سوپای توركیا قەدەغەی هاتووچۆی لە گوندێكی پارێزگای دهۆك راگەیاند

کوردستان

11/06/2021     ژمارەی بینراو 436

راچڵەكین –

سوپای توركیا بڕیاریدا هاتووچۆی شەوانە لە گوندێكی ناحیەی كانی ماسێ لە پارێزگای دهۆك قەدەغە بكات.

ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی بڵاویكردووەتەوە، دوێنێ سوپای توركیا بەخەڵكی گوندی هرورێی سەر بە ناحیەی كانی ماسێ لەپارێزگای دهۆك ئاگاداركردووەتەوە كە نابێت بەشەو بێنە دەرەوە، بۆ ئەوەی ئۆپراسیۆنێكی زەمینی لەو گوندە ئەنجام بدات.

ماڵپەڕەكە لەسەرزاری هاووڵاتییەكی دانیشتووی ئەو گوندە ئاشكرایكردووە، دوێنێ شەو تا بەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە گوندی هرور قەدەغەی هاتووچۆ بۆ هاووڵاتیانی ئەو گوندە هەبووە، تا سوپای توركیا بە پیادە لەو گوندە هاتووچۆ بكەن و ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئەنجام بدەن.

نزیكەی 50 رۆژە سوپای توركیا لەسنووری پارێزگای دهۆك، ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی دەستپێكردووەو فڕۆكەو تۆپخانەكانیشی بە بەردەوامی گوندو ناوچەكانی سەر بە ناحیەی كانی ماسێ بۆردومان دەكەن، بەتایبەتیش لە گوندەكانی هرور، قومری و كێستە، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر لە گوندەكانی ئەو ناوچەیە چۆڵكراون و دانیشتوانەكانی روویان لە ناوچە ئارامەكان كردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن