دەستەی دەستپاكی: 600 كەیسی گەندەڵی بۆ لێكۆڵینەوە لەبەردەستە و 100 كەیسیان لە دادگان

چاوپێکەوتن

26/08/2021     ژمارەی بینراو 409

راچڵەكین-

گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی لە هەرێمی كوردستان ئەو دوو دەستەواژەیەی لەنیو هاووڵاتییاندا زۆرترین جار دووبارە دەكرێتەوە و باس دەكرێت، بەڵام كەمترین كەس بەو تۆمەتانە لە دادگاكانی هەرێمی كوردستاندا، یاسا سزای داون.

بە رووكەش لە زۆر بواردا گەندەڵی دەبینرێت و باس دەكرێت، بەڵام بۆ دەستكەوتنی بەڵگە لەسەر ئەو بابەتانە ئەو لایەنانەش كە كاری لەسەر دەكەن دەستبەستراو و گیرۆدەن.

دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان كە بەپێی پێناسە فەرمییەكەی خۆیان، دەستەیەكی سەربەخۆیە و ئەركی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان لە ئەستۆ دەگرێت و لەژێر چاودێری پەرلەماندا كاردەكات و بەپێی یاسای ژمارە سێی ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە، بەڵام هێشتا لە رێگای ئەم دامەزراوە فەرمییەشەوە هەرچەندە بە گوتەی هاووڵاتییان لای بەرپرسان گەندەڵی و بەهەدەردانی گەورە هەیە، هیچ بەرپرسێكی باڵای هەرێمی كوردستان سزای یاسایی نەدراوە.

دادوەر ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، دەربارەی كار و چالاكییەكانی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیان و ئەو كەیسانەی هاتووەتە بەردەستیان و یەكلایان كردووەتەوە رایگەیاند :"لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، بە هەردوو جۆری داوای سزایی و هەواڵدەری زیاتر لە ٦٠٠ كەیسمان لەبەر دەستدایە، نزیكەی ٥٠ كەیس ئەمساڵ بۆ دادگاكان نێردراوە، بەڵام یەكلاكردنەوەی كەیسەكان لە دادگاكان كەمبوون و چوار بۆ پێنج كەیسێك تا ئێستا یەكلاكراوەتەوە، بەكۆی گشتیش ئێستا زیاتر لە ١٠٠ كەیس لە دادگاكانە، یان لە قۆناغی دادگاییكردنە یان لە چاوەڕوانی ئەوەدایە رێچكەی خۆی بگرێت بۆ دادگاییكردن".

ئەحمەد ئەنوەر وتیشی: "گرفتی ئێمە ئەوەیە كە دادگاكانی كوردستان بەتایبەت ئەو دادگایانەی كەیسەكانی گەندەڵی و كەیسەكانی دیكەشی تێدا دەبینرێت لۆدێكی زۆریان لەسەرە بۆیە زۆرجار كەیسەكانی ئێمەش دوادەكەوێت، راستە هەندێك جار لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەرییەوە ئاراستەكردن هەبووە كە گرنگی تایبەت بە كەیسەكانی گەندەڵی بدرێت، بەڵام ئەمە لە واقیعی حاڵەكە ناگۆڕێت، كاتێك دادگایەك چەند ١٠٠ كەیسێكی بكەوێتە لاو بەشێكیشیان كەیسەكانی گەندەڵییە ئەو دۆخە دروست دەبێت و كاریگەری دەبێت لەسەر یەكلاكردنەوەی كەیسەكانی گەندەڵی".

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، دەربارەی ئەوەی لەو چەند كەیسەی ئەمساڵ یەكلابوونەتەوە، كێن ئەوانەی سزا دراون رایگەیاند: "لە قۆناغی یەكەمی دادگاییكردندا سزا دراون، بەڵام هێشتا پلەی كۆتایی وەرنەگرتووە بۆیە ناتوانین جارێ رایانبگەیەنین كە كێن، چونكە هەموو بڕیارێكی دادگا وایە لەدوای دەرچوونی بڕیاری یەكەم هەم كەسی سزادراو هەم دەستەی دەستپاكی مافی تانەلێدانی هەیە، بۆیە هەمیشە ئەم جۆرە زانیارییانە دەكەونە راپۆتی كۆتایی ساڵەوە و لە كۆتایی ساڵ هەر كەسێك لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت سزادرابێت رایدەگەیەنین و ناوەكانیشیان ئاشكرا دەكەین".

دادوەر ئەحمەد ئەنوەر راشیگەیاند: "ئێمە ئێستا لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەریی لە گفتوگۆداین دەربارەی ئەو بڕیارەی سەرەتای ئەمساڵ دایان بۆ تەرخانكردنی دادگایەكی تایبەت بە كەیسەكانی گەندەڵی، ئەگەر ئەو بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێكردن، پرۆسەی داداگاییكردن خێراتر دەبێت كە خۆشی ئامانج لە دامەزراندنی ئەو دادگایە هەر ئەوەیە".

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان دەربارەی ئەوەی لەو 600 كەیسەی لەبەردەستیانە و كاری لەسەر دەكەن كەیسەكان لەسەر كێن، بەرپرسی باڵای تێدایە یان هەموویان هاووڵاتی ئاسایین رایگەیاند: "بەدڵنیایییەوە بەرپرسیشی تێدایە، كەیس كاتێك تۆماردەكرێت كە سكاڵا هەبێت، زۆر جار سكاڵادێت لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان یان لەلایەن دەزگا فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتەكان و ئەنجوومەنی وەزیران، هەندێك جاریش ئێمە خۆمان زانیارییەكان لە میدیا وەردەگرین، بەپێی یاسای دەستپاكی تاوانەكانی گەندەڵی لای ئێمە بەرتیل وەرگرتن و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و بەهەدەردانی سامانی گشتیی و دزی و بردنی ماڵی گشتییە، لەنێو سكاڵا لەسەر كراوەكانیشدا بەرپرسی كارگێڕی جۆراوجۆری تێدایە لە بەڕێوەبەری گشتی و سەروو بەڕێوەبەری گشتی و وەزیری كابینەكانی رابردوو و بریكاری وەزیر و زۆرینەی پلەكانی دیكەیان تێدایە، بەڵام هەموو ئەمانە لەژێر قۆناغی لێكۆڵینەوەدان كاتێك دەبێتە داوای سزایی كە واژووی دادوەرەكانی لێكۆڵینەوەی دەكەوێتە سەر".

وتیشی: "كە كەیسەكانیش چوونە دادگا مامەڵەكردن پێیانەوە لە دەستی ئێمەدا نامێنت و دەچێتە لای دادوەرەكان، گواستنەوە و بەردەوامیدان و داخستنی لەبەر كەمی بەڵگە لە دەسەڵاتی ئەواندا دەبێت، لەم جۆرە كەیسەش ئێستا نزیكەی ١٢٠ كەیسی ئەمساڵ گواستراونەتەوە بۆ دادگاكان و دەسەڵاتی مامەڵەكردن پێیانەوە لای دادوەرەكانە بەشێك لە كەیسەكانی ساڵی رابردووش هێشتا لە دادگاكان ماون، چونكە زۆرجار وایە كە ئەو جۆرە كەیسانە لێكۆڵینەوە تێیاندا زیاتر لە ساڵێكی پێدەچێت بۆ كۆكردنەوەی بەڵگە و سەلماندن و ئەو رێكارانەی كە هەیانە".

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، دەربارەی ئەوەی سكاڵا هەیە كە كاری لەسەر بكەن و لەشوێنی دیكە راوەستێندرێت رایگەیاند: "راوەستان بەڵێ بەدڵنیایییەوە هەیە، سكاڵا هەیە بۆ نموونە پێویستی بە بەڵگەی زیاترە یان بەڵگە لەبەردەست نین بۆ نموونە من زۆر جار باس لەمە دەكەم، ئێمە لەسەر كەرتی سامانە سروشتییەكان كاتی خۆشی و ئێستاش زۆر سكاڵامان بۆ هاتووە، بەڵام بەوهۆیەی كۆی پرۆسەی كۆكردنەوەی داهات و هێنانەوەی لەو كەرتەدا لە چوارچێوەی دامەزراوە رەسمییەكان نییە كاتێك كە دیوانی چاودێری دارایی نەتوانێت بچێت وردبینی بكات ئێمەش ناتوانین لێكۆڵینەوەكانمان لەو كەیسانە بچێتە پێش، چونكە لە هەموو لێكۆڵینەوەكانماندا پشت بە دیوانی چاودێری دارایی دەبەستین بۆ ئەوەی لە ووردبینی لە كەیسەكاندا هاوكارمان بن، زۆر بابەت هەیە كە وەك قەناعەتی كەسیی خۆت دڵنیایت كە گەندەڵییە، بەڵام كاتێك بەڵگەی پێویستت نەبێت كۆی بكەیتەوە و بیدەیت بە دادوەر كە دادوەر لە سەرەتا و كۆتاییدا لەسەر بەڵگە حكوم دەدات، لەبەر ئەوە كەیسەكە رێرەوی خۆی ناگرێت، ئێمە وەك خۆمان سكاڵا لەسەر هەر كەس و لایەنێك بێت كاری خۆمانی لەسەر دەكەین ئینجا لەشوێنی دیكە رادەوەستێت و لەشوینی دیكە ناڕوات بەڕێوە، ئەوەیان نازانم".

ئەحمەد ئەنوەر دەربارەی ئەوەی توانا و دەسەڵاتیان بەسەر هەموو جومگەكانی هەرێمی كوردستان لە هاووڵاتی تاوەكو بەرپرسە باڵاكان دەشكێتەوە و دەتوانن دەست بۆ هەموو كەیسێك بەرن، گوتی:" "لەڕووی یاساییەوە بەڵێ، بەڵام لەڕووی پراكتیكییەوە رەنگە وەك پێویست نەبین، لەبەر ئەوەی توانا مرۆییەكانمان و توانا لۆجستیكییەكانمان وەك پێویست نین، لەڕووی یاساییەوە هیچ كەسێك هاوێر نەكراوە لەبەرامبەر دەستەی دەستپاكی، بەڵام توانا مرۆیی و داراییەكان زۆر سنووردارترن، گرفتمان هەیە لەڕووی توانای ماددی زۆر كەم توانای مرۆیی و هونەریی زۆر كەم، كەمی تواناكانمان بە بەراورد بە قەبارەی زۆری گەندەڵی وایكردووە ساڵ بە ساڵ بابەتەكان كەڵەكەبن و زیادبوونێكی زۆریش لە ژمارەی كەیسەكان بەدیناكرێت، چونكە ئەو ستافەی كە هەیە كە لە دەورووبەری ١٨ لێكۆڵەرێكین توانایەكی سنوورداریان هەیە رەنگە ساڵێكی دیكەش ئامار وەربگرنەوە ئەو ٦٠٠ كەیسە ئەوپەڕی بوبێت بە ٦٥٠، چونكە هەر ئەوەندە پێرادەگەن".

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان دەربارەی ئەوەی جگه لە سنوورداری توانا مرۆییەكان رێگری دەرەكیی هەیە لە كارەكانیان رایگەیاند "بەدڵنیایییەوە رێگری هەیە، خۆی بۆ خۆی كەتۆ توانای كاركردنت نەبوو وەك پێویست ئەوە خۆی بۆخۆی رێگرییەكی گەورەیە كە وەك پێویست زانیاری وردت پێ نەگەیشت ئەوەش هەر رێگرییە، بۆ نموونە ئێمە چەندین جار لەگەڵ هەردوو دەزگای ئاسایش لە هەولێر و سلێمانی قسەمان كردووە كە بەشی ئابوورییان هەیە، بەڵام تاوەكو ئێستا یەك كەیسی گەندەڵی یان یەك زانیاری لای ئەوانەوە نەهاتووەتە بەردەستی ئێمە، دەزگای هەواڵگری لەباتی یەكێك دوو دەزگامان هەیە مەگەر لە سنوورێكی زۆر كەم نەبێت، هیچ هاوكارییەكیان نییە بۆمان بۆ نموونە لە كەیسێكدا بڵین فەرموو ئەمە كەیسێك كە بە بەڵگەوە هەموو شتێكی تێدایە، رێگرییەكانی دیكەش كاتێك كە جیهازێكی كارگێڕی گەورەت هەیە و دۆخێكی بیرۆكراتیەت هەیە و دۆخی سەروەری یاسا لەجێی خۆی نەبێت و وەك پێویست نەبێت دەبێتە رێگرییەكانی گەورە".

لە وەڵامی ئەوەی كامانەن دیارترین ئەو كەیسانەی دەستتان بە زانیاری ناگات تێیدا، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی رایگەیاند "بۆ نموونە لە كەیسی سامانە سروشتییەكاندا زۆر جار ئێمە داوای زانیاری دەكەین لە دیوانی چاودێری دارایی زانیارییەكە لای ئەوانیش نییە بۆیە بەئێمەش ناگات. لە كەیسی قاچاخچێتی سەرسنوورەكان دەبوو دەزگا فەرمییەكان زانیارییان بدایە بە ئێمە، بەڵام پێمان نەگەیشتووە، خۆ ئێمە هێزی تایبەتمان نییە بچین لە دەروازە سنوورییەكان دانیشین بزانین چی دەگوزەرێت، لەڕووی یاساییەوە یاسای كارپێكردنی دەستەكەی ئێمە زۆر باش و پێشكەوتووە، بەڵام بۆ كۆمەڵگایەك كە یاسا تیایدا سەروەرە، بەهێزی دەستەی دەستپاكی لە بەهێزی سەروەری یاساوە سەرچاوە دەگرێت، كاتێك گەندەڵییەك دەكرێت دەبێت هێزی پۆلیس و ئاسایش سەرچاوەی زانیاری و هاوكاربن بۆ ئێمە و كۆی پرۆسەی دادوەریی، لاوازی سەروەری یاسا و لاوازی دامەزراوە فەرمییەكان كێشەیەكی زۆریشی بۆ ئێمە دروست كردووە".

لە وەڵامی ئەوەی لە مێژووی دروستبوونی دەستەكەیانەوە تا ئێستا هیچ بەرپرسێكی گەورە لەلایەن ئەوانەوە كەیسێكی لەسەر جوڵێندراوە و سزادرابێت، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان گوتی: "لە كەیسەكاندا رەنگە بەرپرسی باڵای تێدابووبێت، بەڵام ئیدانە نەكراوە، بۆ نموونە بریكاری وەزیری تێدابووە دادگایی كراوە و ئیدانە نەكراوە، بەڵام ئەوانەی سزادرابێتن تا ئێستا راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی تێدابووە و لەسەروو ئەو دوو پلەیەی تێدا نەبووە".

گوتیشی: "هەركەسێك سكاڵای لەسەربێت ئێمە دەیدەینە دادوەری لێكۆڵینەوە و ئەویش خۆی و قەناعەتی خۆی بە كەیسەكە كاری لەسەر دەكات كە گواترایەوە بۆ دادگا لە دەسەڵاتی ئێمەدا نامێنێت ئێمە ئەوەندەمان لە دەسەڵاتە كەیسەكان وەربگرین و بیدەینە دادگا و بڕیار لای ئەوان دەدرێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت".

دەربارەی ئەوەی چ لایەنێك زۆر هاوكاریانە و كێش رێگرییانە، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، دادوەر ئەحمەد ئەنوەر رایگەیاند "هیچ لایەنێك ناڵێت من رێگرتانم لە سەرەتای دروستبوونی ئەم دەستەیە ناوێكی نامۆبوو لە فەرمانگەكانی دەوڵەتدا و زۆر هاوكاری نەدەكراین، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە و باشترە، بەڵام هێشتا ئەو هاوكارییە نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغەی هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەت زانیارییەكانیان بخەنە خزمەتی ئەم دامەزراوەیەوە لە پێناوی ئەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان كەمبێتەوە، ئەو هاوكارییەی ئێمە و هاووڵاتی پێویستمان پێیەتی و دەمانەوێت تواناكان هەمووی بخرێتە بەردەست هێشتا ئەوە لە كوردستان لەبەردەست نییە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن