پیاوێکی تەمەن ٦٥ ساڵ لە سلێمانی چەقۆ لە ملی خۆی دەدات

کوردستان

23/10/2020     ژمارەی بینراو 2706

راچڵەکین-

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، پیاوێکی تەمەن ٦٥ ساڵان دوای ئەوەی بە لای پزیشکی دادی سلێمانیدا رۆیشتووە داوای لە پاسەوانەکان کردووە رێگەی بدەن بچێتە توالێت، بەڵام کاتێک دەچێتە ژورەوە چەقۆیەک لە ملی خۆی دەدات و پۆلیسش دەڵێت:" نامەیەکی لە گیرفانیدا جێهێشتووە و باری تەندروستیشی ناجێگیرە".
 
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:" ئەو کەسە کاتێک چووەتە لای پزیشکی دادوەریی سلێمانی چەپکێک گوڵی بەدەستەوە بووە، داوای لێکردوون کە رێگەی پێ بدەن بچێتە توالێت، ئەوانیش ڕێگەیان پێداوە، بەڵام دوای پێنج دەقە دەنگی دەرگای توالێتەکە هاتووە پۆلیسەکانیش وایانزانیوە ئەو کەسە لەهۆش خۆی چووە، دوای ئەوەی کە لە دەرگاکەیان داوە نەیکردووەتەوە دەرگاکەیان شکاندووە و چوونەتەوە ژووەرەوە دواتری خوێنیان بینیوە، چەقۆیەکیش لە تەنیشتی کەوتووە و ئەو کەسە لە ملی خۆی داوە". 
 
بە وتەی سەرکەوت ئەحمەد:" ئەو کەسە نامەیەک لە گیرفانیدا بووە کە تێیدا نووسیویەتی من نەخۆشم، بێزارم شەش نەشتەرگەریم بۆ کراوە دەترسم تووشی کۆرۆنا ببم، و کەسانی دیکە تووش بکەم، بۆیە کۆتایی بە ژیانی خۆم دەهێنم".

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت:" ئەو کەسە خەڵکی سلێمانییە، دوای رووداوەکەش گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار، ئێستاش لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە و باری تەندروستی ناجێگیرە، بەڵام نازانین ئەو چەپکە گوڵەی لە کوێ بووە یان ویستویەتی بۆ کێی ببات".
 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن