نوێترین رۆمانی نەبەز گۆران بڵاودەکرێتەوە

کەلتوور

06/01/2021     ژمارەی بینراو 559

ڕۆمانی (شانشینی ئەگباتان)

ڕاچڵه‌كین-

بەم نزیكانە... ڕۆمانی (شانشینی ئەگباتان) بڵاو دەكرێتەوە، گەڕانەوە بۆ ماڵی كورد، بۆ سەردەمی ماددەكان. زەمەنی ڕۆمانەكە لە (دووهەزار و حەوسەد و بیست ساڵ) بەر لە ئێستاوە دەست پێدەكات. (ئاڕتینی موغ) كە گێڕەرەوەی ناو دەقە، خۆی خەڵكی شاری( پیران)ە. باوكی بازرگانە و بەهۆی ڕووداوێكی ئەو سەردەمەوە كەسوكاری لە دەستدەدات و دەچێتە ناو پەرستگەیەكی زەردەشت_ی و دەبێت بە موغ.  بەهۆی ویستێكی باوكییەوە كە پێشوتر پێیوتووە لەگەڵ قافڵە بازرگانەكاندا دەكەوێتە گەشت بەناوهەموو سنووری ئیمپڕاتۆریەتی ماددا. هەرچوار شانشینەكە دەگەڕێت، (شانشینی ئەتروپات شانشینی كارۆسییەكان_شانشینی هۆریایی_ شانشینی باغستان.) بە وردی شێوەی ژیان و فەزای گشتی شانشینەكان دەگێڕێتەوە، پاشان لە شاری (ئەگباتان)ی پایتەخت  خۆی دەبینێتەوە و دەبێتە حیكایەتخوێنی دیوانی كۆشك.

لەسەردەمی پاشای سێهەم پاشا (ئاستیاگ ی كوڕی پاشا كیاكسار) دا خزمەتدەكات، لەوێ‌ ئاشنای چاوی پاشا و بێتانی تۆمارەكان دەبێت، لە ڕێگەی ئەم دوو كارەكتەرەوە ئاشنایەتییەكی باش لەگەڵ مێژووی رابردووی ماددەكان و  پاشاكاندا پەیدا دەكات، سەردەمی پاشای یەكەم، پاشا (دیوكیس/ دیاكۆ) چۆن شاری دروستكرد و چۆن تیرەكانی كۆكردەوە و چۆن شانشینی ڕاگەیاند؟ شانشینەكەی لە چ ڕۆژێكدا بەیانكرد، ئاڵاكەی بە چ میكانیزمێك دیاریكرد و چۆن دوایی بوو بە ئاڵای ئیمپڕاتۆریەتەكە، شارەكە چۆن بوو؟ میرەكان چۆنبوون، خانەدان و بازرگانەكان چیانكرد؟ سەرۆك تیرەكان بۆ لەگەڵی هاتن و شەڕی كێیانكرد؟ 

پاشان سەردەمی پاشا_كیاكساری كوڕی و شازادە ئامینتی كچی_ دەستپێدەكات. چۆن شانشینەكانیان دروستكرد وهەردووكیان پێكەوە لەتەنیشت یەكدا وەك دوو سوارچاك شەڕیانكرد، لە كوێ‌ لەگەڵ بابلییەكان رێككەوتن و لە چ شوێنێك پاشا_كیاكسار و پاشا بوپالاساری بابلی_ رێكەوتنەكەیان ئەنجامدا؟ چۆن دەسەڵاتی ئاشورییەكان_یان تاروماركرد، چۆن شازادە_ئامینتی هاوسەرگیری لەگەڵ پاشای بابلیدا كرد، بۆچی باخچە هەڵواسراوەكانی بۆ دروستكرا، زەماوەندەكەی چۆنبوو؟ شاری بابل_چۆنبوو، باخچە هەڵواسراوەكان چۆنبوون، كەنعانییەكان بۆ ئازادكران؟ خەونەكەی پاشا _كیاكسار چی بوو، گۆڕەكەی لە كوێیە، وەسیەتنامەكەی چی تێدانووسرابوو؟ شانشینەكانی چۆن دروستكرد، كوێی كرد بە بایتەختی هەر یەكێكیان، كێیكرد بە پاشای هەر شانشینێك؟ فەزای شانشینەكان، كلتووری ماددەكان، ئاهەنگەكانیان، جلوبەرگیان، هەڵسوكەوت و ئاكاریان، شەڕەكانیان، رێككەوتنەكانیان، دۆزینەوەكانیان، بەرهەمهێنانەكانیان، ئایینەكەیان، لەشكرەكەیان.. ئەمانەو چەندین وردەكاری دیكە  لەناو ڕۆمانەكەدا دەخوێنیتەوە.

دواهەمین پاشا_ ئاستیاگ_ خەونەكانی، فەزای ناو كۆشكەكەی، هەڵسوكەوتی، سەرلەشكرەكەی بۆ پشتی تێكرد؟ شازادە _مەندان_ی كچی بۆ دایە پاشایەكی پارس؟ دوایی چ رێككەوتنێك لە دژی كرا؟ میرزادە زەردەشت، چۆن وازی لە میرایەتی هێناو ئایینی یەكتاپەرستی ڕاگەیاند، ئایینەكەی چۆن كرایە ئایینی باڵادەست؟ شاژنەكانی ناوكۆشك لەگەڵ یەكتری چۆنبوون، خەڵكی كوێ‌ بوون؟ بۆ یەكیان كچی پاشای لیدی بوو، ئەویتریان كچی پاشای ئەرمەنی؟ شاژنە ئاڕێنس چۆن بوو؟ شاژنە تێگرانیا چۆن بوو؟ چی روویدا لەسەردەمی پاشای سێهەمدا؟.... هتد. فەزای ناو ڕۆمانەكە بەم جۆرەیە و بەشێكی زۆری كارەكتەرەكان و رووداوەكان لەناو واقیعی مێژوودا هەن، دەكرێت بوترێت ئەم گەڕانەوەیە بۆ ئەو سەردەمە، گەڕانەوەیە بۆ خود هوشیاری و خود ناسی و دەلاقەیەكە تالێیەوە لە خۆمان و بونیادمان بڕوانین. ڕۆمانەكە ئیشكردنە لەسەر  سولالەی یەكەمی پاشایەتی و دەسەڵاتی ماددەكان. 

بێگومان ڕۆمانەكە بە پشتبەستن بە  زیاد لە (60)سەرچاوی مێژوویی نووسراوە. 

نیگاری سەر بەرگەكە، تابلۆی هونەرمەند( ئەنتۆنیۆ ماریاب)ە، باس لە منداڵەكەی شازادە (مەندان) دەكات چۆن لای شوانێك شاردراوەتەوە و بەشیری دەڵە سەگ  بەخێوی دەكەن، تا پاشا ئاستیاگ نەیكوژێت، لەناو ڕۆمانەكەدا بەوردی ئەم چیرۆكەی تێدایە كە یەكێكە لە بناغەی شێواندنی خێزانی پاشایەتی و ئیمپڕاتۆریەتەكەیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن