سەدان تۆن تەماتەو پەتاتەی هاوردەكراو دەستیان بەسەردا گیرا

کشتوکاڵ

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 72

راچڵەكین -

وەزیری كشتوكاڵی هەرێم دەستبەسەرداگرتنی سەدان تۆن تەماتەو پەتاتە رادەگەیەنێت، كە دەویسترا بە نایاسایی هاوردە بكرێت، دەشڵێت: لەگەڵ قەدەغە و دانانی باج، رێكاری تری پێویستیش دەگرینەبەر بۆ ئەوەی لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جوتیارانمان، بتوانرێت لەبازاڕ ساغ بكرێتەوە.

بێگەری تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم، رایگەیاندووە، لەچەند رۆژی رابردوو سەرقاڵی بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاریی بووین لەسەر هاوردەكردنی سەدان تۆن پەتاتە و تەماتە، كە دەویسترا بە نایاسایی هاوردە بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەوڵەكانیان بەردەوام بوو تاوەكو توانییان دەست بەسەر ئەو بڕە زۆرەی تەماتەو پەتاتە هاوردەكراوە لە مەرزەكاندا بگرن.

وەزیری كشتوكاڵ سوپاسی لایەنە پەیوەندارەكانی كرد كە هاوكاربوون لەسەر پێدانی زانیاریی و دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەدان تۆن پەتاتە و تەماتەیە.

بێگەر تاڵەبانی وتیشی:" كاتێك بڕیاری قەدەغەكردن و دانانی باجی پێویست لەسەر بەرهەمی هاوردە دادەنێم، بۆ پاراستنی بەرهەمی جوتیارانمانە، بۆیە لەگەڵ قەدەغە و دانانی باج رێكاری تری پێویستیش دەگرینەبەر بۆ ئەوەی لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جوتیارانمان بتوانرێت لەبازاڕ ساغ بكرێتەوە بە رەچاوكردنی مافی بەكاربەران".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن