هۆكار و نیشانه و چۆنیهتی چارهسهری کون بونی پەردەی گوێ
ڕاچڵهكین-
هەروەکو ئاشکرایە پەردەی گوێ دوو ئەرکی گرنگی هەیە ئهوانیش بریتین له،- گەیاندنی دەنگ لە گوێچکەی دەرەوە بۆ گوێچکەی ناوەراست، لەوێشەوە بۆ ناو مێشک.
- وەکو دیوارێک وایە لە بەینی گوێچکەی دەرەوە و گوێچکەی ناوەراست کە نایەڵێت هیچ میکرۆبێک لە گوێچکەی دەرەوە بچێتە گوێچکەی ناوەراست کە ببێتە هۆکاری هەوکردن.
هۆیەکانی کونبونی پەردەی گوێچکە زۆرن، دكتۆر نزار پزیشکی نەشتەرگەری قورگ و لوت لهم بابهتهدا دیارترین هۆكار و نیشانه و چۆنیهتی چارهسهری كونبوونی پهردهی گوێ باسدهكات.
1- هەوکردنی گوێچکەی ناوەراست: شلەمەنی لە گوێچکەی ناوەراست بەهۆی هەوکردنەوە کۆدەبێتەوە، وە پاڵ بە پەردەی گوێ ئەنێ تا ئەیتەقێنێ.
2- جیاوازی کتوپر لە بەینی پەستانی هەوای دەرەوە لەگەڵ هەوای ناو گوێچکەی ناوەراست، واتە لە کاتی سەفەر بە فڕۆکە یاخود خۆ نقوم کردنی کتوپر بۆ ناو ئاو لە کاتی مەلەکردندا.
3- دەنگی بەرز یاخود دەنگی تەقینەوەی قومبەلە یان گولە.
4- یاری کردن بە گوێچکە وەکە خوراندن بە تەوقە یاخود دەرزی.
5- زەحمەت و پەستان بەرسەرکەوتن بەهۆی حادیسەی سەیارە، کە دەبێتە هۆی زەرەر گەیاندن بەسەر ئێسقانەکانی وە پەردەی گوێش لەوانەیە بتەقێ.
لە کاتی تەقینی پەردەی گوێ لەوانەیە ئەم نیشانانە ڕوبدات:
1- ئازار بۆ چەند چرکەیەک.
2-دەنگدانەوە لە گوێچکەدا.
3- گێژ بوون.
4- ئەگەر پەردەی گوێ بە کونی بمێنێتەوە، لەوانەیە کە پیسی پێست لە گوێچکەی دەرەوە برواتە ناو گوێچکەی ناوەراست لە رێگەی ئەو کونەوە، ئەم پیسیەش بۆی هەیە کیس دروست بکات کە دواتر لەوانەیە ئێسقانەکانی گوێ بخوات و لەماش مەترسیدارتر بچێتە ناو مێشک.
خۆپاراستن لە کونبونی پەردەی گوێ:
1- ئەگەر گوێچکەی ناوەراست هەوی کرد ئەبێ چارەسەر بکرێت لەلایەن پسپۆڕی قورگ و لوت و گوێ.
2- لە کاتی سەفەر کردنن ئەم رێکارانە دەبێ پەیڕەو بکرێن :
- ئەگەر هەڵامەت یان انفلونزات هەبێ وا چاکە سەفەرەکە دوا بخرێت.
- لەکاتی سەفەرکردن بە فڕۆکە واباشترە بنێشت بجویت ، وە زوو زوو تف قوت بدەی، وە واباشە قەترەی ٳفدرین بکەیتە لووتەوە بۆئەوەی جۆگەی ئۆستاکی بەکراوەیی بمێنێتەوە، وە بەهیچ جۆرێک نەخەوی لەکاتی بەرزبوونەوەی فڕۆکە یاخود دابەزینی فڕۆکە.
3- بەهیچ جۆرێک گوێ پاکمەکەرەوە بە گوێ پاکەرەوە یا تەوقە یان دەرزی، گوێ پویستی بە پاککردنەوە نییە چونکە خۆی ئۆتۆماتیکی خۆی پاکدەکاتەوە.
4- هەتا بتوانی دوورکەوینەوە لە دەنگی بەرز یاخود تەقینەوە.
چارەسەری کون بوونی پەردەی گوێ:
زۆربەی کون بوونی پەردەی گوێ خۆی لەخۆیدا پڕدەبێتەوە لەماوەی سێ هەفتە بۆ سێ مانگ بەمەرجێک ئەم ڕێکارانە بگرێتەبەر:
1-بەهیچ جۆرێک ئاو نەچێتە گوێ لەکاتی خۆشتن
2- مەلەکردن قەدەغەبکرێت
3- ئەگەر توشی هەڵامەت یان انفلۆنزا بوویت ئەبێت زوو چارەسەر وەربگریت
ئەگەر دوای ئەم ماوەیە کونەکە پڕنەبوەوە ئەبێت بیر لە هەندێک ڕێگای ئاسان بکەینەوە:
وەکو کەوی کیمیایی بۆ قەراغی کونەکە یاخود دانانی کاغەزی تەنک لەسەر کونەکە بۆ ئەوەی هاندەربێت بۆ پڕبونەوه، ئەگەر ئەم ڕێکارانە سودی نەبوو ئەبێت نەشتەرگەری بۆ بکرێت کەپێی ئەڵێن دانانی پەردەی گوێ (myringoplasty)