حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی پەسەند كرد

کوردستان

23/02/2021     ژمارەی بینراو 203

راچڵەكین-

حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی پەرەپێدانیی پارێزگاكانی  بەگوژمەی 349 ملیار و 702 و ملیۆن دینار پەسەند كرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەرێی ڤیدیۆ كۆنفرانس و بەبەشداری قوباد تاڵەبانی- جێگری سەرۆكی حكومەت، لەگەڵ پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی كێشە و گرفتە كارگێڕی و داراییەكانی پارێزگاكان و پلانی حكومەت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ ساڵی 2021 كرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوەكردووە، حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵێكی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كە ئەركێكی لە پێشینەی حكومەتە. ئاماژەی بەوەشكردووە:" لە گفتوگۆكانمان بەردەوامین لە گەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ دابینكردنی شایستە دراییەكانی هەرێمی كوردستان، لە هەمانكاتدا و بەو داهاتەی بەردەستە ، لە چوارچێوەی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021، درێژە بە ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دەدرێت لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان .

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە،لە كۆبوونەوەكەدا پلانی حكومەتی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی پەرەپێدانیی پارێزگاكان و ئەو پڕۆژانەی وەزارەتەكان لە پارێزگاكان ئەنجامی دەدەن لە سێكتەرەكانی ( شارەوانی ، كارەبا ، تەندروستی ، كشتوكاڵ ، پەروەردە و ڕێگاوبان) بۆ ساڵی 2021 پەسەند كران كە بە داهاتی بەردەستی حكومەتی هەرێم ئەنجام دەدرێت و كۆی گشتی كوژمەكە،  349 ملیار و 702 ملیۆن دینارە. بەم شێوەیەی خوارەوە بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە:

•       پارێزگای سلێمانی :

114,350,000,000 سەد و چواردە ملیار  و سێسەد و پەنجا ملیۆن دینار.

•       پارێزگای هەڵەبجە :

30,000,000,000 سی ملیار دینار .

•       پارێزگای هەولێر :

000 ,128,352,000 سەدو بیست و هەشت ملیار و سێسەد و پەنجا و دوو ملیۆن دینار.

•       پارێزگای دهۆك :

77,000,000,000 حەفتا و حەفت ملیار دینار .

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن