ئەو كوردەی دوای دەستدرێژیكردنە سەر كچێكی بەریتانی پارچەپارچەی كرد..هۆكاری تاوانەكەی ئاشكرا دەكات

کوردستان

02/04/2021     ژمارەی بینراو 3706

راچڵەكین-

ئەو كۆچبەرە كوردەی تۆمەتبارە بە دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر كچێكی بەریتانی و پاشان كوشتن و پارچەپارچەكردنی تەرمەكەی، دەڵێت لە ترسی دیپۆرتكردنەوەی ئەو كارەی كردووە، بەڵام داواكاری گشتیی ئەو شارەی گەنجە كوردەكەی لێیە، ئەو قسانە رەتدەكاتەوە.
 
عەزام مەنگووری، تەمەن 24 ساڵ، كۆچبەرێكی كوردی باشووری كوردستانە، لە شاری ئێكسیتەر لە باشووری رۆژئاوای بەریتانیا نیشتەجێیە. شەوی 1ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو بەدوای كچێكی تەمەن 32 ساڵ بەناوی لۆرین كۆكس دەكەوێت و رازی دەكات لەگەڵی بچێتەوە ماڵەكەی. دواتر عەزام لە ژوورەكەی خۆیدا لۆرین دەكوژێت و پارچەپارچەی دەكات.

 
عەزام مەنگووری لە ساڵی 2018وە داوای پەنابەرییەكەی لەلایەن دەسەڵاتی بەریتانییەوە رەتكراوەتەوە.
 
بەگوێرەی دانپێدانەكەی عەزام لە بەردەم دادگای شاری ئێكسیتەر، "لۆرین شتێكی نامۆی كێشاوە كە بووەتە هۆی لەهۆشچوونی و دواتر گیانلەدەستدانی". هەروەها گوتویەتی، كە لۆرین مردووە ئەو ترساوە و بۆ ماوەی یەك هەفتە لە ژوورەكەی جێیهێشتووە، بەر لەوەی بگەڕێتەوە  وەك خۆی دەڵێت، ناچار بێت ئەو پارچەپارچە بكات و فڕێی بدات.
 
عەزام، لە وەڵامی ئەوەی كە بۆچی تەرمی لۆرینی پارچەپارچە كردووە، ئاشكرای كردووە ترسی ئەوەی لێنیشتووە پۆلیس بە كوشتنی تۆمەتباری بكات و لە بەریتانیا دەریبكەن.
 
بەڵام داواكاری گشتیی دادگاكە، قسەكانی عەزامی بە "درۆ" ناوبرد و گوتی: "عەزام خۆی لۆرینی كوشتووە و باشترین بەڵگەش لەكاتی دۆزینەوەی تەرمی پارچەپارچەكراوی ئەو بووە بەزۆر كراسەكەی خرابووە نێو دەمی، كە ئاماژەیە لەسەر خنكاندنی بەر لە پارچەپارچەكردنی".
 
پۆلیسی بەریتانی رایگەیاند، عەزام تەرمی لۆرینی كردووەتە حەوت پارچە و بەشێكی لە نزیك ئەپارتمانەكەی فڕێداوە و بەشێكی دیكەشی لە دارستانێكی نزیك لە ناوچەكە.
 
بە گوتەی پۆلیسی بەریتانی، عەزام لە یەكێك لە فرۆشگەكان چەند كەلوپەلێكی تایبەت بۆ شاردنەوەی تاوانەكە كڕیوە وەك كیسەی گەورەی زبڵ و هەروەها ماددە پاككەرەوەكان.
 
هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی پۆلیس، عەزام بۆ ئەوەی تاوانەكە بشارێتەوە و گومانی لێنەكرێت، لە ماوەی ئەو هەفتەیەی كە لۆرین بە كوژراوی لە ئەپارتمانەكەی عەزامدا بووە، تەلەفۆن و ئەكاونتەكانی لۆرینی لە سۆشیاڵمیدیا بەكارهێناوە و بە تێكست قسەی لەگەڵ خێزان و كەسوكار و هاوڕێكانی كردووە تاوەكو گومانی نەمانی لێی دووربخاتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 03-03-2021 دادگای كراون لە شاری ئێكسیتەر دانیشتنێكی دادگایی لەبارەی كوشتنی ژنەكە ئەنجامداوە و لێكۆڵینەوەكانیش لە رووداوەكە بەردەوامن.
 
سایمۆن لاوس، پارێزەری كەیسەكە رایگەیاندووە، ئەو كچ و كوڕە پێشتر هەرگیز یەكدییان نەبینیوە، ئەو كاتەیشی یەكەمجار یەكدییان بینیوە، كچەكە كحولی خواردووەتەوە و سەرخۆش بووە، دواتر كوڕەكە ئەمەی بە دەرفەت زانیوە و لە كۆڵانێكی شارەكەدا دەستدرێژی كردووەتە سەر ژنەكە و پاشان ژنەكەی بردووەتەوە بۆ ژوورەكەی كە لەنێو شوقەیەكدا بووە و دواتر كوشتوویەتی. ئەو پارێزەرە دەشڵێت "كوڕەكە جەستەی ژنەكەی كردووەتە حەوت پارچە و لەنێوی بردووە."
 
ئەو پارێزەرە ئاماژە بەوەش دەدات: "كامێرا نهێنییەكان ئەوە پیشان دەدەن كە پێكەوە بوون و بەڵگەكانیش ئەوە دەردەخەن كە كوشتوویەتی و پارچە پارچەی كردووە لە ژوورەكەیدا."
 
لە كاتی لێكۆڵینەوە لە گەنجەكە، دادگاكە ئەوەی وتوە كە: "كوڕەكە لە ئینتەرنێت سەیری چەند ڤیدیۆیەكی كردووە و بۆ ئەوە گەڕاوە كە چۆن جەستەی كەسێك پارچە پارچە دەكرێت."

س- رووداو


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن