مەنزومەی شیمالی حزبی بەعس لەكەركووك.. شوێنی بڕیاردان بۆ ئەنفالی گەلێك

ڕاپۆرت

14/04/2021     ژمارەی بینراو 410

راچڵەكین-

بارەگای مەنزومەی شیمالی حزبی بەعس، ئەو بارەگایەی كە شوێنی بڕیاردانی دژی گەلی كوردبوو. بارەگایەك كە دوای ١٨ ساڵ لە رووخانی رژێمی بەعس، وێرانەیەكی بەجێماوە و بووتە شوێنی نیشتەجێبوونی چەند خێزانێكی لێقەوماوی كورد لە كەركووك.

بینای مەنزومەی شیمالی حزبی بەعس بارەگایەكی مەترسیدار و پڕ تراجیدی بۆ تاكی كورد بوو، ھەموو كوردێك یادگارییەكی تاڵی لەگەڵ ئەم بارەگا پڕ تراجیدیایەدا ھەیە.

رۆژی ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ بەبڕیاری حزبی بەعس، ئەمینداری گشتیی حزبەكە، عەلی حەسەن مەجید كرا بە بەرپرسی مەنزومەی شیمال و سەرپەرشتیاری پارێزگاكانی باكووری عێراق.

سێ بارەگا شوێنی پلاندانانی پرۆسەی ئەنفال بوون لە كەركووك كە ئەوانیش؛ بینای مەنزومەی شیمالی لەنێو فەیلەق و بینای سەرەكی رێكخستنەكانی حزبی بەعس كە ئێستا بارەگای مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە لە شەقامی پارێزگای كەركووك و ماڵی عەلی حەسەن مەجید لە گەڕەكی رێگای بەغدا.

بارەگای مەنزومەی شیمالی حزبی بەعس دەكەوێتە نێو فەیلەقی سەربازی و لەنێوان فڕۆكەخانەی سەربازیی كەركووك و كۆمپانیای نەوتی باكوور، بەڵام لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراق و لەناوچوونی دەسەڵاتی بەعس، فەیلەق لە شوێنێكی سەربازییەوە بوو بەشوێنی نیشتەجێبوونی ھاووڵاتییان.

بارەگای مەنزومەی شیمالی حزبی بەعس دەزگایەكی حزبی بەعسی بوو كە لەم دەزگایەوە بڕیارە گەورەكانی جینۆسایدی كورد دەدرا و شوێنی كۆبوونەوە و بڕیارە گرنگەكانی بەعس بوون لە باكووری عێراق و سەرپەرشتی شارەكانی كەركووك و ھەولێر و دھۆك و سلێمانی دەكرا و ھەموو ھێزە ئەمنییەكانی عێراق كە ئەوانیش ئەمن و سوپا و ھەواڵگری و پۆلیس و كادرە حزبیەكانی حزبی بەعس بەشداربوون لە راوەدونانی كورد.

ھەر لەنێو فڕۆكەخانەی سەربازیی كەركووكەوە، فڕۆكەكان ھەڵدەفڕین بۆ تۆپبارانكردنی گوندەكان لە شارەكانی كوردستان و، بۆ گواستنەوەی سەربازە گەورەكانی حزبی بەعس و سەرپەریشتیكردنی پرۆسەی ئەنفال بەكار دەھێنران.

"دەبێت ئەم بینایە وەك خۆی بمێنێت و كەس خۆزگە بەدەسەڵاتی بەعس نەخوازێت"

لە ناو بارەگای مەنزومەی شیمالی حزبی بەعس ئەو بارەگا مەترسیدارەی بۆ كوردەكان پڕە لە بیرەوەری تاڵ، سەباح ساڵح، ھاووڵاتییەكی كوردی كەركووك باسی لە یادگارییە تاڵەكانیان كرد:" لە سەردەمی بەعس بەرپرسانی حزبی بەعس و موستەشارەكان بڕیارەكانیان لە سەدام حوسێن وەردەگرت و لێرەوە بڕیارەكانیان جێبەجێ دەكرد بۆ ئەوەی میللەتی كورد لەناو بەرن و ئەوەیشی بھێنرایەتە ئەم بینایەوە ئیتر دەرچوون و ئازادبوونی ئەستەم دەبوو، لێرە خەڵكیان ئەشكەنجە دەدا و بەھەزار شێواز و بەدڕندانەترین شێواز مامەڵەیان لەگەڵ كورد دەكرد و ھیچ كەس نەیدەتوانی بەپێش ئەم بارەگایەوە تێپەڕێت، ھێندە بینایەكی مەترسیداربوو كەسمان نەماندەویست بەپێشیدا تێپەڕین".

سەباح ساڵح

سەباح وتیشی: "كوشتنی كورد لەم بینایە ئاسانترین رێگابوو بۆ بەعس و لەم بینایەدا ژێرزەمینێكی گەورە بوونی ھەیە كە تا ئێستا كەس نەیدۆزیوەتەوە، بەڵام لاشەی چەندین ھاووڵاتی كوردی لەناوە و بەشاراوەیی ماوەتەوە جگە لەوەیش لەم بارەگایەی مەنزومەی شیمالی بەعسەوە بڕیاری تەرحیلكردنی ھاووڵاتی كورد دەدرا بۆ شارەكانی ھەرێمی كوردستان و خۆم یەكێكم لەو كەسانەی بەھۆی كوردبوونمەوە بۆ شاری سلێمانی تەرحیلكرام".

سەباح ئاماژە بۆ ئەوەدەكات كە دەبێت ئەم بینایە وەك خۆی بمێنێت و پارێزگاری لێ بكرێت، بۆ ئەوەی كەس ستەم و كردەوەكانی بەعسی لەیاد نەچێت و ھیچ كەس خۆزگە بەدەسەڵاتی بەعس نەخوازێت.

لە پرۆسەی ئەنفالدا لە سنووری پارێزگای كەركووك، ٧١٢ گوند خاپووركران و دانیشتووانی ئەو گوندانەیش بردرانە سێ ناوچەی دیاریكراو لە كەركووك ئەوانیش؛ ناوچەی تەلبەندكراوی ناحیەی لەیلان و ھۆڵە گەورەكانی گوندی تۆپزاوە و فەیلەقی كەركووك بوون كە خەڵكی گوندە خاپووركراوەكان لەوێوە كۆدەكرانەوە و بۆ بیابانەكانی باشووری عێراق و لەوێ زیندەبەچاڵ دەكران و ھەندێك لە ھاووڵاتییە كوردەكانیش ھەر لەو سێ ناوچەیە زیندەبەچاڵ كراون و دانیشتووانی ئەو گوندانەیشی ئەنفالكران لەھەر ماڵێكی ناوشار ببینرایەن ئەوا خاوەنی ماڵەكانیش كە میوانداریان كردوون زیندانی دەكران.

شاڵاوی ئەنفال لە نیوەی دووەمی هەشتاكانی سەدەی رابردوو لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق بە هەشت قۆناغ دژبە گەلی كورد جێبەجێكرا كە تیایدا رژێمی پێشوو چەندین ھێرشی ئەنجامدا و جگە لە زیندە بەچاڵكردنی پیاوان و منداڵان و ژنان، لە هەندێك ناوچە چەكی كیمیاییشی دژبە گەلی كورد لە عێراق بەكارھێنا. دوای رووخانی رژێمی پێشوو، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی دەستیكرد بە بەدواداگەڕانی رووفاتەكان و تا ئێستا چەندین گۆڕی بە كۆمەڵی هەڵداوەتەوە و رووفاتەكانی گواستووەتەوە زێدی خۆیان.

ئەمڕۆ ٣٣ ساڵ بەسەر كارەساتی ئەنفالدا تێپەڕ دەبێت كە بە ھەشت قۆناغدا تێپەڕی و قۆناغی یەكەم لە ٢٣ی شوبات تا ١٨ی ئاداری ١٩٨٨ بۆسەر ناوچەكانی دۆڵی جافایەتی دەستی پێكرد، قۆناغی دووەم ٢٢ی ئادار تا یەكی نیسانی ١٩٨٨ بۆ سەر ناوچەكانی قەرەداغ، قۆناغی سێیەم لە حەفتی نیسان تا ٢٠ی نیسانی ١٩٨٨ بۆ سەر ناوچەكانی گەرمیان، قۆناغی چوارەم لە سێی ئایار تا ١٥ی ئایار بۆسەر ناوچە قەڵاسێوكە و دۆڵی زێی بچووك، قۆناغی پێنج و شەش و حەفت لە ١٥ی ئایار تا ٢٦ی ئاب بۆ سەر ناوچەكانی شەقڵاوە و رواندز و قۆناغی ھەشتەم وكۆتایی لە ٢٦ی ئاب تا شەشی ئەیلوولی ١٩٨٨بۆ سەر ناوچەی بادینان و سەرجەم ئەم قۆناغانەش دوای رووخاندنی ھەموو گوندەكانی كوردستان لە بەرواری شەشی ئەیلوولی ١٩٨٨ بە فەرمیی كۆتایی پێھات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن