدا دەردەکەوێت کە لە خێزانەکانیاندا حاڵەتی هەستیاریان ( حەساسیەت) هەبێت وەک ئیگزیما، ڕەبۆ یان هەر حاڵەتێکی هەستیاری پێست یان کۆئەندامی هەناسە.

پێدەچێت نەخۆشیەکە بەهۆی کێشە لە درووست بوونی یەکێک لە پڕۆتینەکانی پێستەوە بێت کە پێی دەوترێت فیلاگرین.

هەرچەندە نەخۆشیەکە درێژخایەنە و بەپێی کات زیادو کەم دەکات، بەڵام زۆرێک لەو منداڵانەی نەخۆشیەکەیان هەیە لەگەڵ گەورەبوون نەخۆشیەکەیان نامێنێت و بۆ دڵنیابوون لە دیاری کردنی نەخۆشیەکە باشتر وایه‌ سەردانی پزیشکی منداڵان بکەیت.

چارەسەرکردن:
هەندێک دەرمان و کرێمی نەرمکەرەوەو شێدارکردنی پێست هەیە کە پێویستە پزیشک بۆ منداڵەکەت بنووسێت و باشتر وایه‌ سه‌ربه‌خۆ ده‌رمانی چاره‌سه‌ر بۆ منداڵ به‌كارنه‌هێندرێت، چونکە بچوکترین هەڵە لە پێدانی بڕو جۆری دەرمانەکە ژیانی منداڵەکەت دەخاتە مەترسیەوە.

ئەو زانیاریانەی کە دایک و باوک زۆر گرنگە بیزانن بۆ ڕێگە گرتن لە ئیگزیما:

1- نابێت زوو زوو منداڵەکە بشۆریت.
2- دەبێت ماوەی شۆردنەکە واتە مانەوە لە حەمام کەمتر بێت لە ۱۰ خوله‌ك.
3- دەبێت زوو زوو کرێمی شێدارکردن و نەرمکەرەوەی پێستی بە گوێرەی ڕێنمایی پزیشک بۆ بەکار بهێنیت بە تایبەت دوای شۆردن.
4-شۆردن بە ئاوی شیلەتێن واتە نابێت زۆر گەرم بێت.
5- سابونی زۆر بە کەمی بۆ بەکاربهێنرێت.
6- نابێت بۆن و موعەتەرو هەموو ئەو شتانەی کە خورانی پێست زیاد دەکەن بۆ منداڵێک کە ئیگزیمای هەبێت بەکار بهێنرێت.
7- نابێت جلەکانی خوری بێت یان فایبەری زۆر بێت بەڵام لۆکە باشترە.
8- ئەو خواردنانەی مەدەرێ یان زۆر کەم بیدەرێ کە هەستیاری زۆر دروست دەکەن وەکو هێلکە و گوێز.
9- ئەگەر منداڵەکە لەکاتی ئیش کردنی ڕۆژانەی دەستی زۆر خستە ناو ئاوەوە، ئەوە پێویست دەکات کە دەستکێشی بۆ بۆ لەدەست بکەیت.
10- هەوڵ بدە لەو چالاکیانە دووری بخەیتەوە کە ئارەق کردنەوەی زۆری تێدایە.
11-  پێویستە ئامێری شێدارکردنەوە بەکار بهێنیت لە ماڵەوە بەتایبەتی ئەگەر لە وەرزی زستاندا ئامێری گەرمکەرەوەکە هەوای ماڵەوەی ووشک کردبۆوە یان لە وەرزی هاویندا ئامێری فێنک کەرەوەکە شێداری ماڵەکەتی کەم کردبۆوە.
12- شوێنی خەوتنی منداڵەکە پێویستە فێنک بێت چونکە ئارەق کردنەوە خوران و ئیگزیماکە خراپتر دەکات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن