ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان ئاشكرابوو

کوردستان

08/04/2021     ژمارەی بینراو 334

راچڵەكین –

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی هەرێم ئاشكرا دەكات و بەگوێرەی راگەیەندراوێكیش، سەرۆكی هەرێم رایگەیاندووە، تاكە رێگەی تێپەڕاندنی كێشەو قەیرانەكان و پاراستنی ماف و دەستكەوتەكان و پێگەی دەستووری و فیدراڵیی هەرێمی كوردستان، تەبایی و پێكەوەیی و یەكڕیزییە.

ئەمڕۆ 8-4-2021، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كۆبووەوە، دوابەدوای كۆبوونەوەكەش، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئاشكراكرد.
 
دەقی راگەیەندراوەكە: 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-4-2021 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
 
لە كۆبوونەوەكەدا كە بەڕێزان جێگرانی سەرۆك ئامادەی بوون، بارودۆخی عێراق و ناوچەكە، پەیوەندییه دەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان، سەردانی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا، ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشە سیاسییە تازەكاندا، پەیوەندییەكانی هەولێڕ ـ بەغدا، دیالۆگی ستراتیژیی ئەمەریكا ـ عێراق و بەشداری و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان تیایدا، هەڵبژاردنەكانی عێراق، بارودۆخی ناوخۆ و پەیوەندیی نێوان پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكان، تاوتوێ كرا.
 
لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای دووپاتكردنەوەی دەستخۆشی و پێزانین بۆ دەستپێشخەریی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و كۆكردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكان، لە كەشێكی ڕاشكاو و كراوەدا كێشە و نیگەرانییەكان خرانە ڕوو و جەخت لە پێویستی و گرنگیی یەكڕیزی، تەبایی، گفتوگۆ و لێكگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كرایەوە.
 
كۆبوونەوە پەسندكردنی یاسای بودجەی عێراقی بە هەنگاوێكی ئەرێنی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق لە قەڵەم دا و هیوای خواست یاساكە جێبەجێ بكرێت و ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و دۆخی ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە هەبێت و ڕێخۆشكەر بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا لەسەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی سیستمی فیدرڵیدا.
 
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت كرایەوە‌ كە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكان، پاراستنی دەسكەوتەكان و هەنگاونان بۆ ئایندەیەكی باشتر، واقعبینی و هەستكردن بە بەرپرساریەتیی هەمووان، پێكەوەكاركردن، هاوبەشی، تەبایی و یەكڕیزی دەخوازێت و بە گرنگییەوە جەختی لە پرۆسەی چاكسازی و كاركردن بۆ باشتركردنی گوزەر‌انی هاووڵاتیان و پێویستیی پاراستنی ئازادییەكان و ئازادیی ڕادەربڕین و دانانی چوارچێوه و میكانیزمێك بۆ بەردەوامیی ئەم كۆبوونەوانە كردەوە.
 
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كرد بۆ بەدەنگەوەهاتنی بانگهێشتەكەیان و سازدانی ئەم كۆبوونەوەیە و دووپاتی كردەوە كە تاكە ڕێگەی تێپەڕاندنی كێشە و قەیرانەكان و پاراستنی ماف و دەسكەوتەكان و پێگەی دەستووری و فیدراڵیی هەرێمی كوردستان، تەبایی و پێكەوەیی و یەكڕیزییە، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش لەم پێناوەدا بەردەوام دەبێت و بە چەتری كۆكەرەوەی هەمووان دەمێنێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن