چەند سەرە قەڵەمێک لەبارەی کتێبی (ئازادبوون لە دەریا نقومبوون لە زیندان)

کەلتوور

28/12/2020     ژمارەی بینراو 1119

چەند سەرە قەڵەمێک لەبارەی کتێبی( ئازادبوون لە دەریا نقومبوون لە زیندان )

زوبیر ماوانی- ڕاچڵه‌كین

سەرەتا دەستخۆشی لە کاک چیا هاوار دەکەم کە روداوەکانی قۆناغێکی سەختی ژیانی ئاوارەیی و قوربانیەکانی شەڕی ناوخۆی بە ئەمانەتەوە خستە سەر روپەڕی کتێبێک و چاوی نەوەی تازەی وڵاتەکەی بە حەقیقەتێکی تاڵ لە مێژووی ئەو میللەتە مەزڵومەی بە دەستی دوژمنان و شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ دووچاری نەهامەتی سەخت و دژوار بووە و دەبێت.

بێگومان تێگەیشتن لە ناسۆرەکانی ئەو کات بۆ ئەوانەی پێیان دەڵێن نەوەی ( ئاڵتونی ) ئاسانترە، وەک لەو نەوەیەی پەروەردەی قۆناغێکی بێ پڕەنسیپ و دسپلین بە روحی کوردایەتی و غایبی رەوشتی رەسەنی کوردەواریە.

سەختە مرۆ بتوانێ بە چیڕۆکێک ئازارەکانی قۆناغێکی وا دژوار و ناشرین لە مێژووی کوردایەتی کە پرۆسەیەکی درێژخایەن و بێ بەزەییە بەیان بکات، بەڵام چیا بە ئەندازەیەک وێنای ئەو حەقیقەتەی کردووە کە ویژدانی خۆی و خوێنەریش ئاسودە بکات.

گومان لای کەسمان نیە  نمونەی زۆر سەخت و دژوارتر لە تاکەکانی کۆمەڵگای کوردەواری رویداوە، بەڵام تا ئێستا نەخراونەتە سەر پەڕەی کتێب و رۆژنامە و سایتەکان، بەڵام زوو یان درەنگ چیڕۆکی ناخ هەژێنی تریش دەبنە شاهیدی دڵڕەقی و بێ بەزەیی ئەو رۆژانەی هەموو کوردێکی بە هەڵوێست نەفرەتی لێ دەکات و بە شەرمەزاریەوە ئاوڕ لەو بەشەی ژیانی میللەتەکەی دەداتەوە.

لە راستیدا چیا هاوار لەو بوارەدا پێشەنگی شکاندنی دیواری ترس بوو، سڵی لە لێکەوتەکانی دوای دەرخستنی حەقیقەتی شەڕی براکانی نەکردۆتەوە کە تا ئێستاش بەشێوەو ئامرازی جیاواز بەردەوامی هەیە. 

چونکە ئەوە لایەنە رەشەکەی مێژووە ناکرێت هەر لە سینەی کەسەکان گینڵ بدات و بەسەر داپۆشراوی لەگەڵ کارەکتەرەکانی ناو روداوەکان بچێتە ژێر گڵ بە بیانوی لەبار نەبونی قۆناغ و دۆخی سیاسی ناوخۆی.

بەڵکو دەبێت بوێرانە رۆژ ژمێری نەفرەت لێکراوی ئەوان رۆژان ( چیا )ئاسا بکرێنە چیڕۆکە وێرد بوەکانی سەر زمانی گەڵ و پەندوو ئامۆژگاری لێ وەربگیرێ و رێگە لە دووبارە بونەوەیان بگرێت.

چونکە ئەمڕۆ هەموومان دەزانین نرخی خوێنی بە ناحەق رژاوی هەزاران کەڵە مێرد چووە گیرفان و ژمارە حسابی بازرگانان و ئەندازیاری دروستکردنی ئەو ماڵ وێرانیەی دنیایەک چیڕۆکی تراژیدی بۆ جێ هێشتین.

چیا یەکێکە لەوانەی حەقیقەی ئەو مێژووەی کە خۆی کارەکتەری ناو بەشێک لە روداوەکان بووە، بەبێ تەڕەفگیری گێڕاوەتەوە، ئەوە خۆی هەڵوێست و جوامێریەکی گەورەیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن