زانیاری لەسەر ئەو گەنجینەیەی لەسرێشمە دۆزرایەوە دەخرێتەڕوو

کوردستان

10/06/2021     ژمارەی بینراو 716

راچڵەكین-

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەو گەنجینەیەی لە گوندی سرێشمە-ی سەر بەخەلیفان دۆزراوەتەوە، سێ كیلۆبووەو رادەستی لایەنی پەیوەندی داركراوە.

عەلی حەمەساڵح لەهەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە:" ڕۆژی ٢٠٢١/٦/٧ شۆفێرێكی حەفارە بەناوی عەبدولباست(پیاوێكی ھەژارەو بەكرێ شۆفێری حەفارەیە) لە زەوی كەسێك لە گوندی سرێشمە كار دەكات  بەناوی مام سابیر ( دۆخی دارایی باشە)، لە كاتی كاركردندا حەفارەكە گەنجینەیەك دەدۆزێتەوە."

دەشڵێت:" بەپێی قسەی كەسوكاری و ئەوانەی لێیەوە نزیكن، نزیكەی سێ كیلۆ بوە، لە چاڵێكدا ھەڵگیراوەو ھەر چواردەوری چاڵەكە بەرد بوەو بەردێكی گەورەش بەسەریدا دراوە.. واتە: ئەو دوو فەردە ڕاست نیە، چونكە مێژوی دراوەكە سەدان ساڵەو دوو گونیە نامێنێتەوە بەو شێوە."

ئەو ئەندام پەرلەمانە دەڵێت:"سەرەتا شۆفێری حەفارەكە ٤٥ لە گەنجینەكەی بردوەو دواتر گەڕاندویەتیەوە. "

عەلی حەمەساڵح، لەدرێژەی گێڕانەوەكەیدا دەڵێت:"مام سابیر، كە خاوەنی زەویەكە تەلەفونی بۆ لایەنی پەیوەندیدار كردوە.. تاوەكو دوێنێش گەنجینەكە لە سرێشمە بوەو لە دوێنێوە براوەتە بۆ سۆران.. ئێستاش تیمێك سەرقاڵی پشكنینی دیكەن."
"ئەوەی ھەیە مێژوی ئەم گەنجینەیە كۆنە، ڕەنگە بۆ سەردەمی میرنشینی داسنێ یان پێش 
میرنشینی سۆران بگەڕێتەوە، پێشتریش ھاوشێوەی ئەم خەزێنە لەو ناوچەدا دۆزراوەتەوە."

 ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:"ئەم گەنجینەیە بەھایەكی مێژویی گەورەی ھەیە، دەبێت تیمێكی پسپۆڕ لێكۆڵینەوەی زانستی لێبكات و پاشان وەك كەنزێكی مێژووی گرنگ بخرێتە مۆزەخانەی نیشتیمانی."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن