ئیتاڵیا پێنج گۆڵی كردو ئەڵمانیاو ئیسپانیاش بردیانەوە

وەرزش

08/09/2021     ژمارەی بینراو 642

راچڵەكین –

لەچوارچێوەی یارییەكانی گەڕی شەشەم لە پاڵاوتنەكانی كیشوەری ئەوروپا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2022ی قەتەر، ئەمشەو هەرسێ هەڵبژاردەی ئیتاڵیاو ئەڵمانیاو ئیسپانیا براوە بوون و پێگەی خۆیان لە لوتكەی ریزبەندی كۆمەڵەكانیان قایمتر كرد.

ئەمشەو لە یارییەكی بەهێزدا، هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیاو كۆسۆڤۆ لە كۆمەڵەی دووەم بەیەكگەیشتن، هەڵبژاردەی ماتادۆر بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر، كە هەردوو یاریزان پابلۆ فۆرنالیس و فیران تۆریس لە خولەكەكانی 32 و 90 تۆماریان كرد، ئەنجامی یارییەكەیان لە بەرژەوەندی خۆیان كۆتایی پێهێناو بە بەدەستهێنانی 13 خاڵ، لە لوتكەی كۆمەڵەكەی دێت.

لەلایەكی دیكەوە، هەڵبژاردەی ئیتاڵیا میوانداری هەڵبژاردەی لیتوانیای كردو توانی یارییەكە بە ئەنجامێكی گەورە (5 - 0) بباتەوە، گوڵەكان لە خولەكانی 11، 14، 24، 29 و 54 تۆماركران، بەم ئەنجامەش هەڵبژاردەی ئەزۆری بە كۆكردنەوەی 14 خاڵ، لوتكەی ریزبەندی كۆمەڵەی سێیەمی مسۆگەر كرد.

لە یارییەكی دیكەدا، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بووە میوانی هەڵبژاردەی ئایسلەندا، یاریزانانی مانشافت هەرزوو كۆنترۆڵی یاریگایان كردو لەخولەكی چوارەمدا توانییان گۆڵی یەكەم تۆماربكەن، دوای ئەو گۆڵەش هێرشەكانیان بەردەوام بوو، تا لە خولەكی 24 گۆڵی دووەمیان كردو لەخولەكەكانی 56 و 89 دوو گۆڵی دیكەیان لە تۆڕی هەڵبژاردەی خانەخوێ تۆماركردو بەو ئەنجامە كۆتاییان بە یارییەكە هێنا.

ئەڵمانیا لەئێستادا بە كۆكردنەوەی 15 خاڵ، لەریزبەندی یەكەمی كۆمەڵەی دەیەم دێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن