قوربانیانی كۆرۆنا لە توركیا ئاستێكی پێوانەیی تۆمار دەكات

جیهان

08/09/2021     ژمارەی بینراو 219

راچڵەكین –

لە توركیا ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا بەردەوام روو لە هەڵكشان دەكات و لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، نزیكەی 24 هەزار تووشبووی نوێ تۆماركراوەو ژمارەی گیانلەدەستدانیش گەیشتە ئاستێكی پێوانەیی.

وەزارەتی تەندروستی توركیا بڵاویكردەوە، لە ماوەی 24 كاتژمێردا لەكۆی 308 هەزار و 437 پشكنینی كۆرۆنا كە بۆ هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە ئەنجامدراوە، ئەنجامی 23 هەزار و 914 پشكنین پۆزەتیڤ بووە.

ئاشكراشیكردووە، هەر لەو ماوەیەدا 262 كەس بەهۆی كاریگەریی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە، كە بەراورد بە رۆژانی رابردوو ئاستێكی پێوانەیی بووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی توركیا، كۆی گشتیی تووشبووانی كۆڕۆنا لەو وڵاتە بۆ شەش ملیۆن و 566 هەزار و 568 حاڵەت بەرزبووەتەوە، ژمارەی گیانلەدەستدانیش گەیشتووەتە 58 هەزار و 913 كەس، بەمەش توركیا لەریزبەندی حەوتەمی وڵاتانی جیهان دێت لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان بەهۆی پەتای كۆرۆنا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن