وەزارەتی پەروەردە كاتی دەوامكردنی مامۆستایان ئاشكرا دەكات

کوردستان

13/01/2021     ژمارەی بینراو 1428

راچڵەكین –

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم راگەیاندراوێك لەبارەی شێوازی دەوامكردنی مامۆستایان لەدوای دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت، مامۆستایان لەدوای وتنەوەی وانەكانیان پابەند ناكرێن بە مانەوە لە ناو خوێندنگەكان.

دەقی راگەیاندراوەكە:

راگەیەندراوێك لە راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە : 

پاش كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە ، ١٣ ی ١ی ٢٠٢١  ی لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی  ڤایرۆسی كۆرۆنا ، بەسەرپەرشتی بەرێز وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی بەرێزان : لە وەزیرانی تایبەتمەند و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان ، بریاردرا : 

١-  رۆژی شەممە ، ١٦ ی ١ ی ٢٠٢١ ، خوێندن لە قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی ، بەهەموو بەشەكانیەوە ، لە قوتابخانە و خوێندنگە حكومی و ناحكومیەكان دەستپێدەكاتەوە. 

٢- پرۆگرامی خوێندن بە ریزبەندی دەخوێندرێت . رۆژ و كاتی  تاقیكردنەوەكانی وەرزی و تاقیكردنەوە گشتییەكان بەگوێرەی ئەو خشتانەی كە بە نوسراوی فەرمی بلاودەكرێنەوە كاریان پێدەكرێت. 

٣- لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی تەندروستی و بەمەبەستی خۆپارێزیی مامۆستایانی بەرێز تەنها ئەوكاتانە لە قوتابخانە دەبن كە وانەیان هەیە ، پاش وتنەوەی وانەكانیان پابەند ناكرێن بە مانەوە لە ناو قوتابخانە . 

٤- لە رۆژی شەممە ١٦ ی ١  تا ماوەی یەك هەفتە ، ئەو بژارەیە دەخرێتە بەردەم بەخێوكاری قوتابیان و خوێندكاران ، لە رێگای فۆرمێكەوە كە وەزارەتی پەروەردە ئامادەی كردووە  و لە قوتابخانەكان پڕ دەكرێتەوە ، كە بەخێوكار سەرپشك دەكات قوتابیەكەی لە ناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابین بكات و نەچێتەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام تەواوی تاقیكردنەوە نوسینەكیەكانی لە ناو پۆل دەبێت ئەنجام بدات. 

٥- رێنماییە خۆپارێزییەكان لە ناوەندەكانی خوێندن جێبەجێدەكرێت و پێگیریی بە رێنماییەكان زامنكاری بەردەوام بوونی خوێندنە ، بۆ ئەومەبەستە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ بابەتی پرۆسەی خوێندن ، كە بەسەرپەرشتی بەرێز پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە و بەرێوەبەرانی گشتی پەروەردە و تەندروستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان پێكهاتووە ، هەماهەنگی دەكەن بۆ باش بەرێوەچوونی پرۆسەكە.

٦- لەڕووی پرەنسیپەوە ، كۆبوونەوە پلانی وەزارەتی پەروەردەی پەسەند كرد بۆ دەستپێكی خوێندنی قۆناغەكانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی  و پەیمانگاكان ، حكومی و ناحكومی ،  كە لە ١ ی ٣ ی ٢٠٢١  دەستپێبكات ، لە ٢ ی ٢ ی ٢٠٢١ لیژنەی باڵا كۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی و هەر بریارێكی نوێ كە پێویست بێت بۆ گۆڕانكاری لەو بەروارە ( بۆ قۆناغەكانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی ) بە گوێرەی بڵاوبوونەوە و كەمبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. پاشان وەزارەت پلانی پەسەندكراو بە نووسراوی فەرمی گشتاندنی پێدەكات. 

          پارێزراو تەندروست ساغبن.
راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە 
           ١٣ ی ١ ی ٢٠٢١

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن