د. رێواز فایەق: لەسەر مووچە جارێكی دیكە قسە ناكەم.. خەڵك حەزی لە چەواشەكارییەكی كورت خایەنە

چاوپێکەوتن

08/10/2020     ژمارەی بینراو 1190

راچڵەكین-

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لەسەر مووچە جارێكی دیكە قسە ناكەم، چونكە راستییەكم بە خەڵك وت زۆر قسەیان پێ وتم، هەستێكم بۆ دروست بوو، خەڵك حەزی لە چەواشەكارییەكی كورت خایەنە كە بۆ ماوەیەكی كەم دڵی خۆش بكات راستییەكی ناوێت لە ئایندە دڵی ناخۆش بكات.

د. رێواز فایەق، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ، سەبارەت بەهەڵسەنگاندنی خۆی بۆ دانیشتنەكەی پەرلەمان كە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیرە پەیوەندیدارەكان ئامادەبوون، رایگەیاند:" هەنگاوێكی باشە دەبوو شەش بۆ حەوت مانگ پێش ئێستا ئەو كۆبوونەوەیەمان بكردایە، باوەڕم وایە ئەگەر شەش مانگ پێش ئێستا ئەو كۆبوونەوەیەمان بكردایە هەم پەیوەندییەكانمان باشتر دەبوو هەم زۆر گرێ كرابوونەوە، هەرچەندە ئێمە بە شەخسی خۆمان پەیوەندیمان باشە وەك سەرۆكایەتییەكان، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەو پەیوەندییە و ئەو متمانەیە لەنێوان حكوومەت و تەواوی پەرلەمانتارانیشدا هەبێت بە فراكسێۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیشەوە".

وتیشی:" هەندێك شت بۆخۆم گرنگ بوو وەك سەرۆكی پەرلەمان ئەوەبوو كە ئێمە دەرفەتماندا بە ٩٨ ئەندامی پەرلەمان قسە بكات كە هەقی خۆیانە بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، شتێكی دیكە بەلامەوە گرنگ بوو حكوومەت وەڵامی زۆرینەی ئەو پرسیارانەی دایەوە، و لە هەندێك وەڵامیش دیپلۆماسیانە خۆیانیان لێ دەربازكرد و وەڵامیان نەدایەوە، بەڵام بە شێوەیەكی رێژەیی زۆرینەی وەڵامەكان درانەوە، ئینجا بەدڵی پەرلەمانتاران بوون یان نا ئەوە بابەتێكی دیكەیە و دەبێت خۆیان قسەی لەبارەوە بكەن". 

-سەبارەت بەبابەتی پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی یاداشتەكەی گەیشتووەتە دەست ئێوە، كاری لەسەر دەكەن؟ ئەم پرساندنە دەكرێت یان نا؟ 

د.رێواز فایەق ووتی: "بەڵێ بێگومان ئێمە یاداشتەكەمان لە رۆژی چوارشەممەی پێشووەوە واژووكردووە و گەیشتووەتە ئەنجوومەنی وەزیران، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەبێت لە ماوەی ١٤ رۆژدا ئەوان وەڵاممان بدەنەوە كە ئایا لەسەر ئەو یاداشتە و ناوەڕۆكی ئەو یاداشتە رایان چییە، ئایا خۆیان دێن ئایا نایەن؟ ئایا وەڵامێكیان هەیە بۆ ئەو پرساندنە یان نا؟ ئێمە چاوەڕێی ئەوان دەكەین، دوای ئەوەی وەڵامی ئەوانمان پێدەگات پەیڕەو چیمان لەسەر دابنێت ئەوە دەكەین". 

‎- بابەتێكی دیكە كەزۆر لەناو پەرلەمان باس دەكرێت، بابەتی دەروازە سنوورییەكان، لیژنەیەكی پەرلەمانیش دروستكرا و ئەو لیژنەیە رۆشتن مەیدانی گەڕان و راپۆرتێكیشیان بۆ ئێوە نارد، ئەوەی بە ئێوە گەیشتووەتەوە قاچاخچێتی و ئەو بابەتانەی باسدەكرێت كە لە خاڵە سنوورییەكان هەن ئەمە لە راستیدا بە فیعلی هەیە؟

-رێواز فایەق: "بەڵی هەیە".

‎- لە كوێ زۆر هەیە و چی هەیە؟ ئەوەی بەتۆ گەیشتووە لە ئەنجامی كاری ئەو لیژنەیەی پەرلەمان چی تێدایە؟

رێواز فایەق: ‎"خۆی دووجار ئێمە راپۆرتمان بۆ هاتووە لەسەرخاڵە سنوورییەكان، جارێكیان كاك عەلی حەمەساڵح و ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان یاداشتێكیان دابووە سەرۆكایەتی، ئێمە ناردمان بۆ حكوومەت و داوای هاتن و بەشداربوونی وەزیرەكانیان كرد لە كۆبوونەوەیەكی پەرلەماندا، جاری دووەم دەستخۆشی لە لیژنەی دارایی پەرلەمان دەكەم بە مەیدانی هەموو دەروازە سنوورییەكان گەڕان بەدیاریكراوی ئەوانەی كە رەسمین، راپۆرتێكی دیكەیان ئامادەكردووە لە راستیدا لە راپۆرتەكەیاندا، ناوی شوێنەكانیان نەهێناوە كە كە بڵێن لەوێ قاچاخچێتی زۆرە و لەوێ كەمە، بەشێوەیەكی گشتی باسیان كردووە ئەو كێشانەی كە لەناو دەروازە سنوورییەكان هەن لە بابەتی قاچاخچێتی لە بابەتی خۆدزینەوە لە باجی گومركی لە بابەتی بوونی ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای كەرتی تایبەت كە خزمەتگوزاری بوارەكانی دەروازە سنوورییەكان پێشكەش دەكەن و بەهۆیانەوە بڕێكی زۆری داهاتی دەروازەكان لەبری ئەوەی بۆ حكوومەت و بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێتەوە، ئەگەڕێتەوە بۆ كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت، جگە لەوەی لە دەرەوەی رێكارە یاساییەكان و رێكارە گومركییەكان كەرەستە و شمەك لە دەروازە سنوورییەكانەوە دێت، تێبینی زۆر زۆریان تۆماركردووە و چارەسەریشیان خستووەتە روو و پێشنیازیشیان پێشكەش كردووە، ئەویشمان ناردووە بۆ حكوومەت. ئێمە لە كۆبوونەوەی ۲۷ـ۷ و لە كۆبوونەوەی ٥ـ۱٠ هەندێك وەڵاممان دەستكەوت و لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا، حكوومەت باسی هەندێك هەنگاویان كرد كە نراوە، بەڵام لە راستیدا جێی ئومێدێكی زۆر نییە بۆ چارەسەری كێشەكە، هەمووتان گوێتان لێبوو بەڕێزان سەرۆكی حكوومەت و جێگری سەرۆكی حكوومەت ئەوانیش داد و بێدادیانە بەدەست ئەوەی تەنانەت لە دەرەوەی ئیرادە و خواستی ئەوانیش هەندێك كار هەر دەكرێت، بەڵام هەموومان دەبێت یەكدەنگبین لەسەر ئەوەی كە دەروازە سنوورییەكان لە هەر شوێنێكن سەرچاوەی دووەمی داهاتن لە هەرێمی كوردستان و دەبێت هەموومان دەست لەناو دەستی یەكتربكەین بەدەر لە بەرژەوەندییە سیاسییەكان و بەرژەوەندییە حزبییەكان، ئێمە كە بەشێكین لە دامەزراوەی دەوڵەت دەبێت رۆڵمان هەبێت لە گێڕانەوەی داهاتی خەڵك بۆ خەڵك". 

- لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا عەلی حەمەساڵح گوتی 'من لە قسەكانی سەرۆكی حكوومەت ئەوە تێگەیشتم كە ئەگەر دەست بۆ هەندێك بابەت لە دەروازە سنوورییەكان ببرێت رەنگە ئەگەری شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی دروست بێت'، تۆ وەك سەرۆكی پەرلەمان ئەم بابەتە بەو جۆرە دەبینیت؟ 

رێواز فایەق: "نەخێر، دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ لەسەر دەروازە سنوورییەكان دروست نابێت، چونكە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و سەقامگیریی و یەكگرتووی هەرێم لە هەموو بەرژەوەندییەكان باڵاترە". 

‎- شەش ساڵ زیاترە بوودجە نەهاتووەتە پەرلەمانی كوردستان، فشاری ئێوە چییە بۆ ئەوەی حكوومەت پرۆژەیاسای بوودجە ئامادەبكات بۆ ئەوەی ئێوە كاری لەسەر بكەن؟

رێواز فایەق: "ئێمە ئەوەی پێویستبێت كردوومانە. لە ساڵی یەكەمی كە بووم بە سەرۆكی پەرلەمان بەگوێرەی ماددەی ٩٨ی پەیڕەوی ناوخۆ یاداشتێكمان ناردووە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان یاداشتیان ناردووە، ئەندامێكی پەرلەمان پرساندنێكی پێشكەش كردووە بۆ پرساندنی وەزیری دارایی سەبارەت بەوەی كە بۆچی پرۆژە یاسای بوودجە نایەت بۆ پەرلەمانی كوردستان. لە دانیشتنەكەی پەرلەمانیش پرسیاریان لێكرا كە پرسیارێكی ئەساسی بوو، ئەوان وەڵامیان داینەوە، بەڵام وەڵامەكانی حكوومەت تایبەت بە نەناردنی پرۆژە یاسای بوودجە ئەگەر وەك پەرلەمانتارێك هەڵسەنگاندنی بۆ بكەم بڕواپێهێنەر و قەناعەتپێكەر نەبوو بەلامەوە، چونكە خۆی پرۆژەیاسای بوودجە پەیوەست نییە بەوەی كە بڵێیت دەبێت بزانم بەدیاریكراوی داهاتم چەندە ئینجا پرۆژەكە حازردەكەم، بەڵكو لە بنەمادا پرۆژە یاساكە لائیحەیەكی خەمڵێنراوە بۆیە بۆ خۆم وەك پەرلەمانتارێك وەڵامەكە جێگای باوەڕ و قەناعەتم نەبوو". 

‎- پێش ئەوەی لێبڕینی مووچە دەستپێبكات، بابەتێكت ورووژاند و پێشوەخت باست لەوەكرد كە مووچە كەمدەكرێتەوە و لێی دەبڕدرێت، بەڵام ئەوكات هەڵمەتێكی میدیایی لە سۆشیال میدیا لە دژت دەستی پێكرد، ئێستا لێت دەپرسمەوە مووچە چی لێ دێت؟

رێواز فایەق: "رۆژی دووشەممە بەڕێزان لە ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامیان دایەوە، دوای ئەو هێرشە زۆرەی لەسەر قسەیەكی راستی هەقیقی بنیاتنرابوو و لەسەر زانیاری كردم ئەو هەموو هێرشەم كرایە سەر، بۆخۆم بەڵێنم بەخۆمداوە جارێكی دیكە لەو بارەیەوە قسە ناكەم".

‎- زانیاریت هەیە لەسەر ئەوەی مووچە چی لێ دێت؟ یەكێكن لە سەرۆكایەتییەكانی ئەم هەرێمە بێگومان زانیاریتان لایە؟


رێواز فایەق: "دووشەممە سەرۆكی حكوومەت لە پەرلەمان بوو جێگرەكەی و وەزیری دارایش لێرەبوون قسەی خۆیانیان كردووە، لەو بارەیەوە قسە ناكەم، چونكە پێشتر راستییەكم باس كرد زۆر زیانم پێگەیشت، ئەوكات باوەڕێكم بۆ دروست بوو كە خەڵك حەزی لە چەواشەكارییەكی كورت خایەنە كە بۆ ماوەیەكی كەم دڵی خۆش بكات و پێی خۆشترە، راستییەكی ناوێت كە لە ئایندە دڵی ناخۆش بكات یان رەنگە ئومێدبەخشینێكی كورت خایەن كە بۆ ماوەیەكی كەم دڵی مرۆڤەكان خۆش بكات باشتربێت لە راستییەك كە لە ئایندەیەكی دوورتردا تووشی نیگەرانیان بكات، دڵم ژان دەكات كە دۆخی خەڵك بەو جۆرەیە، بەڵام با حكوومەتی هەرێمی كوردستان خۆی لەسەر مووچە قسە بكات". 

‎- لەسەر گلەیی پەرلەمانتاران لە ئێوە، دەگوترێت بابەتی دانیشتنەكان بابەتی خەڵك نین بابەتێك نین پەیوەستبێت بە ژیانی خەڵكەوە، بۆچی ئێوە بابەتێك ناكەنە كارنامەی دانیشتنەكانەوە كە پەیوەندی بە خەڵك و ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە هەبێت؟

رێواز فایەق: "ئەوەی پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە هەیە مووچەیە و قەیرانی داراییە و بازاڕە و دانوستاندنەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ حكوومەتی فیدرال، دۆخی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لێكەوتەكانی كۆرۆنا و دەروازە سنوورییەكان و داهاتی هەرێمی كوردستانە، ئەمانە ئەو بابەتانەن كەبەلای خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە گرنگن، ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان خۆشیان لەمن باشتر ئەزانن كە ئێمە دانیشتنی ١٣ كاتژمێریمان كردووە بە ئامادەبوونی هەشت وەزیر لە كۆبوونەوەی جیاواز جیاواز سەبارەت بەو دۆسیانە، دانیشتنی لیژنە تایبەتمەندەكان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەو دۆسیانە كراوە، دانیشتنی رۆژی دووشەممە كراوە كە سەرۆكایەتی حكوومەت ئامادەبوون، خۆیان ئەزانن كە ئێمە ئەو شتانەمان كردووە وە خۆشیان ئەزانن ئەو قسانەمان لە پەرلەمانی كوردستان كردووە خۆشیان كە رووبەڕووی ئێمە قسە دەكەن دەزانن ئەو قسەیەی بەڕەهایی دەیكەن زۆر وورد نییە، بەڵام من هەر رێزیان لێ دەگرم. بەگشتی هەموو شتێك لە كارنامەی كۆبوونەوەكانی پەرلەماندا دادەنرێت گرنگە چونكە پەرلەمان ئیشی دروستكردنی یاسا و تەشریعكردنی یاسایە، دوای چوار ساڵی دیكە خەڵك لە ئێمە دەپرسێت ئەو ماوەیەی كە ئێوە لە پەرلەمان بوون چەند پێشنیاز و پرۆژە یاسا بوون بە یاسا؟، كەواتە چەند گرنگە چاودێری حكوومەت بكەین و بابەتەكانی خەم و خواستی خەڵك بخەینە بەر باس و لێكۆڵینەوە ئەوەندەش گرنگە كار لەسەر یاساكان بكەین، دواجار ناومان دەسەڵاتی یاسادانانە".

‎- بۆ گلەییتان لەسەرە دەڵێن ئەم خولەی پەرلەمان خولێكی بەهێز نییە لەچاو خولەكانی رابردوو؟


 رێواز فایەق: "خولەكانی رابردوو چییان كردووە ئێمە نەمانكردووە، ئەو شتە موهیمانە چیین كە ئەوان توانیویانە بیكەن؟ ئەگەر خولەكانی رابردوو ئەوەندە موهیم بوون دۆخی هەرێمی كوردستان بۆچی وایە؟ چەند سەرۆكوەزیران و وەزیر پرساندنیان بۆ كراوە و متمانەیان لێ وەرگیراوەتەوە؟ كام بڕیار حكوومەت ویستویەتی و ئەم پەرلەمانە تەبەنی نەكردووە یان رەتی كردووەتەوە؟ خەتای ئەمساڵ و دوو مانگەیە كە ئێمە سەرۆكین یان كەڵەكەبووی ۲۸ ساڵی تەمەنی پەرلەمانە؟ هەندێك جار هەندێك شت دەگوترێت رەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت كە ئێمە بەبازاڕكردنی میدیاییمان باش نییە، تەلەڤیزێۆنمان نییە، میدیای حزبەكانمان پشتیوانیمان لێ ناكەن، بەندە یەكێكم لەوانەی پارە خەرج ناكەم بۆ بابەتی میدیا و پیاهەڵدانی میدیایی و بەردەوامیش دەبم، ئەگینا ژمارەی ئەو وەزیرانەی لەماوەی ساڵێك و دوو مانگ كە ئێمە سەرۆكی پەرلەمانین و هاتووینەتە پەرلەمان زیاترە لە ژمارەی هەموو ئەو وەزیرانەی كە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا هاتوونەتە پەرلەمان، راستە لە خولی رابردوودا، دووساڵ پەرلەمان داخرابوو، بەڵام بە ساڵێك و دوو مانگی ئەم خولە بەقەدەر سێ ساڵی خولی رابردوو وەزیر هاتووەتە پەرلەمان و قسەی كردووە و موناقەشەی كردووە و ئەم پرۆسەیە بەردەوامیش دەبێت، لەبەر ئەوە كە دەڵێن خولێكی لاوازە ئەوە رایە و رێزلێگیراوە، خەڵكیش هەقی خۆیەتی رای خۆی بڵێت، بەڵام خەلك هەقە ئەوەش بزانێت كە واقیعی هەرێمی كوردستان و پێكهاتە و مۆزاییكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەم خولە جیاوازە لە هەموو خولەكانی دیكە، بۆخۆم هەندێك جار پێم ناخۆشە كە دەگوترێت ئەم خولە لاوازترین خولە و سەرۆكی پەرلەمان لاوازە، ئێمە لاواز نین، بەندە سەرۆكی یەكێك لە دامەزراوە سیادییەكانی هەرێمی كوردستانم، ئیحترامی دۆخ و پێكهاتەی ناو پەرلەمانی كوردستان دەگرم و گرنگیشە بۆم كە ئارامی و سەقامگیری و ئاشتی كۆمەڵایەتیی لەناو خەڵكی كوردستان و پێكهاتە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستاندا هەبێت، زۆرجار غەدر لەسەر خۆم قبوڵ دەكەم لە پێناو ئارامی و ئاسودەیی و سەقامگیریی، و زەمەن خۆی قسەیەكی دیكەی دەبێت، دوای چوار ساڵی دیكە دەردەكەوێت ئێمە چۆن بووین و چیمان كردووە و ئەوەی پێمان نەكراوە هۆكارەكەی چی بووە؟".

- ئەو دۆخە سیاسییەی ناو پەرلەمان چییە كە گوتت دەست و پێی بەستووین؟

رێواس فایەق: "بابەتێك پێشتر دروستبوو كە حەزناكەم زۆر باسی بكەم و تازە بووە بە رابردوو، كە لە راستیدا دۆسیەیەك بوو كاری پەرلەمان نەبوو، بەریەككەوتنی هێزە سیاسییەكانی لەناو پەرلەماندا تاڕادەیەك لەسەر دروست بوو، حەزناكەم بچمەوە سەر وردەكاریبەكەی، بەڵام بەداخەوەم كە لەگەڵ لێكەوتەكانی كۆرۆنا شەش مانگیان لە تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان بە هەدەردا، كە ئەو قسەیەم كرد بۆئەوەبوو ئەوەندە نەوترێت بۆ دانیشتنەكانی پەرلەمان ناكرێت، چونكە ئەندامی پەرلەمان دەیزانی بۆ دانیشتنەكان ناكرێت، هەموومان دەمانزانی دۆخی ناو پەرلەمان چۆنە، لەگەڵ ئەوەش فشارەكان تا دەهات زیاتر ئەبوو لەسەرم، ئەبوو لە شوێنێكدا كۆتایی پێبێنم، مرۆڤ كە لە شوێنێكدابوو سەركردایەتی شوێنێكت كرد دەبێت هەندێجار قوربانی بەخۆت بدەیت، ئێمە ئەو پەروەردەیە لە جەنابی مام جەلال فێربووین". 

‎- دواپرسیارم لەسەر بابەتی ئاو و چا و قاوەكەی پەرلەمانە لە دانیشتنەكەی پەرلەمان گفتوگۆیەكی تەنزئامێز لەنێوان تۆ و كاك قوباد دروست بوو لەسەر ئاو و چا، ئەو بابەتە چی بوو؟ پەرلەمانتاران بۆیان نەبوو ئاو بهێننە ژوورەوە؟

رێواز فایەق: "خۆی ئاو نەهاتبووە ژوورەوە، بەندە درەنگ زانیم كە ئاو نەهاتووەتە هۆڵەكەوە، خۆزگە ئاو بهاتایە و یەكەمین دەبەش لەمن بگیرایە وەك سەرۆكی پەرلەمان و ئەمە نەبووایە بە بابەت، چونكە دانیشتنەكە دانیشتنێكی ئەوەندە گرنگ بوو حەزم نەكرد بە شتی لاوەكییەوە رەخنەی لێبگیرێت، ئەوانە شتی زۆر لاوەكین تیایدا بكرێتە بابەت، بەڵام دواتر زانیم نەهاتنە ژوورەوەی ئاو لەبەر ئەوە نییە بە تەنها لە ئێمە نەگیرێت لەبەر ئەوەیە بۆچوونێك هەبوو كە رەنگە بەریەك كەوتنێك لەنێوان فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن و فراكسیۆنەكانی دەسەڵات دروست بێت و شەڕە دەبە لەنێوانی خۆیاندا بكەن، ئاوایان بۆ روونكردمەوە، ئەوەش كە لەنێوان بەندە و كاك قوبادا روویدا، ئێمە لەو شوێنە سەرۆكی دامەزراوەكەین، پاراستنی پەرلەمانی كوردستان بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی ئێمەیە، ویستم پێیبڵێم ئەگەر ئێوە پرۆژەیاسای بوودجە لە كاتی خۆیدا بنێرن و بەشەكەی پەرلەمان دیاربێت لەناو پرۆژەكەدا ئێمە پێویستمان بەوە نابێت بە وەزیری دارایی بڵێت هاوكارمان بێت لە زیادكردنی ئەو میزانییەی كە پەرلەمانی كوردستان هەیەتی وبابەتەكە خۆی سوعبەت بوو ئێمەش بە سوعبەتەوە وەڵاممان دایەوە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن