ھەرێمی كوردستان؛ ژمارەی عومرەكاران لە ٢٦ ھەزار كەس بۆ ٢٠٠ كەس دابەزیووە

چاوپێکەوتن

04/05/2021     ژمارەی بینراو 502

نەبەز ئیسماعیل

راچڵەكین-

بەھۆی بەرزبوونەوەی تێچووی عومرە، دۆخی تەندروستی، كۆرۆناو دۆخی ئابووری ھەرێمی كوردستان وایانكردووە ژمارەی عومرەكاران بگاتە نزمترین ئاست. لە كاتێكدا ساڵانی پێشووتر زیاتر لە ٢٦ ھەزار كەس عومرەیان دەكرد، ئەمساڵ تەنها ٢٠٠ كەس عو‌مرەیان ئەنجامداوە.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوە دەكات، سعوودیە چەند رێنماییەكی تایبەت بە ئەنجامدانی گەشتی عومرە دەركردووە و ئەوەش دەخاتەڕوو كە تا ئێستا هیچ بڕیار و رێنماییەك بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج نییە.

نەبەز ئیسماعیل سەبارەت بە رێنماییەكانی سعوودیە بۆ عومرەكاران وتی: ''دوای ئەوەی كە ئاگاداركراینەوە لەلایەن دەستەی باڵای حەجی عێراقی كە ماوەی ساڵێك بوو گەشتەكانی عومرە بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە راوەستابوون، بەپێی رێنمایی و مەرجی سعوودیە گەشتەكان كرانەوە و یەكەمین گەشتیش لە ٢١ی ئاداری ئەمساڵ بوو لە پارێزگای سلێمانی و گەشتی دواتر لە دھۆك و سێیەمین گەشتیش لە ھەولێر بوو. بەپێی مەرجەكانی سعوودیە، دەبێت تەمەنی عومرەكار لەنێوان ١٨ بۆ ٥٠ ساڵ بێت و مەرجە عومرەكار ڤاكسینی وەرگرتبێت و رێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ بكات، بۆ نموونە پێشتر چوار عومرەكان لە ژوورێك دەمانەوە، ئێستا دەبێت دوو عومرەكار بمێننەوە، پاسی ٥٠ نەفەری تەنها ٢٥ نەفەر ھەڵدەگرێت، ئەنجامدانی عومرە لە رێگای ئەپڵیكەیشنی تایبەتەوە دەبێت، ئەم ئەپڵەكەیشنە رێگا دەدات كە عومرەكار داخلی حەرەم بێت و یەكجار عومرە ئەنجام بدات واتا وەك پێشووتر نییە عومرەكار چەند عومرەیەك ئەنجام بدات''.

نەبەز ئیسماعیل وتیشی: ''ئەوەی ئەركە لەسەر عومرەكار ئەوەیە كە ئەگەر كەسێك تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بێت، سەرجەم كاروانەكە لەسەر ئەركی خۆیان كەرەنتین دەكرێن كە ئەمەش بەڕاستی ئەركێكی قورسە لەسەر عومرەكارانی ئێمە، بەڵام ئەوەی گرنگە دەستپێكردنەوەی گەشتەكانە، چونكە داخوازییەكی زۆر ھەبوو بۆ گەشتكردن، بەڵام دوای دەرچوونی رێنماییەكان، ساردبوونەوەیەك لەلایەن ھاووڵاتییانەوە ھەبوو بەجۆرێك تا ئێستا كەمتر لە ٢٠٠ كەس لە ٢١ی ئادار تا ئێستا سەفەری كردووە لە كاتێكدا ساڵانی پێشووتر، واتا پێش بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا، تا ئەم كاتە ٢٦ ھەزار كەس سەردانی سعوودیەی دەكرد بە مەبەستی ئەنجامدانی عومرە''.

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان لەبارەی چۆنیەتی وەرگرتنی ڤاكسین و نۆرەگرتنی ئەو كەسانەی بەنیازی گەشتكردنن گوتی: ''بە سوپاسەوە وەزارەتی تەندروستی ھاوكارە و كۆمپانیاكان زانیاری پێشوەختە دەدەن بەو كەسانەی كە دەیانەوێت گەشتی عومرە ئەنجام بدەن و ئەمەش كارئاسانی بۆ هاووڵاتییان دەكات''.

نەبەز ئیسماعیل ئاماژەی بە مانەوەی عومرەكاران كرد لە سعوودیە و گوتی: ''لە پێشووتردا ماوەی مانەوەی عومرەكار ١٠ رۆژ بوو، لەئێستادا ١٣ رۆژە، چونكە سێ رۆژی یەكەم كەرەنتین دەكرێن، دوای ئەوەی كە پشكنینی كۆرۆنای بۆ دەكرێت ئینجا دەتوانێت داخلی مەدینەی پیرۆزبێت و نوێژەكان ئەنجام بدات بە رێنمایی تەندروستی و رەچاوكردنی دووری نێوانیان و بەكارهێنانی ماسك''.

بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان بەهۆی بارودۆخی تەندروستییەوە تێچووی گەشتی عومرە دوو بەرامبەر زیادیكردووە و ئەمەش كاریگەری لەسەر دۆخی هاووڵاتییان دروستكردووە و لەمبارەیەوە وتی: ''ھەرچەندە ئێمە نرخ دیاریی ناكەین بەڵكو چاودێری رێكارەكان دەكەین، بەڵام وەك ئەوەی بسیتوومانە، سێ رۆژەكە لەسەر ئەركی ئەو پارەیە كە عومرەكار دەیداتە كۆمپانیاكە، بەڵام ئەگەر عومرەكار تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، ئەوا تێچووی كەرەنتینكردن لەسەر ئەركی خۆیەتی، هەر بۆیەش پێشووتر بەهۆی كێبڕكێی كۆمپانیاكان، تێچووی عومرەكار دابەزیبوو لەنێوان ٦٥٠ دۆلار تا ٨٥٠ دۆلار بەپێی ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پێشكەشی دەكرا، بەڵام ئێستا بەھۆی رێكارەكانی تەندروستی كە سعوودیە پێشكەشی دەكات، تێچووی عەمرەكار بووەتە ھەزار و ٣٥٠ دۆلارە''.

نەبەز ئیسماعیل لەبارەی ئەنجامدانی فەریزەی حەج بۆ ئەمساڵ وتی: ''فەریزەی حەج جیاوازە، ساڵی پار پڕۆسەی حەج بەڕێوەنەچوو، لە ١٩ی ١٢ی ٢٠١٩دا، چوار هەزار و ٣٥٠ ناو بەتیروپشك هەڵبژێردران و ئامادەبوون بۆ ئەوەی ساڵی ٢٠٢٠ سەفەر بكەن، بەڵام بەھۆی دۆخی تەندروستی و بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەتوانرا سەفەر بكەن و ئەمساڵ ئەگەر سەفەری حەج ھەبێت ئەوانەی ناویان لە ساڵی ٢٠١٩ دەرچووە دەتوانن ئەمساڵ گەشتی حەج بكەن، بەڵام تا ئێستا سعوودیە ھیچ بڕیار و رێنماییەكی تایبەتی بە پڕۆسەی حەج دەرنەكردووە، چونكە ئێستا كاتەكە كۆتایی ھاتووە، هاوكات رێكارەكانی مامەڵەكردن زۆر كاتی دەوێت''.

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان، نەبەز ئیسماعیل وتیشی: ''ئەوەی لای ئێمە ھەیە، بەپێی مەرجەكان نابێت ھیچ كەسێك لەتەنیشت یەكتر دابنیشێت لەھیچ شوێنێك، بۆیە رێكارەكان ئەوەندە وردن، نازانین داھاتووی بڕیارەكان چۆن دەبێت، بەڵام ئێمە ھەموو مامەڵەكانمان ئامادەن و ئەگەرچی رەنگە ئەو ناوانەی كە لە ٢٠١٩ دەرچوون ھەندێكیان لەئێستادا نەتوانن سەفەری حەج بكەن و ھەندێك گیانیان لەدەستدا بێت و كەسی دیكەی یەدەگ لە شوێنیان دابندرێت، بەڵام تا ئێستاش ھیچ بڕیار و رێنماییەك نییە تا نزیكبوونەوە لە جەژن چاوەڕوان دەكەین بزانین دوا بڕیار چی دەبێت''.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن