17 ساڵ بەسەر مورافەعە مێژووییەكەی مام جەلال-دا تێدەپەڕێت

ڕاپۆرت

09/02/2021     ژمارەی بینراو 552

راچڵەكین-

17 ساڵ بەسەر رۆژی مورافەعە گەورەكەی مام جەلال- سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی و سەرۆككۆماری پێشووتری عیراقدا تێدەپەڕێت كە لەئەنجوومەنی حوكمی ئەوكات بە بەڵگەو نەخشەو دۆكیۆمێنتی مێژوویی كوردستانی بونی كەركوكی بۆ هەموو لایەك سەلماند.

17 ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژی 9ی شوباتی 2004دا، سەرۆك تاڵەبانی لەو كۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی حوكمدا، وتەیەكی پێشەشكردو رایگەیاند: پێویستە ئەنجومەنی حوكم دان بە فیدراڵیەتی كوردستاندا بنێت، كاریش لەسەر ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك و گەڕانەوەی بۆ پێشتری بكات.

تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەدا بڕگەیەكی بڕیاری لیژنەی كۆمەڵەی نەتەوەكان خوێندەوەو رایگەیاند: بەهیچ شێوەیەك سنووری عیراق لە چیای حەمرین تێپەڕناكات، ئەو ناوچانەی لە چیای حەمرین دابڕاون ناوچەی كوردستانین.

مام جەلال سوربوونی خۆشی دەربڕی بە بوونی نەخشەیەكی گەورەی مێژووی سەردەمی دەوڵەتی عوسمانییەكان و، رایگەیاند "كەركوك شارێكی كوردستانییە."

مام جەلال بە زمانی گوڵ و بەڵگەنامە لەیەك كاتدا "كوردستانی بوونی شاری كەركوك"ی بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی حوكم و هاوڕێیان و نەیارانی سەلماند.

هەر لەكاتی خستنەڕووی مورافەعە مێژووییەكەیدا، مام جەلال، ئاماژەی بەوەشدا مافی گەلی كورد رەوایە، دەبێت دانبنرێن بە زمانی رەسمیدا كە زمانێكی رەسمی وڵاتەو هاوشێوەی زمانی عەرەبییە، هەروەها كاریش بكرێت لەسەر كۆتایی هاتنی سیاسەتی راگواستن و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەی، هەروەها كوردو توركمان بگەڕێنەوە شوێنی راستەقینەی خۆیان.

وتیشی:" پێویستە مافەكانی گەلی كوردستان لە یاسای بەڕێوەبردنی كاتی دەوڵەتدا بسەلمێندرێن ‌و راستییەكانی پەیوەست بە گەلی كوردستانەوە خستەڕوو."

هەروەك روونیكردەوە كە ئەم گەلە لەنێوان چوار دەوڵەتدا دابەشكراوە، كە ئەوانیش توریكاو عیراق ‌و ئێران ‌و سوریان.

مام جەلال رایگەیاند:" گەلی كوردستان لە ساڵی 1925 دا بە بڕیارێكی عوسبەتولئومەم بە دەوڵەتی عیراقەوە لكێندراوە، هەروەك وتەیەكی ئەدمۆنز نوێنەری بەریتانیای لە لیژنەی كۆمەڵەی نەتەوەكان بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ویلایەتی موسڵ لەوكاتەدا بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە كە تێیدا دەڵێت: كوردستانی باشوور بە چەند مەرجێك لكێندراوە بە عیراقەوە لەوانە: "دەبێت بەڕێوەبەرانی ئەم ناوچە كوردستانییە كورد بن ‌و زمانی كوردیش زمانی رەسمی بێت‌ و بارودۆخی كوردستان وەك خۆی بهێڵدرێتەوە".

هەروەها سەرۆك مام جەلال ئاماژەی بەوەدا، ئەدمۆنز كاری بۆ ئەوە كردووە مۆركی كوردی لە لیوای كەركوكدا بسڕێتەوەو ئەوەشی بە پێشێلكردنێكی ئاشكرای ئەو بەڵێنانە لەقەڵەمدا كە عیراق‌ و بەریتانیا بە عوسبەتولئومەمیان دابوو.

لە بەشێكی تری مورافەعە گەورەكەدا، مام جەلال رایگەیاند:" ئەو بەڵێنانەی بە كورد درابوون نەبرانەسەرو لەلایەن حكومەتی عیراق‌ و بەریتانیاوە پێشێلكران‌ و كار گەیشتە ئەوەی لە سەردەمی سەدام حسێن دا پاكتاوی رەگەزی ‌و راگواستنی كوردو توركمان لە لیوای كەركوك جێبەجێ بكرێت‌ و عەرەب لە شوێنیان نیشتەجێ بكرێت."

مام جەلال لە بەشێكی تری قسەكانیدا لەو مورافەعەیەدا، بەشێك لە راگەیاندنەكەی كۆمەڵەی نەتەوەكانی سەبارەت بە سنووری عیراق خوێندەوە، دەڵێت: هەرگیز سنوری عیراق لە جەبەل حەمرین تێنەپەڕیوەو سنوری كوردستانیش لە جەبەل حەمرینەوە دەستپێدەكات، هەرچەندە شارەكە هەندێك توركمانی تێدایە.

مام جەلال ئاماژەی بۆ كتێبی "كێشەی موسڵ" كرد كە تێیدا هاتووە كوردستان بەشێك نییە لە عیراق یاخود ئەنادۆڵ.

هەروەها ئاماژەی بۆ كتێبی "قاموس ئەلئەعلام" كرد ئەو بڕگەیەی لێ خوێندەوە كە دەڵێت: سێ بەشی دانیشتووانی كەركوك كوردن.

هەر لەو مورافەعەیەدا، مام جەلال نەخشەیەكی گەورەی سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانی خستەسەر مێزی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی حوكم‌ و لەو نەخشەیەدا شوێنی كەركوك لە سنوری كوردستان دیاریكراوە.

وتیشی:" داوا دەكەین كوردو توركمانە راگوێزراوەكان بگەڕێنەوە شوێنەكانی پێشوی خۆیان لە كەركوك‌ و ئەو عەرەبانەش كە رژێمی پێشوو لە كەركوك نیشتەجێی كردوون بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانی پێشوی خۆیان لە ناوەڕاست‌ و باشوری عیراق ‌و پاش ئەوە راپرسییەك لەنێو خەڵكی كەركوك لە كوردو توركمان ‌و عەرەبی رەسەندا دەكرێت لەسەر بنەمای سەرژمێرییەكی ورد كە بۆ دیاریكردنی ئاییندەو چارەنووسی كەركوك دەكرێت."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن