هاوسەری د. رەفیق سابیر-ی شاعیر كۆچی دوایی كرد

هەمەڕەنگ

05/01/2021     ژمارەی بینراو 3199

راچڵەكین-

هاوسەری (د.رەفیق سابیر) شاعیری دیاری كوردو ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان لەوڵاتی سوید كۆچی دوایی كرد.

د.رەفیق سابیر-ی شاعیر بۆ كۆچی دوایی ( ئێكا)ی هاوسەری هۆنراوەیەكی لەپەیجی تایبەتی خۆی بەناوی (ئاوێزانبوون) بڵاوكردووەتەوە، و لەكۆتاییدا نوسیوویەتی:" رۆحە جوانەكەت شادو ئارام بێت ئێكا گیان، هاورێ و یار و هاوسەرە خۆشەویت و هێژاكەم."

ئاوێزانبوون
تۆ دەزانیت ئێمە لە كوێن؟
چەند دوور چوین و 
بەرەو كوێ باڵمان گرتووە؟
تۆ دەزانیت ئەشق ‌تا كوێ 
ئێمەی لەگەڵ خۆی بردووە؟
ئێمە رۆحمان بە یەكتری سپاردووه.‌
قەت ناپرسم لە كوێ بوویت و بۆ كوێ دەچیت 
لە هەرجێ بیت ئاساییه. 
چەند لێم دوور بیت
هەر نزیكیت دووری چییە؟
گەر بە جەستە لای من نەبیت
لە هەركوێ بیت گرنگ نییه
هەر تۆ شاد بیت بەرگە دەگرم
‌جەستە چییە!
‌‌ئێمە رۆحمان تا هەتایە 
ئاوێزانی یەكترییه.

د.رەفیق سابیر قادر لە ساڵی 1950 لە شاری قەڵادزێ- پارێزگای سلێمانی، لەدایك بووە.خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لەوێ تەواو كردووە، لە ساڵی1970- 1974 لە زانكۆی بەغدا، كۆلێجی ئەدەبیات، بەشی زمان و ئەدەبی كوردی، خوێندوویەتی.لە ساڵی 1976 یەكەمین كۆمەڵەهۆنراوەی بەناوی (پشكۆكان دەگەشینەوە) لە بەغدا بڵاو بۆتەوە.

لە ساڵی 1987 بڕوانامەی دوكتۆرای لە فەلسەفە وەرگرتووە، دكتۆرنامەكەی بە ناوی (رۆڵی كولتوور لە پێكهێنانی هۆشیاریی نەتەوەیی كورد) نووسیوە. لە ناوەڕاستی ساڵی 1989 وەك پەنابەر لە وڵاتی سوێد نیشتەجێ بووە.

لە ساڵی 2009-2011 ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە، دوای دوو ساڵ دەستی لەكار كێشاوەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن