هۆكاره‌كانی توشبوونی پیاوان به‌ نەزۆکی

تەندروستی

10/05/2021     ژمارەی بینراو 1703

هۆكاره‌كانی توشبوونی پیاوان به‌ نەزۆکی

ڕاچڵه‌كین- 

نه‌زۆكی واتا کێشەی منداڵ نەبوون لە خێزانێکدا  کە بە هۆکاری پیاوەکەیە و ژنەکەی هیچ کێشەیەکی نییە و نەزۆکیش بە مانای ئەوەیە کە  ژن ومێرد بە بێ مەنع کردن بۆ ماوەی ساڵێک منداڵیان نابێت، دكتۆر ئه‌حمه‌د  پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڵان له‌م بابه‌ته‌دا هۆكاره‌كانی نه‌زۆكی پیاوانی خستۆته‌ ڕوو.

هۆکارەکانی نەزۆکی پیاوان:
بە شەوەیەکی گشتی ئەکرێت بە ٣ بەشەوە

یەکەم: هۆکاری تەندروستی (یاخود پزیشکی)
1- دەوالی گوون: واتا هەڵئاوسانی خوێنهێنەرەکانی گوون (وەریدەکان) کە یەکێکە لە هۆکارە باوەکان و ئەبێتە هۆی لاوازی و سستی تۆوەکان (سپێرمەکان).
2- هەوکردن (التهاب): هەوکردنی گوون یان بوربوخ، التیهاباتی جنسی، ئەیدز کە ئەبنە هۆی قەپات بوونی ڕاڕەوی دەرجوونی تۆو یان تێکدانی خانەکانی گوون.
3- کێشەی تۆوفڕێدان (قژف) : گەڕانەوەی تۆو بۆ ناو میزەڵدان لە جیاتی ئەوەی بۆ دەرەوە دەرچێت بە هۆی نەخۆشی شەکرە، بەرکاەوتەکان و نەشتەرگەری بڕبڕەی پشت، بەکارهێنانی هەندێ دەرمان و نەشتەرگەری میزەڵان و پرۆستات و بۆری میز.
4- شێرپەنجە
5- گوونی دانەبەزیوی زگماکی
6- تێکچوونی بالانسی هۆرمۆنەکان کە ئەبێتە هۆی نزمبوونی ڕێژەی هۆرمۆنی نێرینە (تێستۆستیرۆن)
7- کێشە لە بۆریەکانی گواستنەوەی تۆوەکان : قەپاتبوونی بۆریەکان
8- کێشەی کرۆمۆسۆمەکان: هەندێ نەخۆشی زگماکی کرۆمۆسۆم وەک کلاینفێلتەر سیندرەم Klinefelter Syndrome  کە لە جیاتی XY کەسەکە ٣ کرۆمۆسۆمی هەیە XXY
9-کێشەی جیماع: زوو خاوبوونەوەی زەکەر یان زوو ئاوهاتنەوە
10- دەرمان: بەکارهێنانی جێگرەوەکانی تێستۆستیرۆن یان ستیرۆیدی درووستکەر (ئانابۆلیک ستیرۆید) یان عیلاجی کیمیاوی بۆ شێرپەنجە یان دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی جومگە ئەبنە هۆی کەمی درووست بوونی تۆو لەگەڵ سست بوونی تۆو.
11- نەشتەرگەری کۆن وەک بڕینی بۆری تۆو یان نەشتەرگەری گوون یان نەشتەرگەری پرۆستات یان میزەڵان یان ریخۆڵە گەورە.

دووم: هۆکاری دەرەکی
1- مەوادی کیمیاوی پیشەسازی
2- بەرکەوتن لەگەل قوڕقوشم
3- تیشک کە بە شێوەیەکی زیاد بەرکەوتنی هەبێت.
4- بەرزبوونی پلەی گەرمی گوونەکان: بەکارهێنانی حەمامی بوخار و حەمامی گەرم بە شێوەیەکی زۆر، لەبەرکردنی پانتۆڵی تەسک، زۆر دانانی لاپتۆپ لەسەر کۆش.

سێەم: شێوازی ژیان و لایف ستایل
1- یاریزانی لەش جوانی کە ڕێژەیەکی زۆر دەرمانی انابۆلیک ستیرۆید بەکار ئەهێنن و چەندین جار دووبارەی ئەکەنەوە.
2- مادە بێهۆشکەرەکان (مخدرات)
3- ئەلکهول:  زۆر خواردنەوەی ئەلکهول ئەبێتە هۆی نزم بوونی ڕێژەی تێستۆستیرۆن و کێشەی رەق بوونی زەکەر
4- جگەرەکێشان
5- کێشی زیادی لەش.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن