مستەفا کازمی: هەوڵی زیاتر دەدەین بۆ ئەوەی نێردە دپلۆماتییەكان لە عێراق بپارێزين

عێراق

30/09/2020     ژمارەی بینراو 268

راچڵەکین-

سەرۆكوەزیرانی عێراق، سوورن لەسەر سەپاندنی یاسا و چەك تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ ئەوەی نێردە دپلۆماتییەكان لە عێراق بپارێزن.

نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە مستەفا كازمی بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكانی پەیوەست بە ئاسایشی نێردەكانی دیپلۆماتی لەگەڵ 25 باڵیۆزی وڵاتان لە عێراق كۆبووەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رایگەیاندووە كە سوورن لەسەر سەپاندنی یاسا و چەك تەنها لەدەستی دەوڵەتدا بێت، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ ئەوەی نێردەكانی دیپلۆماتی لە عێراق بپارێزن و راشیگەیاند، ئەو گرووپ و لایەنانەی كە هێرش دەكەنە سەر ئاسایشی نێردەكانی دیپلۆماتی هەوڵی دەدەن سەقامگیری عێراق بشڵەژێنن و پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی تێكبدەن".

کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تەنها نێردەكانی دیپلۆماتی لە عێراقی نەكردووەتە ئامانج، بەڵكو بەهۆی ئەو هێرشانەوە ژمارەیەك لە هاووڵاتییانیش بوونەتە قوربانی كە لەنێویاندا ژمارەیەك منداڵ هەن، جگە لەوەیش دامەزراوە ئەمنییەكانی دەوڵەت سوورن لەسەر ئەوەی سنوورێك بۆ ئەو هێرشانە دابنێن بۆ ئەو مەبەستەیش رێوشوێنی توندیان گرتووەتەبەر".

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە کازمی باسیلەوەشکردووە، حكوومەتی عێراق بەرپەرچی كەسانی دەرچوو لە یاسا دەداتەوە، كار دەكات بۆ پاراستنی نێردەكانی دیپلۆماتی و كۆتایی هێنان بە ناكۆكیی و تیرۆر، هەروەها چارەسەركردنی قەیرانی ئابووریی".

لە راگەیەندراوەکدا هاتووە، باڵیۆزەکان، پاڵپشتی وڵاتەكانیان لە هەموو بوارەكاندا بۆ عێراق دووپات كردوووتەوە و رایانگەیاندووە كە رێز لە گەل و سەروەریی عێراق دەگرن، هەروەها نیگەرانی خۆشیان نیشانداوە سەبارەت بەو هێرشانەی كە دەكرێنە سەر نێردەكانی دیپلۆماتی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن