كچێكی سلێمانی بۆ پێنجەمین جار لەسەر یەك دەبێتە پاڵەوانی خولی پاسكیلسواریی عێراق

وەرزش

18/08/2021     ژمارەی بینراو 334

راچڵەكین-

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی و بە بەشداری زیاتر لە ١٦ یانەی ناوخۆیی عێراقی كە لە زۆربەی شارەكانی هەرێم و ناوەڕاست و خوارووی عێراق ئامادەبوون، پاڵەوانێتی پاسكیلسواریی ٣٥ كم بۆ كچان، بەرێوەچوو.

پاڵەوانێتیەكە لەسەر رێگای سەرەكی دووكانیان لە ناحیەی سیتەك بەڕێوەچوو كە تیایدا رێوشوێنی پێویست گیرابوویە بەر و تیایدا وەرزشكارە كچەكان بە دوو خولی هاتن و چوونی ٣٥ كم-ی پێشبركێكەیان ئەنجام دا.

لە پاڵەوانێتیەكەدا، یانەی نەورۆز هەریەك لە پلەكانی یەكەم و دووەەم و سێیەمی بۆخۆی مسۆگەر كرد، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو.

سۆز دڵشاد ماوەی ١١ ساڵە یاریزانی پاسكیلسوارییە و بۆ پێنجەمین جار لەسەر یەك بووەتە پاڵەوانی خولی عێراق بۆ پاسكیلسواریی، ئەمڕۆش پلەی یەكەمی بەدەست هێنا و رایگەیاند: ''ئەمڕۆ یەكەم قۆناغی پاڵەوانێتی پاسكیلسواری بۆ ساڵی ٢٠٢١دەستی پێ كرد كە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، ئەمڕۆ یەكەم قۆناغی ئەمساڵە، توانیم دووبارە وەك ساڵەكانی تر پلەی یەكەمی بەدەستبهێنمەوە، زۆر سوپای یانەكەم و راهێنەرەكەم كاك سیروان دەكەم كە پاڵپشتێكی گەورەی ئێمەن.''

سیروان سامی، راهێنەری یانەی وەرزشی نەورۆز، ئاماژە بەوە دەكات كە ئەمە یەكەمین قۆناغی خولی پاڵەوانێتیی پاسكیلسواریی عیراقەو وتی: ''ماوەی دوومانگە سەرقاڵی مەشق و راهێنان بووین بە وەرزشوانەكانمان، پلەی یەكەممان هێنا لە هەردوو بواریی تاكەكەسی و وەك یانەش''.

ئەو راهێنەرە ئاماژە بەوە دەكات كە ١٦ یانە بەشداربوون لە پاڵەوانێتیەكەدا بۆ برینی ٣٥ كم بە پاسكیل كە بۆ دووجار هاتن و چوون توانییان ئەو رێڕەوە ببڕن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن