مۆسكۆ هۆشداری لە خۆپیشاندانی ئۆپۆزسیۆن دەدات

جیهان

22/01/2021     ژمارەی بینراو 264

راچڵەكین –

بڕیارە سبەینێ لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنی روسیا خۆپیشاندانێكی فراوان بۆ پشتیوانیكردن لە ئالێكسەندەر ناڤالنی ئەنجام بدەن، وتەبێژی كرێملین-یش هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت، مۆڵەت بۆ خۆپیشاندانەكە وەرنەگیراوە.

دیمێتری پێسكۆڤ وتەبێژی كۆشكی كرێملینن لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، هەڵوێستی حكومەتی روسیای بەرامبەر ئەو خۆپیشاندانە ئاشكراكرد كە بڕیارە سبەینێ شەممە 23-1-2021 بۆ پشتیوانیكردن لە ئالێكسەندەر ناڤالنی بەرهەڵستكاری ئەو وڵاتە ئەنجام بدرێت، كە ماوەی چەند رۆژێكە دوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا، لەلایەن دەسەڵاتدارانی مۆسكۆ دەستگیركرا.

پێسكۆڤ، تیشكی خستە سەر ئەوەی ئەم خۆپیشاندانانە بێ مۆڵەتن و رایگەیاند: "لێرەدا تەنها یەك بژاردەمان هەیە، كە ئەویش پابەندبوونە بە یاسا، بەتایبەت رێكخستنی خۆپیشاندانی نایاسایی و بەكارهێنانی چەواشەكاری بۆ بەشداری پێكردنی منداڵان و گەنجان لەو خۆپیشاندانانەدا مایەی قبوڵ نییە".

وتەبێژی كۆشكی كرێملین تیشكی خستە سەر ئەوەی وەزارەتەكانی ناوخۆ و پەروەردەوە دەرباری ئەم هەوڵانە هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتییان.

ئالێكسەندەر ناڤالنی لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٠دا و كاتێك لە شاری تۆمسك-ی رووسیا بەرەو مۆسكۆ-ی پایتەخت بەڕێكەوت، لە كاتی گەشتەكەیدا باری تەندروستی تێكچوو و بەوهۆیەوە فڕۆكەكەی لە شاری ئۆمسك نیشتەوە. 

دواتر ناڤانلی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و پزیشكەكان بانگەشەی ئەوەیان كرد كە لەڕێی تێكەڵكردنی ماددەیەك بەو چایەی خواردوویەتییەوە ژەهرخوارد كراوە.

دواتر ناوبراو لە ٢٢ی ئابدا و لەڕێی فڕۆكەیەكی تایبەتەوە لە شاری ئۆمسك-ی رووسیا-وە گواسترایەوە بۆ بەرلین-ی پایتەختی ئەڵمانیا، دوای وەگرتنی چارەسەری پێویست و كاتێك لە رۆژی 17ی ئەم مانگە لە ئەڵمانیاوە گەڕایەوە مۆسكۆ، دەستبەسەر كرا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن