مەلالە یوسفزای هۆشداری دەدات

جیهان

10/09/2021     ژمارەی بینراو 258

راچڵەکین-AA

مەلالە یوسفزای، کە کچێکی پاکستانییە و بەھۆی داکۆکی کردنی لە خوێندنی کچان خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستھێناوە، ھۆشداری دەدات لەوەی کە ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەکەوێتە خۆ ئەوا ژمارەیەکی زۆر لە کچانی ئەفغانستان ھەمان چارەنووسی ئەویان دەبێت.

یوسفزای، بانگەوازێکی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد مافەکانی ژنان و کچانی ئەفغانستان بپارێزێت.

وتیشی: "من بۆ ئەوەی ھەموو کچان بچنە بەر خوێندن دەنگم بەرزکردەوە. لە بەرامبەردا رۆژێک پیاوێکی چەکدار پاسی قوتابخانەکەمی وەستاند و بانگی منی کرد دواتر گوللەیەکی نا بەسەرمەوە. ئەگەر نەکەوینەخۆ ئەوا زۆرێک لە کچانی ئەفغانستان ھەمان چارەنووسی منیان دەبێت".

ئەو کچە پاکستانییە، بەھۆی داکۆکی کردنی لە خوێندنی کچان لە نۆی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢دا لە شارۆچکەی سوات-ی سەر بە ویلایەتی خەیبەر پەختونخڤا-ی پاکستان، لە کاتی چوونیدا بۆ قوتابخانە لەلایەن چەکدارانی تاڵیبان-ەوە ھێرش کرایە سەر پاسی قوتابخانەکەی و چەکدارێک چووە ناو پاسەکە و بانگی مەلالای کرد دواتر سێ گوللـەی پێوەنا کە یەکێک لە گوللـەکان بەر سەری کەوت.

 مەلالە شەش رۆژ دوای پەلامارەکە بۆ چارەسەر برایە بەڕیتانیا و تا ئاداری ٢٠١٣ لە نەخۆشخانەی شاژنە ئەلیزابێس لە شاری بێرمینگھام چارەسەری بۆ کرا، دواتریش لەگەڵ خێزانەکەیدا لە بێرمینگھام نیشتەجێبوون و دووبارە لەوێ دەستی بە خوێندن کردەوە.

مەلالە یوسفزای، لە ساڵی ٢٠١٤ و لە کاتێکدا تەمەنی ١٧ ساڵان بوو توانی وەک گەنجترین کەس خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستبھێنێت و بەو پارەیەشی کە وەک خەڵات وەریگرت، رێکخراوێکی خێرخوازی دامەزراند کە لە چەندین وڵاتی گەشەسێندا ھاوکاری چوونە بەر خوێندنی کچان دەکات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن