ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچوون بۆ داوا یاساییەكانی دادگای فیدراڵی دەكات

کوردستان

13/10/2021     ژمارەی بینراو 196

راچڵەكین –

لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا، راپۆرتێك سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی داهاتەكان خرایەڕوو، چەند وەزیرێكیش ڕاسپێردران بۆ سەرپەرشتی و بەداواداچوونی ئەو داوا یاساییانەی كە لە دادگای باڵای فیدراڵی پەیوەندیدارن بە هەرێمی كوردستانەوە.

ئەمڕۆ 13-10-2021، مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی میدیاو زانیاری، سەرۆك وەزیران، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، بە بۆنەی كۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و گشت لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن كرد و سوپاسی پێشمەرگە و پۆلیس وهێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی بە گشتی كرد كە ئەركی خۆیان سەركەوتووانە بەجێگەیاند لە ڕەخساندنی زەمینەیەكی ئارام بۆ پرۆسەی دەنگدان.

سەرۆك وەزیران، جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە نوێنەرانی كوردستان، لێرە بەدواوە، لە پەرلەمانی عێراق، بەیەكەوە یەكگرتووانە و بەهەماهەنگیی و یەكڕیزی، كاربكەن لە پێناو داكۆكیكردن لە شایستە ومافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان، دوور لە ململانێی ناوخۆیی، دووپاتیشی كردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەیە بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك لە گەڵ نوێنەرانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە هەموو جیاوازیی وڕەنگەكانەوە، بۆ درێژەدان بە كاركردن و هەماهەنگیكردن لە گەڵ حكومەتی فیدراڵی، بە ئامانجی دابینكردنی ماف وشایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

مەسرور بارزانی، هەروەها ستایشی خۆڕاگری خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كرد و پیرۆزبایی دەرچوونی نوێنەرانی كوردی لەو ناوچانەدا كرد و ئاماژەی بەوەدا كە ئەنجامی هەڵبژاردن لە ناوچە دابڕێنراوەكان، دووپاتكردنەوەی ناسنامەی كوردستانیبوونی ئەو ناوچانەیە، جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە، نوێنەرانی كوردستان لە ڕێی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور، كاربكەن بۆ ئەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە.

پاشان كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكان، ڕاپۆرتێكی پێشكەش كرد كە تایبەت بوو بە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینكردنی نەوتی سپی و بەنزین، بە هەماهەنگی وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵی.

لە بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكە، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون عەبدولحەكیم خەسرەو، ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی چاكسازی و ڕێكخستنەوەی داهاتەكان لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو، كە چەندین ڕاسپاردەی تێدابوو بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، لە پێناو  بەكارهێنانەوەی بۆ خزمەتی گشتی وپڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە.

لە كۆتایی كۆبوونەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی هەر یەك لە فەرسەت ئەحمەد وەزیری داد، ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان ، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و  ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بۆ سەرپەرشتی و بەداواداچوونی ئەو داوا یاساییانەی كە لە دادگای باڵای فیدرالی پەیوەندیدارن بە هەرێمی كوردستان و ئاگاداركردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەكانی بەردەم ئەو داوایانە، بە ئاراستەی زامنكردنی ماف وشایستەكانی هەرێمی كوردستان و داكۆكیكردن بە باشترین شێواز لە ماف ودەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێم، لە ڕێگای تیمی قانونی شارەزا، لە ژێر ڕێنمایی وسەرپەرشتی ئەنجومەنی وەزیران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن