فوئاد حسێن: کازمی لەگەڵ لایەنی ئەمریكا لە پەیوەندیدایە بۆ ئەوەی بڕیارەكەی بگۆڕێت

عێراق

30/09/2020     ژمارەی بینراو 332

راچڵەکین-

وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند كە حكوومەتی عێراق، خۆشحاڵ نییە بە بڕیاری ئیدارەی ئەمریكا بە كشانەوە لە بەغدا.

فوئاد حسێن، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا سەبارەت بە پێشهاتەكان لە عێراق دوا و رایگەیاند، حكوومەتی عێراق زنجیرەیەك رێوشوێنی بۆ پاراستنی نێردەكانی دیپلۆماتی گرتووەتەبەر و عێراق خۆشحاڵ نییە بە كشانەوەی ئەمریكا لە بەغدا.

وەزیری دەرەوەی عێراق، داوای لە ئیدارەی ئەمریكا كرد كە چاو بە بڕیارەكەیدا بخشێنێتەوە، بە تایبەتیش داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، ئاماژەیەكی هەڵە دەبێت بۆ گەلی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، مستەفا كازمی دید و بۆچوونی حكوومەتی عێراقی بەرامبەر بە بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا خستووەتەڕوو و لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەی وڵاتان سەبارەت بە مەترسی كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق لە پەیوەندی دایە، جگە لەوەیش لەگەڵ لایەنی ئەمریكا لە پەیوەندیدایە بۆ ئەوەی بڕیارەكەی بگۆڕێت".

فوئاد حسێن، راشیگەیاند:"حكوومەتی عێراق جیددیە لەوەی لێكۆڵینەوە لە بەئامانجكردنی نێردەكانی دیپلۆمەتی بكات بە تایبەتیش كە هێرشكردنە سەر نێردەكانی دیپلۆماتی، بە واتای بەئامانجكردنی راستەوخۆی عێراقە و هەروەها ژمارەیەك كەس كە لە بەئامانجكردنی نێردەكانی دیپلۆماتی لە عێراق تێوەگلاون، دەستگیركراون.

ئاشكراشیكرد كە لە رێگەی كەناڵە جیاوازەكانەوە دەستكراوە بە گفتوگۆ لەگەڵ گرووپەكاندا، بەتایبەتیش كە گرژیی لەنێوان ئێران و ئەمریكا رەنگدانەوەی لەسەر رەوشی عێراق دەبێت و روونیكردەوە كە ئێران بەڵێنیداوە هەوڵی زیاتر بدات بۆ پاڵپشتیكردن لە سەقامگیری عێراق.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن